ژینۆ محەمەد
-
هه‌ڕه‌شه، سوكایه‌تی، ناوزڕاندن، مافخواردن، رێگریی.. هێشتا لیسته‌كه زۆر له‌مه زیاتره، راسته پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به كاری میدیایی بكه‌م چاوه‌ڕێ بوم ئاسته‌نگی زۆرم بێته پێش، به‌ڵام نه‌مده‌زانی به‌م راده‌یه‌یه! ده‌زانم ئه‌م حاڵه‌تانه هه‌ر بۆ منیش وانییه، به‌ڵكو ئه‌مه له رێی زۆرێك له میدیاكاره مێینه‌كانه له هه‌رێمی كوردستان.
چه‌ند ساڵێك بو فه‌یسبوكم به‌كارده‌هێنا، له‌پڕ رۆژێك له سه‌ره‌تای ساڵی (2017) هیچ شتێك له‌ده‌ست خۆمدا نه‌ما، نه فه‌یسبوك ده‌كرێته‌وه‌و نه هیچ رێگایه‌ك ده‌زانم بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی، ئینجا زانیم فه‌یسبوكه‌كه‌م هاككراوه.
ئه‌مه بۆ هه‌ر كه‌سێك ناخۆشه، به‌ڵام من ترسێكی ئه‌وتۆم نه‌بو، چونكه نه هیچ وێنه‌یه‌كی شهخسیو نه هیچ زانیارییه‌كی تێدابو زیانم پێ بگه‌یه‌نێت، كه‌چی زۆری نه‌خایاند بینیم ئه‌مه سه‌ره‌تایه بۆ كارێكی گه‌وره‌تر.
سێ رۆژی نه‌برد هه‌ر له فه‌یسبوكه‌كه‌ی خۆمه‌وه نامه‌یه‌ك بۆ هاوسه‌ره‌كه‌م هات، نامه بو بهدوانو سیانو ده‌و پانزه، هه‌موشیان له یه‌ك چوارچێوه‌دا دهسوڕانەوه، سوكایه‌تییه‌كی زۆر به خۆم‌و هاوسه‌ره‌كه‌م، زۆریان لێده‌كرد من ناچار بكات ده‌ستبه‌رداری ئیشه‌كه‌م ببم.
ئه‌وانه‌ی ده‌نوسران ره‌نگه به هیچ پیاوێك قبوڵ نه‌كرێت، به‌ڵام بۆ پیاوێك كه سه‌روكاری له‌گه‌ڵ میدیادا هه‌بێت، ئه‌و جۆره هێرشانه پێشبینی كراوه.
(18) ساڵ لهمهوپێش(هه‌ردی) هاوسه‌رم له كه‌ناڵی زه‌حمه‌تكێشان ناسی، كه كه‌ناڵێكی لۆكاڵی بو له شاری سلێمانی‌و یه‌كه‌م وێستگه‌ی كاركردنی میدیایی من بو. ئه‌وكات من پێشكهشكارو ئه‌و كامێرامان بو، زۆربه‌ی ساڵانی دواتریش هه‌ر پێكه‌وه له یه‌ك ده‌زگای میدیایی كارمان کردوە، بۆیه بۆ پیاوێك كه خۆی له كایه‌ی میدیایی كارده‌كات باشتر له سروشتی ئه‌و پیشه‌یه تێده‌گات.
نامه‌كانی فه‌یسبوك هه‌ر به‌رده‌وام بون، ئه‌مجاره بۆ براكهمو چه‌ند دانه‌یه‌ك له هاوڕێكانم كه هه‌موی قسه‌ی ناشیاو بوختان كردن بون. راسته هه‌مو ئه‌وانه‌ی نامه‌یان پێده‌گه‌یشت دڵنه‌واییان ده‌كردمه‌وه، به‌ڵام باش ده‌مزانی له ناخه‌وه عه‌زێتیان ده‌دات.
هه‌فته‌یه‌كی پێنه‌چو، ئینجا به ژماره‌ی نه‌ناسراوی مۆبایل نامه‌م بۆ ده‌هات، سه‌ره‌تا جنێو سوكایه‌تی، ئینجا هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌وخۆ، ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر واز له كاری میدیایی نه‌هێنیت خۆمان ده‌زانین چیت پێ ده‌كه‌ین "حه‌یات ده‌به‌ین".
خۆزگه یه‌ك دێڕی ئه‌و نامانه به كه‌ڵكی ئه‌وه بهاتایه لێره دوباره بینوسمه‌وه تا ئێوه‌ش تێ بگه‌ن ئه‌و ماوه‌یه چی به من دهگوتراو چۆن هه‌ڕه‌شه‌م لێده‌كرا!
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌كه له‌و جۆرانه بو كه هیچ داتایه‌كیان له كۆمپانیاكانی مۆبایل نییه، له‌و جۆره‌ی له زمانی باوی خه‌ڵك پێیان ده‌ڵێن "علوج"، بۆیه هه‌رچی هه‌وڵماندا ده‌ستمان نه‌گه‌یشت به كه‌سی هه‌ڕه‌شه‌كار.
من ئه‌و كاته پێشكه‌شكاری كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن بوم كه كه‌ناڵێكی ئۆپۆزسیۆن بو، ناوه ناوه گۆڕان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه ناكۆكی بۆ دروست ده‌بو، بۆیه ئاسایی بو نه‌یارم هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من ده‌مزانی ئه‌و هێرشه زیاتر بۆ سه‌ر میدیاكاره مێینه‌كان بو، هه‌ر له‌هه‌مان كه‌ناڵی خۆم زیاتر له هاوپیشه‌یه‌كم بۆی باسكردوم كه روبه‌روی ئه‌و جۆره هێرشانه بوه‌ته‌وه.
ئه‌وكاته په‌نام بۆ هه‌ندێ هاوڕێی نزیكم برد یه‌ك له‌وانه كوێستان محه‌مه‌د بو كه ئێستا وه‌زیری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌و ئه‌و ده‌مه ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بو كه ده‌سته‌یه‌كی باڵای بزوتنه‌وه‌كه‌یه، پشتیوانی‌و دڵدانه‌وه‌ی ئه‌و رۆڵی زۆری هه‌بو بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك له باری سه‌رشانمان سوك ببێت. دواتر دو هاوڕێی شاره‌زا له كه‌ناڵه‌كه‌ی خۆمان هه‌رچۆنێك بێت هه‌ژماری فهیسبوكهكهیان به‌ده‌ست هێنایه‌وه، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵ بێت نامه‌ی مۆبایله‌كان به‌رده‌وامن.
بیرم نایەت یان دیقه‌تم نه‌داوه ئه‌و ماوه‌یه چاودێری كرابم، به‌ڵام له چه‌ند هاوپیشه‌یه‌كم بیستوه كه گوتویانه سه‌ره‌ڕای هێرشه‌كان دور به‌دور به ئۆتۆمبێل چاودێری كراون.
ئه‌وه‌ی من لێره‌دا گێڕامه‌وه ته‌نیا گۆشه‌یه‌كی بچوكی ئه‌و هه‌مو رێگری‌و زه‌حمه‌تییه بو كه له ماوه‌ی هه‌ژده ساڵی كاری میدیاییم توشم هاتوه، ورده‌كاری تر زۆرن كه هه‌ندێكیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی سه‌لماندنیان به‌رده‌ست نییه، بۆیه باسكردنیان ته‌نیا له هه‌وادا ده‌مێنێته‌وه‌و شوێنی خۆی ناگرێت.
به‌ڵام من ده‌توانم بڵێم به خۆشمه‌وه كه‌م خانمی میدیاكار هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان روبه‌روی چه‌ندین جۆری پێشێلكاریی نه‌بوبێته‌وه، هه‌ر له گێچه‌ڵ پێكردنه‌وه، تا سوكایه‌تی ئاشكرا و نهێنی، تا ئه‌وه‌ی له‌ناو ده‌زگا میدیاییه‌كان وه‌ك خۆی مافت پێ نادرێت.
كێشه‌ی هه‌ره زۆری خانمه میدیاكارهكانیش ئه‌وه‌یه ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت هی ئه‌وه نین باسی بكه‌ن یاخود ئه‌گه‌ر بوێری ئه‌وه‌شیان هه‌بێت بیخه‌نه رو، ئه‌وا له‌ترسی ناوزڕاندن ده‌بێ ناوی خۆیان بشارنه‌وه.
مانگی شوباتی ئه‌مساڵ لیژنەی داکۆکیکردن لە ئازادی رۆژنامەنوسیو مافی رۆژنامەنوسان له سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان رایگه‌یاند ساڵی (2019) كۆی ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر كراوه 151 رۆژنامه‌نوس بون، له‌وانه ته‌نیا پێنج رۆژنامه‌نوسیان مێینه بون!
له ده ساڵی پێش ئه‌وه‌ش هه‌مو ئه‌و رۆژنامه‌نوسه مێینانه‌ی لە هەرێمی کوردستان‌و چەند ناوچەیەکی عێراق كه‌یسی پێشێلكارییه‌كانیان راگه‌یاندوه ژماره‌كه‌یان (64) رۆژنامه‌نوس بوه، به‌ڵام ئایا به‌راستی ژماره‌كه ئه‌وه‌نده‌یه؟ ره‌نگه ئه‌و رۆژنامه‌نوسه مێینانه‌ی بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردوه بتوانن وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌نه‌وه.
پێتان سه‌یر نه‌بێت كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری میدیاكاره ژنه‌كان له ترسی تانه‌و ته‌شه‌ری كۆمه‌ڵگا په‌نا نابه‌نه به‌ر سكاڵا تۆماركردن، سه‌یرتر ئه‌وه‌یه ئه‌و رۆژنامه‌نوسه مێینانه‌ی سه‌رسه‌ختانه دژی "سوڵحی عه‌شایه‌ری"ن، ناچارن كه‌یسی پێشێلكارییه‌كانی خۆیان به‌و سوڵحه چاره‌سه‌ره بكه‌ن، ئه‌وه‌تا ته‌نیا یه‌ك ساڵ پێش هێرشه‌كانی سه‌ر من حه‌وت رۆژنامه‌نوس له رێگەی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه كه‌یسه‌كانیان چاره كردوه‌و په‌نایان نه‌بردوه‌ته به‌ر دادگا.
ئه‌گه‌ر له من بپرسن ئه‌ی بۆ په‌نام نه‌برده دادگا، بێگومان ره‌نگه منیش هه‌مان بیانوی رۆژنامه‌نوسه مێینه‌كانی دیكه‌م هه‌بێت، چونكه زۆرجار ئاشكراكردنی ئه‌م جۆره كه‌یسانه دیسان له‌ناو كۆمه‌ڵگا دهتكاتهوه به‌قوربانی. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌ندێکجار له‌پاش سكاڵاكهت كۆمه‌ڵێك ورده‌كاری ناو دۆسێكه بڵاو ده‌كرێنه‌وه كه دواتر دژی خۆت به‌كارده‌هێنرێنه‌وه.
به‌تایبه‌تی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی، هه‌مو ئه‌و ژنه میدیاكارانه‌ی ده‌رده‌كه‌ون بابه‌تێكی چه‌وری هێرشی میدیایین به‌تایبه‌تی له رێی ئه‌كاونته فه‌یكه‌كانی سۆشیال میدیاوه، ئه‌مه‌ش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركوتیان بكه‌ن.
ساڵی رابردو له مانگی ئایار، ئاریان محەمەد میدیاكارو توێژەر، توێژینه‌وه‌یه‌كی وردی له‌باره‌ی ئه‌و پێشێلكاریانهوه بڵاوكرده‌وه كه له رێی سۆشیال میدیاوه ده‌كرێنه سه‌ر میدیاكاران، به‌شێكی گرنگی په‌یوه‌ست بو بە بە ئامانجگرتنی ژن لە کەرتی کارداو به‌دیاریكراویش خانمانی میدیاكار، ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه كردبو كه "ئه‌گه‌ر به‌هۆی پاڵنەری سیاسیی بێت یان بەپاڵنەری کۆمەڵایەتی، هەمیشە ئەو ژنانەی کە لە کەرتی کاردان بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، لە میدیا‌و سۆشیال میدیا روبەڕوی بەئامانجگرتن دەبنەوە".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق