لە هەموو لایەكەوە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و داهاتووی هەرێمی كوردستان گەوتووەتە بەردەم مەترسیی، لەهەرلایەكیشەوە فشارێك دروست دەبێت سەری داوەكە دێتەوە بۆ باشووری كوردستان، ئەگەر ساڵانی پێشوو لەیەك لاوە كێشە هەبوو بێت ، ئەوا ئەمساڵ لەچەند لایەكەوە كێشەكان سەریان هەڵداوە، لەو هەموو كێشمەكێشەدا ئاخۆ هەرێمی كوردستان وەك خۆی دەمێنێتەوە یان هەنگاوەكان بەرەو چارەنووسێكی نادیارە؟
لە دوای 1991 ەوە تا ئێستا سوپای توركیا، لە ڕێگەی ئاسمانی زەمیینەوە ناوبەناو هێرش دەكاتە سەر باشووری كوردستان ، حكومەتی توركیا بەبیانووی پەلامای گەریلاكانی پارتی كرێكاران لێكی دەداتەوەو گوایە لەسنووری هەرێمی كوردستانەوە هێرشیان دەكرێتە سەرو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەوەی لە دەستی هاتووە پاراستنی سنوورەكانی خستۆتە ئەستۆی حكومەتی ناوەند و بەیاننامەی ناڕەزایەتی دەركردووە، هەرچی حكومەتی عێراقیشە تەنها بەیاننامەو میدیای بەكار هێناوەو بۆ دواجاریش لە نەتەوە یەكگرتوەكان سكاڵای تۆماركردووە.
پارتی كرێكارانی كوردستانیش پێیوایە ئامانجەكە زۆر لەوە گەورەترەو دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەناو ببەن و لەناو خاكی هەرێمی كوردستانیشدا خاوەنی هەرێمێكی دیكەن و وەك حكومەتێكی سەربەخۆ لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان كارەكانیان بەڕێوەدەبەن.
بەو پێیەی ئەو سنوورەی بارەگاكانی پارتی كرێكارانی لێیە دەكەوێتە ئەو شوێنانەی كە پارتی دیموكراتی كوردستانی تێدا دەستەباڵایە ، بۆیە بەریەككەوتنی زۆرتریان پێكەوە هەیە، لە نوێترین گۆڕانكاریشدا وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "شوێنی خەباتی پەكەكە ئەو شوێنەیە كە ھیچی لێ دەستنەكەوتووە، نەك ھەرێمی كوردستان كە ناوچەیەكی ئازادكراوە و خاوەن سەرۆكایەتی ھەرێم و حكومەت و پەرلەمانە".
وەك وتە بێژەكەی پارتی باسی دەكات، چەندین جار ئاگاداركراونەتەوە كە خەباتی خۆیان بۆ باكووری كوردستان بگوازنەوە، بەڵام پەكەكە ھێشتا لەنێو خاكی ھەرێمی كوردستاندا شەڕی توركیا دەكات، قسەی ھەرێمی كوردستان بۆ بەرپرسانی پەكەكە ئەوەیە، ئێرە ھەرێمی كوردستانە، 29 ساڵە ئازاد كراوە، خاوەن سەرۆكایەتی ھەرێم و حكومەت و پەرلەمانە، ئێرە بە داگیركراوی نەماوەتەوە تا ھەوڵی ئازادكردنی بدەن، بۆیە بەڕای پارتی، پێویستە پەكەكە خەباتی خۆی بگوازێتەوە باكووری كوردستان.
مەحموود محەمەد، بە كوردستان24ی ڕاگەیاندووە: "پێویستە پەكەكە و توركیا دۆخی ھەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرن، ھەروەھا پێویستە پەكەكە بزانێت لە كوێ و بۆچی خەبات دەكات، ئەوان باش دەزانن ئەوەی دەیانەوێت لێرە بە دەست نایەت، چونكە ئێرە ئازاد و رزگار كراوە و بەپێی دەستووری عێراق، ھەرێمێكە قەوارەیەكی سیاسی و ئیداری ناسراوە، شوێنێك پێویستە پەكەكە خەباتی لێبكات كە ھیچ لێ دەست نەكەوتووە".
بەھۆی بۆردوومانكردن و هێرشەكانی سوپای توركیاو دانانی چەند سەربازگەیەكی هەمیشەیی لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا، ئاوارەبوون و سوتانی بەری ڕەنجی جوتیارانی هەرێمی كوردستان و شەهیدبوونی چەندین كەسی لێكەوتووەتەوە خەڵكی ئەو ناوچانەی كە بەریەك كەوتنی تێدا دروست دەبێت گوندەكانیان جێھێشتووە.
لە بەرامبەر ئەمەشدا پەكەكە خۆی بە ھۆكاری ئەم دۆخە نازانێت و ئامادەنییە خەباتی خۆی بباتە باكووری كوردستان، لە ئێستاشدا ژمارەیەكی زۆر پێگەی سەربازیی و لە هەرێمی كوردستان هەن و لە كۆتایی هەفتەی پێشووش هێزی 1 پاسەوانی سنووری عێراق ، بە هەمانهەنگی هەر سێ لایەنی توركیا –عێراق و بە ئاگاداریی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لە سنوورەكاندا نیشتەجێكراون و بەرپرسی ئەو سوپایەش كە كوردێكی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستانە بەناوی دلێر زێباری ڕایگەیاندووە هەموو ئامادەكارییەكیان كردووە بۆ هەر ڕوو بەڕوو بوونەوەیەك.
بۆردومان و هێرشەكانی سوپای توركیا لە كاتێكدایە كە هێزەكانی ئێرانیش زیاتر لە 10 كیلۆمەتر بە بیانووی پاراستنی سنوورەكانی خۆیان هاتوونەتە خاكی هەرێمی كوردستان ، لە ڕووی سیاسیشەوە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا، دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندووە كە ئەو خۆشی لە كوردەكان نایەت و بە شێوەیەك باسی كوردی كردووە كە بۆنی دۆستایەتی لێوە نایەت و لە لایەكی دیكەشەوە حكومەتی بەغدادیش هەموو تواناكانی خۆی خستووەتە كار بۆ ئەوەی سەرجەم سنووەرەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە دەست و پاسەوانی سنووری ناوەندی بۆ بنێرێت.
گەرچی گۆڕانكارییەكان بە خێرایی ڕوو دەدەن و پێدەچێت جووڵەی وڵاتانی دەورووبەر بوو بێـتە هۆی جووڵەی حیزبەكانی هەرێمی كوردستانیش و هەستیان بەو مەترسییانە كردبێـت، بۆیە سەرەڕای پەتای كۆرۆنا پەیوەندیی و سەردانەكانیان چڕكردووەتەوە. ئەمانەش لە دۆخێكدا ڕوو دەدەن كە باری دارایی هەرێمی كوردستان زۆر خراپەو هەژاریی تەنگی بەزۆرێك لە خەڵكی كوردستان هەڵچنیوەو خواستێكیش لە ئارادایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی ناوەند بكرێت وەك هەر پارێزگایەكی دیكەی عێراق، لە هەمان كاتیشدا پرۆژەی لامەركەزیی پارێزگاكان لەچوارچێوەی هەرێمی كوردستانیش بەیەكێكی تر لەو دەروازانە دێتە ئەژمار كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو دۆخە دەرباز بكات و كۆتایی بەو ناوكۆكییانە بهێنێت كە لە نێوان هەولێر و بەغداد داهەیەو بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام دانوستانی دوو لایەنە هەبووە بەڵام تا ئێستاش نەگەشتوونەتە ئەنجامێكی دڵخۆشكەر.
پەیسەرپرێس
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق