وتەبێژی حكومەتی عێراق: لەگەڵ هەرێم دەگەینە ڕێككەوتن

ليست هناك تعليقات


ئەحمەد مەلا تەلال دوای ئەوەی وەکو گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستنیشانکرا، لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ هەمیشە سیستەمی دوو مووچەیی ناهێڵن؛ سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاند "بە دڵنیاییەوە چارەسەر دەکرێن".

سەبارەت بە سەردانی شاندەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، لەوانە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەحمەد مەلا تەلال ئەوەی خستەڕوو کە بەو سەردانانە دڵخۆشن و کارێکی ئاساییە.

گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی نزیک بە 20 رۆژدا، سێ بۆ چوار شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە و "ئەمەش بەو مانا دێت کە گفتوگۆ بەردەوامە، لەبەر ئەوەی گفتوگۆش بەردەوامە هیچ کێشەیەک نامێنێت و بەدڵنیاییەوە هەردوولا دەگەنە چارەسەری هەموو کێشە هەڵواسراوەکان".

رۆژی سێشەممە شاندێک بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ مستەفا کازمی کۆبوونەوە و "بەچڕی گفتوگۆ لەسەر بژاردەکانی هەردوولا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر کراوە".

ئەحمەد مەلا تەلال کە رۆژی سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2020 وەکو گوتەبێژی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستنیشانکرا، باسی لەوە کرد کە ئەوان لیژنەیان پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە بە لیستی فەرمانبەران و بۆیاندەرکەوتووە کە گومان هەیە بە تەنیا لە وەزارەتی پەروەردە 18 هەزار کەس دوو مووچە وەربگرن، کە پێنج هەزاریان یەکلایی بوونەتەوە و مووچەکانیان دەبڕێت.

گوتەبێژەکەی کازمی پرسیاری سەبارەت بە هەبوونی 200 هەزار مووچەخۆری بندیوار لە هەرێمی کوردستان لێکرا، لە وەڵامدا ئاماژەی بەوە کرد، فەرمانبەری بندیوار بە تەنیا پەیوەندیدار نییە بە ناوچەیەکی دیاریکراوی وڵات، بۆ نموونە وەزارەتی پەروەردە ئەو ژمارە زۆرەی دوو مووچەی تێدایە.

ئەو گوتی "لە ماوەیەکی گونجاودا کاری لیژنەکان تەواودەبێت و بۆ هەمیشە سیستەمی دوو مووچە نامێنێت".

هێرشە سەربازییەکانی تورکیا و ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو وڵاتە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێکبوو لە پرسەکانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە و ئەحمەد تەلال گوتی، وەزیری دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیای کردووە و "یاداشتنامەیەکی تووندی ئاراستە کردووە"، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق سوود لە هێزی نەرم وەردەگرێت بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ تورکیا.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif