سەبارەت بە بڕیاری ژاپۆن بۆ زیادكردنی كۆچ بۆ وڵاتەكەی مارتن جیلین راپۆرتێكی لە گۆڤاری " فۆرن پۆلیسی " بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بە ئاڵنگاریەكانی بەردەم ژمارەی دانیشتوان و كەمی دەستی كار كردووە لە ژاپۆن بەهۆیەوە حكومەتی راسترەو پرسی پەنابەری بەهێزكرد بەبێ ئەوەی هیچ كاردانەوە و نارەزایەتیەكی خەڵكی لێ بكەوێتەوە، ئەمەش بووە پاڵنەر بۆ ئەوەی نوسەر ئەم راپۆرتە ئامادەبكات بەمەبەستی زانینی چۆنیەتی دوورخستنەوەی كاردانەوەی سیاسی، هەنگاوێك كە وڵاتانی رۆژئاوا بەدەستیەوە دەناڵێنن لەكاتی وەها بڕیارێكدا.
ژاپۆن بەرەو كۆمەڵگەیەكی فرەیی
نوسەر راپۆرتەكەی بە دیمەنێكی شەقامی ئوینو ی ناوەراستی شاری تۆكیۆی پایتەخت دەست پێكردووە، لەوێ گۆشتی بەرخ و شیشە كەباب و كفتە بۆن و بەرامەی بڵاودەبێتەوە، یەكێك لەو شوێنەبازرگانیانە دەڵێت بە 20 زمان خزمەتگوزاری دارایی پێشكەش دەكەن، خواردنی كۆری و چای تایوانی و خواردنی كاری بنجانی هەن، لەیەكێك لە چێشتخانە كلاسیكیەكانی نزیك ئەو شەقامە ژمارەیەك گەنجی سەنیگالی دانیشتوون بەزمانی لۆكاڵی ناوچەكەی خۆیان قسە دەكەن.
ئەو دیمەنە پێشتر لە نیویۆرك و هۆنگ كۆنگ هەبووە بەڵام كەمتر لەشارێكی وەك تۆكیۆ بەدی كراوە، شارێك بووە پێشتر فرەیی تێدا نەبووە، بەڵام وەك نوسەر ئاماژەی پێكردووە دۆخەكە دەستی بەگۆڕانكاری كردووە، نوسەر ئاماژەی بەوەكردووە لەناوچەی ئوینو جۆرێك لە فرە رۆشنبیری هەبووە لەهەشتاكانی سەدەی رابردووەوە بەراورد بەناوچەكانی تری تۆكیۆ، بەڵام لە دەیەكانی داهاتوودا گەرەكی هاوشێوە لەتەواوی خاكی ژاپۆندا دروست دەبن، لەگەڵ بەردەوامی چاكسازیەكانی حكومەت سەبارەت بەپرسی كۆچ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژاپۆن خۆی بەدوورگرتووە لەكاردانەوەی راسترەو كە چەند ساڵێكە وڵاتانی ئەوروپای گرتۆتەوە بەهۆی نارەزایەتی لەپرسی كۆچ.
نوسەر ئاماژەی بەوەكردووە لە ئەوروپا و ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا پرسی كۆچ و پێناسی نیشتمانی لەلایەن هەموو سیاسیەكانەوە بەكاردەهێندرێت، بەڵام لە ژاپۆن لەگەڵ ئەوەی وەها ناوبانگی دەركردووە كە وڵاتێكی داخراوە بەڵام زۆربوونی رێژەی پەنابەران بەبێ ئەوەی گرنگیەكی ئەوتۆی پێ بدرێت قبوڵ كرا.
دەرفەتێكی زێرین بۆ كۆچبەران بۆ سەقامگیری
لەئەمرۆدا نزیكەی 3 ملیۆن كۆچبەر لە ژاپۆن دەژیەن لەكۆی 126 ملیۆن دانیشتوانی وڵاتەكە، ئەو ژمارەیە سێ ئەوەندەی ژمارەی كۆچبەرانی ساڵی 1990، لەكاتێكدا ژاپۆن بەدەست پیریەتی دانیشتوانەكەیەوە دەناڵێنێت و هێزی كاركردن كەمیكردووە، هەوڵ دەدات ژمارەی پەنابەران زیاتر بكات، لەمانگی نیسانی ساڵی 2019 تۆكیۆ چاكسازیەكی مێژووی لەبواری كۆچدا كرد،بەرنامەی پێدانی ڤیزەی فراوان كرد و رێگەی بەزیاتر لە 345 هەزار كرێكاری نوێدا كۆچ بكەن بۆ ژاپۆن لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، بەوەش ئەو كرێكارانەی توانایەكی سادەیان هەیە دەتوانن مافی مانەوەی پێنج ساڵی بەدەست بهێنن بەڵام ئەو كرێكارانەی توانا و تایبەتمەندیان هەیە دەتوانن بەبێ دیاریكردنی كات بۆیان خۆیان و خێزانەكانیان لەژاپۆن بمێننەوە، بەشێكی زۆری ئەو كرێكارانە بۆ هەتاهەتایە لە ژاپۆن دەمێننەوە.
كۆچكردن بۆ ژاپۆن و ژمارەی كرێكارانی بیانی لەو وڵاتە بەشێوەیەكی فراوان لەساڵی 2013 وە زیادیكرد كاتێك حكومەت پرۆژەی راهێنان و راكێشانی هەزاران كرێكار و پەنابەری كاتی فراوان كرد، ساڵی 2017 ژاپۆن كۆچی كرێكارانی بیانی خاوەن بەهرەی بەیاسا رێكخست و بەخێرایی پەسەندی كرد، ناوهیرو یاوشیرو مامۆستای زانستی كار لەزانكۆی شوا بۆ ئافرەتان لە تۆكیۆ پێی وایە رێژەی كرێكارانی بیانی خاوەن توانا لەپێنج ساڵی داهاتوودا لەژاپۆن 40% كۆی هێزی كار پێكدەهێنێت.
نوسەر دەڵێت ئەو گەشەیە لەكۆچدا رۆڵی دەبێت لەگۆڕانكاری وێنەی ژاپۆن لەوڵاتێكی یەك رەگەزیەوە بۆ وڵاتێكی فرەرەگەز، و زۆرینەی كۆچبەران بەسەر شارە پیشەسازیە بچوكەكانی وڵاتدا دابەش بوون وەك شیموكابو لەناوەراستی هوكادیو و ئەیزومی لەهەرێمی جونما كە تێیاندا پەنابەران 15% دانیشتوان پێكدەهێنن.
هۆكارەكانی دیموگرافی لەپشت فراوان بوونی كۆچەوە
نوسەر دەڵێت لەگەڵ ئەو فراوان بوونەی كۆچ بەڵام كاردانەوەی خەڵك نەبیندرا لەژاپۆن هاوشێوەی ئەوەی لە ئەوروپا یان ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕوویدا، بەجۆرێك جەمسەربەندی سیاسی لەو وڵاتانە بەهۆی پرسی كۆچبەران و پێناسی نیشتمانیەوە زیادیكرد، لەبەرامبەردا لە ژاپۆن ئەو چاكسازیانە تەنانەت گرنگی پێدانی میدیاكانیشی بەدوای خۆیدا نەهێنا بۆیە ناوهیرو یاوشیرو دەڵێت " بەشێوەیەكی گشتی ئەو یاسایە گفتوگۆی زۆری بەدوای خۆیدا نەهێنا"
زۆر كەس بەڕوونی لەپەیامەكەی حكومەت تێگەیشتن كە پاڵنەری ئەو چاكسازیانە بوو، شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیران كە كەسایەتیەكی پارێزگارانی هەیە، بەهۆی پرسی مرۆڤایەتیەوە ئەم سیاسەتە نوێیەی كۆچی پەیرەو نەكرد بەڵكو بەبیانوی دیموگرافی ( دانیشتوان ) دەستی پێكرد.
بەهاتنی ساڵی 2050 بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی یەك ملیار كەس دەكات لەبەرامبەردا تا ئەو كاتە ژمارەی دانیشتوانی ژاپۆن 20 ملیۆن كەس كەم دەكات، ئەوە جگە لەوەی ئاستی منداڵ خستنەوە لەلای ئافرەتانی ژاپۆنی 1،4 منداڵە بۆ هەر ئافرەتێك لەكاتێكدا 28%ی دانیشتوان تەمەنیان لەسەرووی 65 ساڵیەوەیە بەوەش ژمارەی دانیشتوان ساڵانە 400 هەزار كەس كەم دەكات، هەروەها رێژەی بێكاری كەمتربووە لە 3% لەچەند ساڵی رابردوودا، خاوەن كارەكان هۆشداریان داوە لەزۆربوونی كەمی دەستی كرێكار، بۆیەكەمجار لەساڵی رابردوودا ژمارەی هەلی كار لەژاپۆن لەژمارەی ئەو كەسانە زیاتر بوو كە بەدوای كاردا دەگەڕان لەهەر 47 پارێزگاكەی ئەو وڵاتە.
ئەو وڵاتەی لەرابردوودا بەتوندی سنور و یاساكانی ناسرا بوو ئێستا وەها سەیری كۆچ دەكات كە چارەسەرێكی ڕوونی ئاڵنگاری دیموگرافیە و لەبری كەمكردنەوەی مەرجەكانی كۆچكردن ئێستا بەرنامەیەكی ناوازە و بێ هاوتای پەرەپێداوە بۆ كۆچكردن لەسەر بنەمای زۆری داواكاری بۆ دەستی كار لەوڵاتانی جیاجیاوە.
ئەو بوارانەی ژاپۆن دەرفەتی كۆچیان پێ دەدات
نوسەر ئاماژەی بەوەكردووە ژاپۆن پێویستی بەدەستی كار هەیە لە 14بواردا و هەریەك لە كاری پەرستاری و چاودێریكردنی بەتەمەنەكان و دروستكردنی كەشتی و كرێكاری كشتوكاڵی و میكانیكی ئۆتۆمبێل و كرێكاری بواری پیشەسازی ماسیگری و خانوبەرەی تێدایە.
بەسەیركردنی پرۆژەیاسای ئەم دوایانە رێگەكانی داواكردنی مافی مانەوەی هەمیشەیی بۆ كرێكارانی بیانی ئاسان كردووە و دواتریش دەتوانن داوای رەگەزنامەی ئەو وڵاتە بكەن، و یاساكەش ئامانجی گەورەتر لە پارێزگاریكردن لەكۆمەڵگەی ژاپۆنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ژاپۆنیەكان لێبوردەن بەرامبەر كۆچبەران
بەپێی راپرسیەك كە كۆمپانیای نیكی ئەنجامیداوە نزیكەی 70%ی ژاپۆنیەكان تێروانینیان ئەرێنیە بەرامبەر كۆچبەرانی بیانی ، ئەوەش لەكاتێكدایە لەپێشووتردا ژاپۆن وەك وڵاتێكی داخراو وێنا دەكرا، لای خۆیەوە ئیجی ئەوجوما مامۆستای زانكۆ دەڵێت " ئەو گروپە نەتەوەپەرستانەی دژی كۆچبەرانن 1% تا 2%ی دەنگدەران پێكدەهێنن، بۆیە دۆخەكە وەك ئەوروپا نیە و نەیانتوانیوە دەنگیان دژی سیاسەتی نوێی كۆچ بەرزبكەنەوە"
رێككەوتنی دووقۆڵی لەبەرژوەندی هەردوولا
نوسەر باسی ئەوە دەكات كە لایەنی گرنگی سیاسەتی نوێی كۆچ ئەوەیە كە رێككەوتنی دووقۆڵی كە ژاپۆن لەگەڵ هەریەك لە ئەندۆنیسیا و فلیپین واژۆی كردووە رێگە دەدات ساڵانە دەیان هەزار كرێكار لەبواری چاودێریكردنی بەتەمەنەكان رەوانەی ژاپۆن بكەن، هەردوولاش وەك سەركەوتوو لەو رێككەوتنانە خۆیان دەبیننەوە، ژاپۆن بەپێی ئەو رێككەوتنە كرێكاری دەست دەكەوێت كە زۆر پێویستی پێی هەیە و ئەو وڵاتانەش جگە لەهەلی كار دەبنە خاوەنی كرێكاری بەهرەمەند.
هێشتا رەگەزپەرستی ژاپۆن كۆتایی نەهاتووە
نوسەر لە بەشێكی راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە پرسی رەگەزپەرستی لەژاپۆن خورافیات نیە و هەیە و لەساڵی 2010 دا شارەزایانی مافی مرۆڤی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان ژاپۆنیان بەوە تۆمەتباركرد كە رەگەزپەرستی و جیاكاری و خراپ بەكارهێنانی كرێكارانی بیانی تێدایە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق