ئەمریكا: دەبێ عێراق سەروەری خۆی لە هێزە بە وەكالەتەكان بپارێزێت

ليست هناك تعليقات


لە ماوەی رابردوودا، ئەمریكا بە چەند هەنگاوێك ژمارەیەك سەربازی لە بنكە سەربازییەكانی عێراق كەمكردەوە، بەڵام پێناچێت وا زوو دەستبەرداری پەیوەندییەكانی بێت لەگەڵ بەغدا. بەرپرسێکی ئەمریکیش بەبێ ئەوەی ناوی ئێران بهێنێت دەڵێت، بەغدا دەبێت لەنێوان واشنتن و ئەو وڵاتەی سەروەرییەکەی پێشێل دەکات یەکیان هەڵبژێرێت

دەیڤید شینكەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەكاتی بەشداریكردنی لە ڤیدیۆكۆنفرانسێك لەگەڵ پەیمانگەی واشنتن بۆ لە كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاماژە بەوە دەكات، واشنتن دەیەوێت هاوكاری حكومەتە نوێیەكەی كازمی بكات بۆ دەربازبوون لە پەتای كۆڤید 19 و دەرەنجامە ئابوورییەكانی، بەتایبەتیش كەمبوونەوەی نرخی نەوت.

دەیڤید شنیكەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێ "لە عێراق، خوازیارین لەگەڵ كازمی، سەرۆكوەزیرانی نوێ كاربكەین. دەستبەكاربوونی كازمی هەنگاوێكی گرنگە بۆ عێراق بە ئارەستەی دەربازبوون لە كۆڤید-١٩ و كەمبوونەوەی نرخی نەوت. ئەو ئەركێكی زۆری لەسەر شانە، بەڵام ئێمە دڵنیاین كە ئەو دەتوانێ بەرژەوەندییەكانی عێراق و خەڵكەكەی بخاتە ریزی پێشەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە سیاسی، ئابووری و ئەمنیەكانی عێراق."

هاوكات هەفتەی داهاتوو گفتوگۆ ستراتیژییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا دەستپێدەكەن بۆ بڕیاردان لەسەر پەیوەندییەكانی داهاتووی نێوانیان. لەو بارەشەوە، ئەو بەرپرسە ئەمریكییە دەڵێت، بژاردەیەكی قورس دەخەنە بەردەستی سەركردە عێراقییەكان كە ئەویش بریتیە لە رێگەنەدان بە وڵاتانی دیكە لە دەستوەردان لە كاروباری نێوخۆی عێراق و لەجیاتی ئەوە، هەڵبژاردنی ئەمریكا وەك هاوپەیمانێكی ئەمنی، سیاسی و ئابووری.

دەیڤید شنیكەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەو ڤیدیۆكۆنفرانسەدا كە رۆژی 4ی ئەو مانگە بەڕێوەچوو گوتی "دەبێ عێراقییەكان بڕیاربدەن كە چ جۆرە پەیوەندییەكیان دەوێت لەگەڵ ئەمریكا. ئێمە دەمانەوێ وەكو هاوبەشێك بین بۆ عێراق، نەك تەنیا لە لایەنی ئەمنییەوە، بەڵكو لە لایەنی سیاسی و ئابووریشەوە. بەڵام بۆ بەدیهاتنی ئەو هاوبەشییە، پێویستە عێراق سەرەوەری خۆی بپارێزێت، بەتایبەتی لە بەرامبەر ئەو هێزە دەرەكی و ئەو هێزە بە وەكالەتانەی كە بەردەوام هەڕەشە لە سەلامەتی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان و دیپلۆماتكارەكان دەكەن."

لە دوای 2003ـەوە، قۆناخێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتن و بەغدا دەستیپێكرد و ئەمریكا هەمیشە بایەخێكی زیاتری بە عێراق داوە لە چاو وڵاتانی دیكەی ناوچەكە، بەڵام هەندێجار دەستوەردانەكانی ئێران لە كاروباری نێوخۆی عێراق، كێشەی بۆ ئەو پەیوەندیانە.

هێزەکانی ئەمریکا کە لە ساڵی 2014 و لەکاتی شەڕی داعشدا گەڕانەوە عێراق، ئێستا لەلایەن بەشێك لە لایەنە سیاسییە شیعەکانەوە داوایان لێدەکرێت لە عێراق بچنەدەرەوە.

دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس و ئەبوو مەهدی موهەندیس، فەرماندی کەتائیب حیزبوڵڵای عێراق لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە دەروازەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بە‌غدا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی شیعە پرۆژە بڕیارێکی بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پەسەندکرد.

هەرچەندە داواکارییەکان بۆ چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە عێراق لەلایەن شیعەکانەوە پێداگریی لێدەکرێت بەڵام چاودێرانی سیاسی بەدووری دەزانن ئەمریکا عێراق جێبهێلێت و گۆڕەپانەکە بۆ ئێرانییەکان چۆڵ بکات.

ناوەندی (RAND) کە ناوەندێكی توێژینەوەی ئەمریکییە و زیاتر لە 72 ساڵە ئەزموونی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی هەیە، لە راپۆرتێکدا باسی ئەگەرە جیاوازەکانی بەردەم ئەمریکا لە عێراق و ئەنجامیان لەسەر سیاسەتی واشنتن دەکات و دەڵێت، ئەمریکا لە عێراق چەند بەرژەوەندییەکی هەن، ئەوانیش بەرەنگاربوونەوەی ئێران، بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

راند دەڵێت، بۆ پاراستنی هەرسێ بەرژەوەندییەکان، ئەمریکا پێویستی بە هێشتنەوەی هێزەکانییەتی لە عێراق و بەپێچەوانەوە، زیانی بەردەکەوێت.

بە گوێرەی راند ئەگەر کشانەوەی ئەمریکا کشانەوەیەکی سنووردار بێت، ئەوا لە بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە ناوچەکە زیانێكی مامناوەندی بەردەکەوێت. بەڵام لە ئەگەری کشانەوەی تەواوەتی، زیانەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی ئێران زۆر دەبن.

ئەمریکا پێنج هەزار و 200 سەربازی لە عێراق هەیە و پێش چۆڵکردنی بنکە سەربازییەکانی کەی وەن، قائیم و تاجی، هەشت بنکەی سەربازیی بە دەستەوەبوو.

بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق:

بنکەی سەربازیی بەسمایە 
بنکەی سەربازیی قائیم - رادەستکراوەتەوە بە هێزە عێراقییەکان
بنکەی سەربازیی گەیارە 
بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد 
بنکەی سەربازیی تاجی - رادەستکراوەتەوە بە هێزە عێراقییەکان
بنکەی سەربازیی هەولێر 
بنکەی سەربازیی K1 - رادەستکراوەتەوە بە هێزە عێراقییەکان
بنکەی سەربازیی هەریر 

دەتوانی ئەم بابەتە پەیوەندیدارانەش بخوێنیتەوە


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif