حکومەتی ئەمریکا بڕیاریدا بەرێژەی 25% باج بەسەر پێداویستی جوانکاری و جانتا و کاڵا گرانبەهاکانی فەرەنسا بسەپێنێت. هەنگاوەکەی ئیدارەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە فەرەنسا لە ساڵی رابردووەوە سەرکردایەتی پلانێک لە یەکێتی ئەوروپا دەکات بۆ سەپاندنی باجی زیاتر بەسەر کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی ئەمریکا وەک فەیسبووک، گووگڵ، مایکرۆسۆفت و ئەمازۆن.
بەرزکردنەوەی باج لەسەر کاڵای فەرەنسی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئەو کاڵایانە لە ناوخۆی ئەمریکا. ئیدارەی ترەمپ ماوەی 180 رۆژی داناوە و بڕیاریداوە دوای ئەو ماوەیە بڕیارەکە جێبەجێ بکەن. دانانی ئەو ماوە زۆرە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، دەرفەت دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و فەرەنسا لە رێگەی دانوستاندنەوە.
بڕیارەکەی ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی باج لەسەر بڕی 1.3 ملیار دۆلار کاڵای فەرەنسی. بەڵام رۆبێرت لایتزەر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا دەڵێت، "هێشتا هیوایەکمان هەیە کێشەکان لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەربکرێن".
فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی پێیانوایە بەراورد بەو قازانجە زۆرانەی دەستیان دەکەوێت، کۆمپانیا تەکنەلۆژییە ئەمریکییەکان باجی کەمتر دەدەن.
رێکخراوی گەشەپێدان و هاوکارییە ئابوورییەکانی جیهان ناسراو بە (OECD) کە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا تێیدا ئەندامن، دانوستاندنەکانی نێوان ئەو دوولایەنە لەسەر کێشە بازرگانییەکانی نێوانیان بەڕێوەدەبات، بەڵام ستیڤن منوچن، وەزیری دارایی ئەمریکا مانگی رابردوو دانوستاندنەکانی ئەو رێکخراوەی هەڵپەسارد. بەپێی وەزیری دارایی ئەمریکا، دانوستاندنەکان زۆر خاو بەڕێوەدەچوون و هیچ ئەنجامیان نەبوو.
لە کاتێکدا کێشە بازرگانییەکانی نێوان ئەوروپا و ئەمریکا پەرە دەستێنن، گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەوروپا داوای لە ئەمریکا کردووە بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندنەکان. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا دوو هابەشی بازرگانی گرنگی یەکدین و ساڵانە بە بەهای 1.3 تریلیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوانیاندا هەیە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق