ڕاپۆرتێكی ورد لەسەر كابینەی ٩ و ساڵێك لە تەمەنی

ليست هناك تعليقات

ساڵێك بەسەر تەمەنی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تێپەڕی، ساڵێكی پڕ لە هەوراز و نشێو بۆ كابینەیەك كە زۆرینەی چاوەكان لەسەری كراوەن و چاوەڕوانییەكی زۆری لەسەر هەڵچنرابوو، بەڵام لەو رۆژەی دامەزراوە تا ئەمڕۆ تەنها لە قەیراندا بووە و قەیران لەدوای قەیران بەرۆكی گرتووە.

كابینەی 9 چۆن پێكهات؟

لە بەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرەلەمانی كوردستان، وێڕای نارەزایی و بوونی رەخنەی سیاسی لەبارەی پاكژی پرۆسەكە تا ئاستی هەرەشەی سیاسی بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكان، بەڵام سەرەنجام كابینەی نۆیەمی حكومەت بە بەشداری 3 هێزی پێكهێنەری سەرەكی كە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان هاتە لەدایكبوون هەر بەپێی ئەو ریزبەندییەش بەركەوتەكانی حكومەت لەنێوانیاندا رێككەوتنی لەسەركراوە و پارتی بە پلەی یەك و بەدوایدا یەكێتی و لە پلەی سێیەمیشدا گۆڕان زۆرترین بەركەوت و بەرپرسیارێتییان هەیە.

نەخشەی ئەنجومەنی وەزیران

پارتی دیموكراتی كوردستان كە لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەتەكەیە تێیدا جگە لە پۆستی سەرۆك وەزیران زۆرترین وەزیری هەیە بەجۆرێك:-

مەسرور بارزانی - سەرۆكی حكومەت 
رێبەر ئەحمەد - وەزیری‌ ناوخۆ 
فەرسەت ئەحمەد – وەزیری داد
سامان بەرزنجی – وەزیری تەندروستی
كەمال محەمەد سالح - وەزیری كارەبا 
ئالان حەمە سەعید – وەزیری پەروەردە
ڤاڵا فەرید - وەزیری هەرێم 
پشتیوان سادق - وەزیری‌ ئەوقاف 
ساسان عەونی - وەزیری‌ شارەوانی‌
عەبدوڵا حاجی مەحمود كە برای سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە لەسەر پشكی پارتی وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانە.

دوای پارتی، یەكێتی نیشتمانی كوردستان زۆرترین پشك و بەركەوتی لە ئەنجومەنی وەزیران هەیە بە جۆرێك:-

قوباد تاڵەبانی – جێگری سەرۆكی حكومەت
د. دارا رەشید - وەزیری پلاندانان 
د. ئارام محەممەد - وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی 
حەمەی حەمەسەعید - وەزیری رۆشنبیری 
بێگەرد تاڵەبانی - وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو 
خالید شوانی - وەزیری هەرێم 

هێزی سێیەمی حكومەتیش كە بزوتنەوەی گۆڕانە 4 وەزیری لە ئەنجومەنی وەزیران هەیە بەجۆرێك:-

ئاوات شێخ جەناب - وەزیری دارایی و ئابوری 
دانا عەبدولكەریم - وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێ كردن 
كەمال موسلیم - وەزیری بازرگانی و پیشەسازی 
•كوێستان محەمەد - وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی 

بەدوای ئەوانیشدا كەمینەكان دوو وەزیریان هەیە لە ئەنجومەنی وەزیران كە پێكدێن لە 

•ئانۆ جەهوەر - وەزیری گواستنەوەو گەیاندن (كلدۆ ئاشوری)
•ئایدن مەعروف - وەزیری هەرێم (بەرەی توركمانی)

لەلایەكی دیكەشەوە جگە لە وەزارەتەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان 6 دەستەی هەیە كە سێ‌ بە سێ‌ سەرۆكایەتی دەستەكان لەنێوان پارتی و یەكێتیدا دابەشكراوە بە جۆرێك

ئومێد سەباح - سەرۆكی دیوانی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران (پارتی)
سەفین دزەیی - سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان (پارتی)

محەمەد شوكری - سەرۆكایەتی دەستەی وەبەرهێنان (پارتی)

نەسرەدین مەحمود - سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان (یەكێتی)
ئیسماعیل مەحمود - سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین (یەكێتی)
عوسمان ئیسماعیل - سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار (یەكێتی).

حكومەت لە گێژاوی قەیرانەكاندا:-

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لەدایكبوونیدا لەناو گێژاوێك لە قەیران خۆی بینییەوە، بەجۆرێك كە بەشێك لە قەیرانەكان كەڵەكەبووی نزیكەی 30 ساڵ حكومەتداری بوون، بەڵام هەنوكە دوو قەیرانی گەورە هەم حكومەتەكە و هەم هەرێمەكەشیان تەواو شەكەت كردووە.

یەك – قەیرانی تەندروستی:- 

كۆرۆنا ئێستا هێندەی ناوبێت بۆ نەخۆشییەك كە بەرۆكی تەواوی مرۆڤایەتی گرتووە، چەندین هێندە ناونیشانە بۆ قەیرانێكی زەبەلاح كە هەم ئابوری و هەم تەندروستی و هەمیش ژیانی كۆمەڵایەتی و تەنانەت پەیوەندی تاك و خێزانەكانی گرتووەتەوە، هەرێمی كوردستانیش بەدەر نەبوو لە نەخشەی كۆرۆنا كە چەند مانگێك دوای لەدایكبوونی كابینەی نۆیەمی حكومەت پەتاكە گەیشتە هەرێمی كوردستان و تا ساڵرۆژی یەكەمی تەمەنی حكومەتەكە

17.977 هاوڵاتی بەهۆی پەتاكە لە كەرەنتینەدان
8.726 حاڵەتی توشبوون بە پەتاكە تۆماركراون
5.360 كەس لە نەخۆشخانەكان خەوێندراون
294 كەس بە پەتاكە گیانیان لەدەستداوە.

ئەم ئامارە مەترسیدارانە تەنها لەسەر سێكتەری تەندروستی قەیرانیان دروستنەكردووە، بەڵكو تارماییان خستووەتە سەر تەواوی سێكتەرەكانی دیكەش بەشێوەی رێژەیی، بۆ نمونە كەرتی پەروەردەیان ئیفلیج كردووە، بازاڕ و بازرگانییان پوكاندووەتەوە، داهاتی ناوخۆین سفر كردووەتەوە و ژیانیان بەشێوەیەكی گشتی لە هەرێمەكەدا سست كردووە.

دوو: قەیرانی دارایی:-

ئەگەرچی قەیرانی دارایی وشەیەكی نوێ‌ نییە و لە 6 ساڵی رابردوودا بەتایبەت دوای بڕیاردانی ئابوری سەربەخۆ لەلایەن كابینەی پێشووی حكومەتەوە بەردەوام بەرۆكی مووچەخۆر و هاوڵاتیانی گرتووە، بەڵام لە ئێستادا قەیرانی دارایی بە ئەندازەیەك سەخت بووە كە حكومەتی هەرێم وێڕای بڕینی 21%ی مووچە، هێشتا بە 50 رۆژ جارێك نەیتوانیوە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و مووچەخۆران دابەش بكات، ئەوە جگە لە كەڵكەبوونی ملیارەها دۆلار قەرز لەسەر حكومەتەكە.

ئێستا هەرێمی كوردستان بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانەكەی، بەتەواوی كراوەتە هەرێمێكی مووچەخۆر كە بەپێی ژمارە فەرمییەكان ژمارەی مووچەخۆران بەمجۆرەیە:-

كۆی گشتی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان 1.255.323 (یەك ملیۆن و دووسەد و پەنجاو پێنج هەزار و 323) مووچەخۆرن

لەو ژمارەیە

كارمەندی مەدەنی = 430.231 (چوارسەد و سی هەزار و دووسەد و سی و یەك) مووچەخۆر

سەربازی = 217.979 (دووسەد و حەفدە هەزار و نۆسەد و حەفتا و نۆ) مووچەخۆر

پۆلیس و ئاسایش = 104.699 (سەد و چوار هەزار و شەشسەد و نەوەت و نۆ) مووچەخۆر

خانەنشین = 246.269 (دووسەد و چل و شەش هەزار و دووسەد و شەست و نۆ) مووچەخۆر
دەستەبەری كۆمەڵایەتی = 159.158 (سەد و پەنجا و نۆ هەزار و سەد و پەنجا و هەشت) مووچەخۆر

شەهیدان = 96.937 (نەوت و شەش هەزار و نۆسەد و سی و حەوت) مووچەخۆر.

ئەوەش لەكاتێكدا كە تەنانەت بەرپرسانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار كە خاوەنی سەرجەم كابینەكانی رابردووی حكومەتن لە هەرێمی كوردستان خۆیان دان بەوەدا دەنێن كە بەهۆی ململانێی حزبی و بۆ رازیكردنی خەڵك و كڕینی دەنگ و كۆكردنەوەی جەماوەر لە دەوری خۆیان بەشێوەیەكی هەرەمەكی لە ساڵانی رابردوودا خەڵكیان كردووەتە مووچەخۆر لەسەر حسابی حكومەت، لەكاتێكدا كە بەر لە تێكچوونی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداد، جگە لە داهاتی ناوخۆ ساڵانە چەردەیەك پارە هاتووەتە هەرێمی كوردستان بەڵام نەك وەبەرهێنانی لەسەر نەكراوە و پاشەكەوت نەكراوە تەنانەت نەتوانراوە بەبێ‌ بەغداد یەك ساڵ مووچەی پێبدرێت.

بەپێی داتا رەسمییەكان لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە ساڵانە ئەم بڕەپارانە لە بەغدادەوە رەوانەی هەرێمی كوردستان كراون:-

• ساڵی 2008 (7 تریلیۆن و 628 ملیار و 783 ملیۆن) دینار
• ساڵی 2009 (8 تریلیۆن و 857 ملیار و 263 ملیۆن)دینار
• ساڵی 2010 (11 تریلیۆن و 432 ملیار و 176 ملیۆن)دینار
• ساڵی 2011 (12 تریلیۆن و 386 ملیار )دینار
• ساڵی 2012 (13 تریلیۆن و 200 ملیار و 950 ملیۆن)دینار
• ساڵی 2013 (14 تریلیۆن و 406 ملیار و 735 ملیۆن)دینار
كە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان بوودجەی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی بەشێك لە وڵاتانی دەوروبەر زیاتر بووە، بەڵام ئەنجامەكەی ئەوەیە كە هەرێمەكە ئێٍستا لە دۆخێكدایە هیچ كەس خۆزگەی پێنەخوازێت.

چاكسازی، بەلەمی پەڕینەوە لە گێژاو

هەر لە گفتوگۆی سیاسی دروستكردنی كابینەكەوە تا هەنوكە باس لە چاكسازی و زەرورەتی چاكسازی دەكرێت تەنانەت چاكسازی بووەتە بەشێك لە كارنامەی پێكهێنانی كابینەكە.

لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا هاتووە:-


لە ئاستی چاكسازیدا:
یەكەم: كاردەكەین بۆ چاكسازی لە كەرتی وەزیفەی گشتی، لە موچەخۆر و خانەنشین و چارەسەركردن و رێكخستنەوەی دەوام و گرتنەبەری رێكاری یاسایی لە بەرامبەر هەر سەرپێچیەك كە لەم كەرتە كرابێت، ئەمەش لە ڕێگەی چەسپاندنی یاسا و دروستكردنی ئەنجومەنی ڕاژە و ئامادەكردنەوەی پرۆژە یاسای چاكسازی و ناردنەوەی بۆ پەرلەمان بە فۆرمێكی تازە و گونجاو.
دووەم: كار دەكەین بۆ نەهیشتنی ڕووتین و هەروەها خێراكردنی ڕاپەراندنی ئیش و كاری هاوڵاتیان و ڕێزگرتن لێیان لە دامودەزگا فەرمییەكاندا. بە كردەوە هەوڵ دەدەین بۆ بەخزمەتگوزاركردنی دامەزراوە حكومییەكان لە ئاست هاوڵاتیاندا. لە پەیوەندیی بەم بابەتەوە هەرچی زووترە پەرە بە خزمەتگوزارییە ئەلەكترۆنیەكان دەدەین.
سێیەم: نابێ بەرپرسانی باڵای حكومەت پێگەی كارگێریی خۆیان بۆ بازرگانی و دەوڵەمەندبوون بەكاربهێنن. بە پشت بەستن بە یاسا بەركارەكانی هەرێم، نابێ بەرپرسان كاری بازرگانی و بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنان بكەن و لێپرسینەوە لە هەر سەرپێچییەك لەم بوارەدا دەكەین.
چوارەم: ئەنجامدانی ئیفاد و سەفەر و بەستنی كۆنگرە و كۆنفراس، بە پێی پێویستی دەبێت و رێگە لە بە هەدەردانی سامان و خەراب بەكارهێنان و بەلاڕێدابردنێك لەم بوارانەدا دەگرین.
پێنجەم: بە هەموو توانامانەوە، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە گەندڵیەكی دارایی و كارگێڕی دەبینەوە و رێگردەبین لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و زێدەرۆیی بۆ سەر موڵك و مومتەلەكاتی هەرێم، ئەمەش لە رێگەی كاراكردن و پشتیوانی كردنی دامەزراوە فەرمی و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و داواكاری گشتی.
شەشەم: كاردەكەین بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەكانی هەرێمدا، بە تایبەت لە بواری داهاتە نەوتییەكانی هەرێم و داهاتە ناوخۆییەكان. بۆ ئەم مەبەستەی سەرەوە كاردەكەین بۆ دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان بە پێی یاسای پەیوەندیدار.

حەوتەم: بە پێی ستاندەرە جیهانییەكان، چاكسازی لە كەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆڕاك دەكەین و رێكاری یاسایی بۆ هەر سەر پێچیەك كە لەم لایەنە ژیاریەدا بكرێت دەگرینە بەر. بۆ ئەم مەبەستانەش دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی هەرێم سەر بە ئەنجومەنی وەزیران دادەمەزرێنین.

هەشتەم: چاكسازی لە سیستەمی باج دەكەین و دەبێ دادپەروەری لە وەرگرتنی باج جێگیر ببێت و هەموو رێكارێكی یاسایی و كارگێڕی دەگرینەبەر بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میكانیزم و پێوەری تازە دەگرینە بەر بۆ رێكخستنی باج.

نۆیەم: كار دەكەین بۆ رێگەگرتن لە قۆرخكاری (احتكار) بە پێی یاسای بەركار و رەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ ململانێی بازرگانی ڕەوا و هاندانی كۆمپانیاكانی پشكداری.

دەیەم: پشتیوانی كاری چاودێریی پەرلەمانی دەكەین و بۆ ئەم مەبەستەش پابەند دەبین بە هەموو رێكارەكانی چاودێری لە پەرلەمانی كوردستان بە پێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ و بنەماكانی كاری پەرلەمانی. هەروەها بە پێی بنەماكانی كاری پەرلەمان، ڕێز لە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی دەگرین.

یازدەیەم: سندوقی خانەنشینی بە پێی یاسای پەیوەندیدار لە هەرێم كارا دەكەین، بۆ ئەوەی ئەم سندوقە گەرانتی مافەكانی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان بكات.

دوازدەیەم: بە هەماهەنگی لەگەل سەرۆكایەتی هەرێم، لە پێناو بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری و ڕووبەرووبوونەوەی مەترسییەكان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی هەرێم، پێداچوونەوە بە میكانیزمی ڕێكخستن و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ دەكەین و هەوڵ دەدەین بە هاوكاری بسپۆرانی ناوخۆ و دەرەكی ئەم هێزانە لە ستانداردە سەربازییەكان نزیك بكەینەوە.

سیانزەیەم: كار دەكەین بۆ سەروەركردنی یاسا و رێز گرتن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و نابێ لە كوردستاندا كەس لە سەرووی یاسا بێت. هیچ كەسێك رێگەی پێنادرێت بە هۆی پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و حزبی لە دەست یاسا رابكات و خۆی لە دەرەوەی یاسا ببینێتەوە, هەروەها كاری جدی دەكەین بۆ كۆنترۆڵكردنی دیاردەی بڵاوبوونەوەی چەك لە ناو كۆمەڵگەكەماندا. 

ئێستا هاوڵاتییەكی سادە دەپرسێت ئەگەر پلان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم هەموو چاكسازییە ئەوا كێ‌ دەستی حكومەت و بڕیاربەدەستانی هەرێمەكەی گرتووە پەلە لە چاكسازی بكەن، پرسیارێكی لەوەش راستەوخۆتر ئەوەیە، ئایا چاكسازی پێویستی بە پەیڕەو و رێككەوتن و بەروارە، یان پێویستی بە ئیرادەیە، ئەگەر ئەوەی یەكەمیانە ئەوا پرۆسەكە ئەو قۆناغانەی بڕیوە و دەبێت بەرەنجامەكانی دەربكەوێت، ئەگەر وەڵامەكەش ئەوەی دووەمیانە كە پێویستی بە ئیرادەیە ئایا ئەو ئیرادەیە لە هەرێمدا بەدی دەكرێت؟
ڕاپۆرتی پەیسەر پرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif