یەك بڕیار نرخی نەوتی دابەزاند

ليست هناك تعليقات


دوای بڕیارەکەی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی بە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 2 ملیۆن بەرمیل لە مانگی ئابدا، بازاڕەکان بە نەرێنی کاردنەوەیان پێشاندا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا نرخی نەوتی برێنت 29 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 43 دۆلار 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساس 25 سەنت دابەزی و بە 40 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

وڵاتانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی بە سەرکردایەتی سعودیە و رووسیا لە مانگی نیسان رێککەوتن بۆ هاوسەنگکردنەوەی بازاڕی نەوت ئاستی بەرهەمهێنان بە تێکڕا رۆژانە بەبڕی 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمبکەنەوە. بڕیارەکە لە سەرەتای مانگی نیسان چووە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووز کاریگەری دەبێت. لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی چاودێری وەزیرانی ئۆپێک پڵەس کە دوێنێ چوارشەممە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوەچوو، بڕیاردرا لە مانگی ئابەوە تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بڕی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە 9.7 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە دابەزێنن بۆ 7.7 ملیۆن بەرمیل. 

لە کۆبوونەوەکە رووسیا و بەشێک لە وڵاتانی هەناردەکاری نەوت رایانگەیاند ئێستا خواست بۆ نەوت زیادیکردووە و نرخی نەوتیش تارادەیەک هاوسەنگی بۆ گەڕاوەتەوە، بۆیە دەکرێت لەسەرخۆ بڕی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکەنەوە. 

لە راپۆرتی مانگانەی رێکخراوی ئۆپێک ئاماژە بەوە دراوە سەرەڕای سستی گەشەی ئابووریی جیهان، خواست بۆ نەوتی رێکخراوەکە لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵدا دەگەڕێتەوە ئاستەکانی پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە رۆژانە سەرووی 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئۆپێک لە بازاڕەکان ساخدەبووەوە. رێکخراوەکە پێشبینیشدەکات لە ساڵی 2021 خواست بۆ نەوتەکەی زیاتربێت لە پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. 

ئەمریتا سێن، دامەزرێنەر و بەرپرسی شیکاری بازاڕی وزە لە ئاژانسی ئینێرجی ئەسپێکتس دەڵێت: "ئەندامانی ئۆپێک دەبینن کە خواست بۆ نەوت گەڕاوەتەوە بۆیە ئەوە باشترین کاتە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەرخۆ بەرزبکەنەوە" 

بەگوێرەی ئامارەکان، پابەندبوونی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس بە تێکڕا لە مانگی حوزەیراندا 108٪ بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەر یەک لە سعودیە، کوێت و ئیمارات زیاتر لەو بڕە نەوتەی لە رێککەوتنی مانگی نیساندا بۆیان دیاریکراوە کەمیان کردووەتەوە. هاوکات هەر یەک لە عێراق، نایجیریا، کازاخستان و ئەنگۆلا لە دوو مانگی یەکەمی رێککەوتنەکە بە تەواوی پابەندی رێککەوتنەکە نەبوونەوە و لە کۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەی تەکنیکی ئۆپێک پڵەس داوا لەو وڵاتانە کراوە لە مانگەکانی 8 و 9 قەرەبووی پابەندنەبوونیان بکەنەوە و دەبێت بە تێکڕا 842 هەزار بەرمیل نەوت جگە لەو بڕەی پابەندکراون کەمیبکەنەوە. 





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif