كریس كۆچێرا: توركیا ڕێگربوو لەوەی مام جەلال‌و سەددام حسەین ڕێكەوتن مۆر بكەن

ليست هناك تعليقات


هەرچەندە هۆكاریتر بۆ پەشیمان بوونەوەی سەددام حسەین لە ڕێكەوتنی ساڵی 1983ی نێوان یەكێتی نیشتیمانی‌و حكومەتی عێراقی دێنێتەوە، بەڵام " كریس كۆچێرا"ی ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی، لەزاری جەلال تاڵەبانییەوە باسیدەكات كە توركیا بووەتە هۆكاری ئەوەی كە سەددام حسەین ڕێكەوتنەكەی لەگەڵ مام جەلالدا مۆر نەكات

لە سەرەتای ساڵی 1983 دەستەیەك لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی جەلال تاڵەبانی‌و بەیاوەری فەرەیدون عەبدولقادرو عومەر عەبدوڵا دەچنە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ سەددام حسەین‌و بە ئامادەبوونی تاریق عەزیزو عێزەت دووری دەكەونە گفتوگۆ.

ئەحمەد بامەڕنی، كە ئەو دەمە نوێنەری یەكێتی بووە لە پاریس، بە كریس كۆچێرای وتووە كە نوێنەرانی یەكێتی نیشتیمانی لە گفتوگۆیاندا لەگەڵ سەددام جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەی 11ی ئازاریان گەرەك بووە‌و بەتایبەت داوای دوورخستنەوەی سیاسەتی بەعەرەبكردنیان كردووە لەناوچە كورد نشینەكاندا.

كریس كۆچێكرا لە كتێبی " بزوتنەوەی نەتەوەیی كوردو ویستی سەربەخۆیی"دا كە "حەسەن رەستگار" كردوویەتی بەكوردی، باسلەوە دەكات كە نوێنەرانی یەكێتی داوای دیموكراتیزەكردنی ژیانی سیاسی‌و هەڵبژاردنی ئازادو ئازادی سەندیكاكان‌و كردنەوەی زانكۆی سلێمانییان كردووەو لە ڕووی ئەمن‌و ئاسایشیشەوە ئەوان پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە كە پۆلیس‌و دام‌و دەزگای ئەمنی لەژێر دەسەڵاتی ئۆرگانەكانی خودموختاریدا بێت

سەبارەت بە گفتوگۆی یەكێتی‌و حكومەتی عێراق، مام جەلال بە " كریس كۆچێرا"ی وتووە كە لە میانی گفتوگۆیاندا لەگەڵ عێراق، هەموو مەسەلەكان چارەكراون، جگە لە بابەتی جاش‌و سنوورەكان، مام جەلال وتوویەتی:" عێزەت دوری بەمنی گوت، من ناتوانم سەبارەت بە سنوورەكانی كوردستان بڕیار بدەم، شەخسی سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی بڕیاردانی هەیە".

تاڵەبانی زۆرتر دەربارەی گفتوگۆی نێوان یەكێتی نیشتیمانی‌و حكومەتی عێراق دواوەو وتوویەتی:" سێ شەممەی ڕۆژێك لە مانگی سێپتەمبەر یان ئۆكتۆبەر چوومە بەغداد، سەرلەنوێ لەگەڵ عێزەت دوری‌و عەلی حەسەن مەجید چاوپێكەوتنم كردەوەو دواتر سەددام زۆر بە سۆزو ڕێزەوە پێشوازی لێكردم، ئەو منی ماچكردو وتی هەموو شتێك چارە كراوە جگە لە سنورەكان، ئێوە چیتان دەوێت؟ وتم دەبێ سەر لەنوێ شێخان‌و ئاكرێ بخرێتەوە سەر بادینان‌و سەبارەت بە كەركووك سنووری پێوویست دەبێت لە تەپۆڵكەكانی بەرامبەری دووزخورماتوو كە لە 80 كیلۆمەتری كەركووك هەڵكەوتوون لەسەر ڕێگای سەرەكی بۆ لای بەغدا تێپەڕێ، سەددام وتی كەكووك دەبێ بە هاوبەشی بەڕێوە بچێت".

"من بەو مەرجە قبوڵم كرد كە كۆتایی بە بەعەرەبكردنی ئەو ناوچەیە بهێنرێت، كوردەكان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان‌و عەرەبەكانیش بۆ ناوچەی خۆیان، سەبارەت بە سەنجارو خانەقین‌و مەندەلیش سەددام حسەین وتی، ئەو مەسەلانە لە چوارچێوەی پەیماننامەی 11ی ئازاردا جێبەجێدەكەین" مام جەلال وای بە " كریس كۆچێرا"ی ڕۆژنامەنووس‌و مێژوونووسی فەرەنسی وتووە.
كۆچێرا لەزاری تاڵەبانییەوە دەگێڕێتەوە كە گفتوگۆی نێوان یەكێتی‌و حكومەتی عێراقی بەسەرۆكایەتی جەلال تاڵەبانی‌و سەددام حسەین گەشتووەتە ڕێكەوتنی كۆتایی‌و سەددام بە تاڵەبانی وتووە" ئامادەی ڕۆژی پێنج شەممە مۆری بكەین"، وەك مام جەلال وتوویەتی، ئەو ڕۆژە سێ شەمە بووە كە سەددام وتوویەتی با پێنج شەممە مۆری بكەین، ئەویش لەتەك نیشاندانی ڕەزامەندیدا بە سەددامی وتووە با مۆركردنەكە بخەینە ڕۆژی شەممە، واتە دوو ڕۆژ دواتر لەو وادەیەی سەددام دیاری كردووە، تاڵەبانی مەبەستی بووە كە دەبێت چاوەڕوانی چەند كەس لە ئەندامانی یەكێتی بێت تا ئەوانیش ئامادەی مۆركردنی ڕێكەتنەكە بن.
" سەددام قبوڵی كردو فەرمانی پێوویستی بە وەزیری ڕاگەیاندن دا هەتا تەلەفیزیۆن‌و ڕادیۆ ئاگادار بكا، لە حاڵێكدا كە دەستی یەكترمان دەگوشی، سەددام وتی: ئامادەبە چاوەڕوانی تۆم" كریس كۆچێرا لە كتێبی " بزوتنەوەی نەتەوەیی كوردو ویستی سەربەخۆیی"دا وای نوسیوە.
كریس كۆچێرا، ڕۆژنامەنووسە فەرەنسییەكە لەزاری تاڵەبانییە ڕووداوەكانی ئەو ڕۆژە دەگێڕێتەوە كە بڕیاربووە ڕێكەوتنەكەی تێدا مۆر بكرێت‌و دەڵێت:" بەیانی ڕۆژی شەممە جەلال تاڵەبانی دەچێتەوە نوسینگەی عێزەت دووری لە كۆشكی كۆماری، دووری بە خۆشحاڵییەوە وتی مۆری دەكەین، عێزەت دووری سەرێكی لە نوسینگەكەی سەرۆككۆمار دا، دوای سیی خوولەك گەڕایەوەو بەشێوەیەكی پڕ لە خەم‌و پەژارە وتی، ئێمە لە گوماندا دەژین، هەندێك بابەت هەن كە دەبێت سەرلەنوێ پێداچوونەوەی لەسەر بكرێت".
وەكو بۆ ڕژنامەنووسە فەرنسییەكە باسكردووە، تاڵەبانی بە عێزەت دووری وتووە، ئێمە پێشتر سەبارەت بەهەموو ئەوانە وتووێژمان كردووە، كریس كۆچێرا لەزاری تاڵەبانییەوە نووسیوویەتی:" لە عێزەت دوری توڕەبووم‌و لێمپرسی، ئەوە تاوانی توركەكانە " لەو ڕۆژانەدا لیژنەیەك لە توركەكان لە بەغداد بوون" ئەرێ توركەكان بۆ ئەوە هاتبوون ئەوەی لە ماوەی ساڵێكدا دروستمان كردووە تێكی بڕوخێنن؟ عێزەت دوری لەوەڵامدا وتی: بەڵێ‌ توركەكان‌و ئەمەریكای شەیتان"، ڕاستییەكانم لە ئەمەریكییەكان پرسی وتیان عێراقییەكان درۆ دەكەن، ئێمە هەمیشە پشتیوانیمان لە ڕێگاچارەیەكی پێوویست كردووە".
گفتوگۆی نزیك بە ساڵێكی نێوان یەكێتی نیشتیمانی‌و حكومەتی عێراقی بۆ ڕێكەوتن بەو جۆرە كۆتایی دێت‌و دوای چەند ڕۆژ جەلال تاڵەبانی‌و وەفدی یەكێتی دەگەڕێنەوە بۆ شاخەكانی كوردستان.

سەرباری ئەمە كریس كۆچێرا باسی لە چەند هۆكارێكتر كردووە بۆ پەشیمان بوونەوەی سەددام لە مۆركردنی ڕێكەوتنەكەو دەڵێت:" سەددام لەوە ئاگادار بووە كە تاڵەبانی بە هەڵووێستێكی لاوازەوە بۆ وتووێژ هاتووە، لیبیا بەسەرۆكایەتی سەرهەنگ قەزافی لە سێپتەمبەری 1983وە بڕیاری دابوو كە یارمەتی یەكێتی نەكات‌و بەمەش یەكێتی تووشی قەیرانێكی توندی ماڵی هاتبوو، پاش دەستپێكردنی وتوێژەكانیش سوریا هەموو جۆرە یارمەتییەكی بۆ یەكێتی ڕاگرتبوو، لە لایەكی دیكەشەوە یەكێتی لە سێ بەرەدا لە شەڕدا بوو، لە دژی ئەرتەشی عێراق خەریكی شەڕ بوو، لەگەڵ پارتی دیموكراتی مەسعود بارزانی لەشەڕدا بوو، لەگەڵ حیزبی سۆسیالست‌و حیزبی شیوعی كەتبووە شەڕەوە، ئەمە جگە لەوەی پەیوەندی نێوان یەكێتی‌و ئێران بەرەو خراپی‌و ناخۆشی دەچوو".


سالار محمود
ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی
وەرگیراوە لە دیبلۆماتیك مەگەزینەوە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif