كوردایەتی نەوەی سلێمانیە

ليست هناك تعليقات

ماردین عبدلكریم
-
سلێمانی عەیامێک پایتەختی ئەمارەتی بابان بووە و دروستبوونیشی لەبنەڕەتدا بۆ مەبەستی کوردایەتی بووە، سەردەمانێک پایتەختی حکومەتی کوردی شێخی نەمر بووە کە بەهێزێکی سادەوە بەگژ ئینگلیزدا چووە و دەستەمۆی نیازە داگیرکارییەکانی نەبووە.

سلێمانی (236)ساڵە پێشەنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردە و بگرە کوردایەتی لە هەناوی ئەوەوە لە دایکبووە.

سەرەڕای دروستبوون و سەرهەڵدانی دەیان پارتی جیاواز لە ئامێزیدا، بەڵام هاوئامانجی و کوردایەتی کوردستانیبوون پەیامی سەرتاسەرییان بووە، لە دوا وێستگەشدا لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیدا پەیامی نەسرەوتن تاسەرکەوتن لە پێناو کوردایەتی ئاوات وئامانجی سەرەکییان بووە.

مێژووی خەباتی کوردایەتی و قوربانییەکانی سلێمانی سەدان جار لە تەمەنی گەورەترە و سەرسەختیی و ناڕەزایی رۆڵەکانی دژی داگیرکەرانی کورد دەفتەری سەروەرییەکانی لێوانلێو کردووە. دەمێکە بەردەرکی سەرا لە رۆژی راپەڕینە مەزنەکەی کوردانی سلێمانیدا یان راستتر لە رۆژی شەشی رەشی ئەیلولدا بەخوێنی رۆڵەکانی سوور بووە، ئەمەش لەدژی رەتکردنەوەی هەژموونی ئینگلیز و نەچوونە ژێرباری دەوڵەتی عیراق بووە، لەو راپەڕینەدا پیاوماقوڵانی سلێمانی و کاسبکار، دووکاندار، رووناکبیر وئەدیب و سیاسی وەکیەک بەشدارییان تیاداکردووە کە ئاماژەی هەڵوێستی کوردایەتی بوونی تاک بەتاکی رۆڵەکانی بووە.

شەقامی ئیبراهیم پاشا و حامییەی سلێمانی (پارکی ئازادی ئێستا) و ئەمنەسوورەکە هەمان گوڵیان بەخوێنی رۆڵەکانی بەدەستی جەللادەکانی بەعس تیادا نەخشێنراوە، هەموو ئەمانە گەواهی راستییەک دەدەن کە سلێمانی پێشەنگی دەستەخوشکەکانی لە باشوور و پارچە داگیرکراوەکانی تری بووە و کوردایەتی مۆرکی سلێمانی و سلێمانی پەیامی سرکیی لە بەرانبەر داگیرکەر هەڵگرتووە.

لە مێژووی سلێمانیدا بزووتنەوەی کوردایەتی و رۆشنبیری دوانەیەکی لێکدانەبڕاون، شانۆگەریی هەشتاکانی سەدەی رابردوو (تەنەکە و کەللەسەر، سەلەی نانکەر و قەرەج) بەسەرێک ژانی لە دایکبوونی نەوەیەکی نوێی کوردایەتی بووە لە فۆرمێکی جیاوازیی خەباتی شاردا دژی رژێمی بەعس و رەتکردنەوەی هەژموونی، بەسەرێکیش بەرزکردنەوەی چینەکانی ئەو دیوارە بوون کە ساڵەها بوو بناغەی بۆ وەرگرتنی نازناوی پایتەختی رۆشنبیری دادەنا، باشترین وەڵامیش میدالی رێکخراوی جیهانی یونسکۆ بوو، کە سلێمانی وەک شاری ئەدەبیی ناساند و لۆگۆی خۆی خستە سەر نەخشەی شاری هەڵمەت و قوربانی. هەر لەو ئانوزەمانەوە و لە سەردەمی تیڤی رەشوسپییەوە، بە درامای جۆراوجۆر و ناڕاستەوخۆ داوای مافی گەلی کورد کراوە کە زۆر جاردوای کارێکی شانۆیی، درامایی، رووناکبیری، ژیانی پاڵەوانەکانی کەوتۆتە بەرمەترسی گرتن، کوشتن و لە سێدارەدان.

لە بواری رۆژنامەنووسیی و راگەیاندنیشدا دیسان پێشەنگ بووە و ئەمەش رێگایەکیتر بووە بۆ پیادەکردنی خەباتی کوردایەتی و گەیاندنی پەیامی کورد و داخوازیی کورد و پارێزگاریی لە زمان و فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی کە مامۆستایان پیرەمێردی شاعیر و ئیبراهیم ئەحمەد و دواتریش هەڤاڵ مام جەلال و سەدان رۆژنامەنووس و خاوەن قەڵەمی هاوزەمانەکانیان، نەوە دوای نەوە لەسەر هەمان رێچکەی کوردایەتی ئەرکەکانیان بەیەکتری سپاردووە.

لە سەردەمی شێخ مەحمودی نەمردا ئومێدی ئیستقلال و بانگی حەق دژی ئینگلیز دەرچووە کە هەرخودی ناوی رۆژنامەکان، بانگەشەی کوردایەتی و داوای سەربەخۆیی بووە. لە سەردەمی پیرەمێردا ژین و ژیان و ژیانەوە کە نزیکیی ناوەکان ئاماژەیە بۆ ئەوەی کاتی دەسەڵاتداران پەیامی کوردایەتی ئەو گەزەتەیەیان پێهەزم نەکراوە بریاری داخستنیان داوە، پیرە هەڵۆش هەر زوو بەگۆڕانکارییەکی بچووکەوە مۆڵەتی ناوێکی نوێی بۆ گەزەتەیەکی تر وەرگرتووە چونکە، مەحاڵ بووە لە کاروانی کوردایەتی دوابکەوێ، ئەمە جگە لە ئاگری نەورۆزەکەی کە لە مەشخەڵەکەی مامەیارەوە تا سەردەمانی پێش راپەڕین ئاگری لەجەستەی عەفلەقی و عوسمانییەکان بەردابوو. لەسەردەمی مامۆستای نەمر برایم ئەحمەد یشدا، گۆڤاری گەلاوێژ لە دیارترین شاکارەکانی بووە کە بابەتەکانی گوزارشتی کوردایەتی و مافی رەوای گەلەکەی بووە.

هەڤاڵ مام جەلال یش لەدوای یەکەم چەخمامەی راپەرین سەروەریی دەرکردنی کوردستانی نوێی بەهەولێر بەخشیووە کە تا ئەمێستا بێوچان لە خزمەت خەباتی کوردایەتیدایە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif