عەرەب لە بەردەم کۆتایی نەوتدا

ليست هناك تعليقات

وادیارە وڵاتانی عەرەبی کە سەرچاوەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی نەوتن لە جیهاندا و زۆربەی ئابوورییەکەیان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، لە بەردەم راستییەکی تاڵ و گۆڕانکارییەکی مێژوویی گەورەدان.

کۆتایی سەردەمی زێڕینی نەوت لە وڵاتانی عەرەبیدا نزیکبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو تەنگژە ئابوورییە گەورانەی ئەو وڵاتانە تێیدا دەژین، روودانی ئەوە وا دەکات هەمووان لە ناوچەکەدا هەست بە ئازاری ئەو گۆڕانکارییە ریشەییە بکەن. ئەمە دێڕە سەرەتاییەکانی راپۆرتێکی گۆڤاری زە ئیکۆنۆمێستی بەریتانییە کە ئاماژەی بەوەداوە، بەرزبوونەوەی بودجەی ئەو ئابوورییە عەرەبییانەی پشت بە نەوت دەبەستن، ستۆپی کردووە.

راپۆرتەکە بە وردەکارییەوە کاری لەسەر دۆخی ئابووریی وڵاتانی عەرەبی کردووە، کە زۆرینەیان پشت بە نەوت دەبەستن. بە نموونە دەڵێت جەزائیر پێویستی بەوە هەیە نرخی خامی برێنت بەرز ببێتەوە بۆ 157 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێكدا عومان پێویستی بەوە هەیە نرخی نەوت لە بازاڕدا 87 دۆلار بێت. 

ئیکۆنۆمیست دەڵێت جگە لە قەتەر، هیچ وڵاتێکی دیکەی عەرەبی، توانای کۆنترۆڵکردنی بودجەی گشتی خۆی نییە بەم نرخەی ئێستای نەوتەوە لە بازاڕدا، کە کەمێک لە 40 دۆلار زیاترە بۆ هەر بەرمیلێک.

تەنگژەی پەتای کۆرۆنا، هێندەی دیکە کێشەکەی ئاڵۆز کردووە. نرخەکانی نەوت بۆ ئاستی پێوانەیی دابەزین. وڵاتانی عەرەبیی ناچارکرد پەنا بۆ هەنگاوی ریشەیی ببەن. حکومەتی جەزائیر لە ئایاری رابردوودا رایگەیاند خەرجیی گشتی بۆ نیوە کەمدەکاتەوە. لە کاتێکدا عێراق - یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە جیهاندا- بەنیازە مووچەی فەرمانبەرەکانی کەمبکاتەوە. عومان هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانی قەرزی دەرەکی، دوای ئەوەی ئاژانسەکانی پۆلێنبەندی، ریزبەندی گەشەسەندنی ئەویان دابەزاند و تێڕوانینان بۆی لە پۆزەتیڤەوە بۆ نێگەتیڤ گۆڕی. لەوانەیە کوەیتیش دۆخێکی باشتری نەبێت و رادەی کورتهێنان لە بەرهەمی ناوخۆییدا بگاتە 40 لەسەد، کە ئەوە بەرزترین رێژەی جیهانییە.

تێکچوونی شیرازەی بازاڕی نەوت

زە ئیکۆنۆمیست دەڵێت دوورکەوتنەوەی زیاتر و زیاتری ئابوورییەکانی جیهان، لە سووتەمەنیی نەریتی (نەوت، غاز و خەڵووز بە نموونە)، هەڵاوسانی خستنەبازاڕ و بەرزبوونەوەی توانای سەرچاوەکانی وزەی خاوێن، ئاماژەن بەوەی نەوت لە داهاتووی نزیکدا بە هەرزانی دەمێنێتەوە.

زیاتر دەڵێت تێکچوونی ئێستای بازاڕی نەوت، تەنیا رووداوێکی کاتیی نییە، بەڵکو ئاماژەیە بەوەی کە دۆخی ئەو بەرهەمە لە داهاتوودا چۆن دەبێت. ئێستا ئیدی جیهان چووەتە دۆخێکی نوێوە کە تێێدا نەوت بە هەرزان دەمێنێتەوە و وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووی ئەفریقیا، بە زەرەرمەندی گەورە دەمێننەوە.

پێشتر پێشبینی دەکرا وڵاتانی عەرەبی لە ماوەی ئەمساڵدا، نزیکەی 300 ملیار دۆلاریان دەستبکەوێت لە فرۆشتنی نەوتدا، کە ئەمە پارەیەکی باشبوو بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان، بەڵام لە ئاداری رابردووەوە رووداوەکان پێچەوانە بوونەوە. حکومەتە عەرەبییەکان ناچاربوون پەنا بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی باج و قەرز ببەن. زۆرینەشیان ناچاربوون پەنا ببەنە بەر خەرجکردنی زۆری یەدەگی هەڵگیراویان، بەتایبەت سعودیە کە یەدەگێکی باشی بۆ پشتگیری چاکسازییەکانی کۆکردبووەوە.

لە شوباتی رابردوودا و بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە وڵاتانی عەرەبی، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، پێشبینیکرد وڵاتانی ئەنجوومەنی کەنداو، هەموو پاشەکەوتکراوەکانی خۆیان کە 2 تریلیۆن دۆلارە، تا ساڵی 2034 خەرج بکەن.

وڵاتانی بەرهەمنەهێنەر

راپۆرتی گۆڤارەکە دەڵێت تەنگژەکەی ئێستا، بۆ ئەو وڵاتە دراوسێیانەش سەردەکێشێت کە بەرهەمهێنەری نەوت نین، کە بۆ ماوەی درێژ پشتیان بە دراوسێکانیان دەبەست بۆ کارپێکردنی هاووڵاتیانیان. لە هەندێک وڵاتدا، بڕی بەهای پارەی حەواڵەکراو، بەهۆی کارکردنی هاووڵاتیانیان لە وڵاتانی دراوسێ دەگەیشتە 10 لەسەدی کۆی داهاتی گشتیی وڵات.

نموونەیەکی بە لوبنان هێناوەتەوە، کە دابەزینی نرخی نەوت لە وڵاتانی کەنداو، تەنگژە داراییەکانی ئەوی قوڵترکردەوە، لە کاتێكدا ئەو تەنگژەیە بووە هۆکاری پاشەکشەی بڕی پارەی حەواڵەکراو بۆ هەریەکە لە میسر و ئوردن. لە کاتێکدا میسر 3 لەسەد و ئوردن 5 لەسەد، کۆی داهاتی گشتییان لە پارەی حەواڵەکراو بوو.

تەنگژەکە هەروەها دەبێتە هۆی گۆڕانی باری کۆمەڵایەتیی، ئەو دەوڵەتانەی ساڵانێکی زۆرە پشت بە هەناردەکردنی کۆچبەران دەبەستن، لەپێناو چارەسەرکردنی تەنگژەی بێکاریدا. بۆ نموونە لە لوبناندا ساڵانە 35 هەزار خوێندکار لە زانکۆکان دەردەچن، ئابووریی ناوخۆ تەنیا 5 لەسەدیان بەکاردەخات و زۆرینەی ئەوانیدیکە بۆ دۆزینەوەی کار پەنا بۆ وڵاتانی دیکە دەبەن، بەتایبەت کەنداو.

لە میسر حکومەتە یەک بەدوای یەکەکانی وڵات، راهاتبوون لەسەر دابینکردنی دەستیکار بۆ دەوڵەتانی کەنداو. یەک لەسەر پێنجی کۆچبەرانی ئەو وڵاتە روویان لە سعودیە دەکرد، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە.

هەروەها کۆمپانیاکانی ئەو دەوڵەتە عەرەبییانە، لەلای خۆیانەوە رووبەڕووی کەمبوونەوەی داواکاری دەوڵەتانی کەنداو دەبنەوە. دابەزینی ئاستی گەشتیاریی کەنداوییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو، کاریگەریی لەسەر داهاتی کەرتی گەشتیاریی ئەو وڵاتانە دروستدەکات، کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە گەشتیارانی کەنداو دەبەستن، وەک لوبنان و میسر، چونکە سێ بەشی گەشتیارانی سعودیە، ئیمارات و کوەیت روو لەو دوو وڵاتە دەکەن.

دەستتێوەردانی دەرەکی

زە ئیکۆنۆمیست وای دەبینێت، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستێکی کەمتر سەنتەریی لە دابینکردنی وزەی جیهان، لە رووی سیاسەتی ئەمریکییەوە بایەخی کەمدەبێتەوە. ئەوکات رووسیا هەوڵدەدات ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە پاشەکشەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروستیدەکات، بەڵام بەرژەوەندییە هەرێمییەکانی مۆسکۆ سنووردارە، وەک سووربوون لەسەر پارێزگاری لە کەناراوە ناوەندییەکانی لە تەڕتووسی سووریا. بەپێی ئیکۆنۆمیک، لەوانەیە رووسیا نەیەوێت یان نەتوانێت چەتری بەرژەوەندییەکانی خۆی لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا لەوە زیاتر هەڵبدات.

لە بەرامبەردا، چین لە دەرەوەی دەستتێوەردان لە سیاسەتەکانی ناوچەکەدا ماوەتەوە. ئەو تەنیا چاودێری بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی خۆی دەکات لە رێگەی گرێبەستکردنی بیناسازی بۆ نموونە لە جەزائیر، یان بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی بەندەرەکانی میسر، یان ئیمزاکردنی چەند گرێبەستێکی فراوان لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی کەنداو.

بەڵام لەگەڵ زیادبوونی هەژاری لە دەوڵەتانی عەرەبیدا، سروشتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چیندا دەگۆڕێت، وەک ئەوەی لەگەڵ ئێران روویدا. سزا سەپێنراوەکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا، وایکرد تاران پەنا بباتە بەر گفتوگۆکردن لەسەر گرێبەستێکی وەبەرهێنانی ماوەدرێژ لەگەڵ بەیجیندا. لە میانیدا کۆمپانیا چینییەکان لە چەندین کەرتی جیاواز و هەمەجۆردا وەبەرهێنان دەکەن، وەک پەیوەندییەکان و بەندەرەکان.

ئەم "هاوبەشییە ستراتیژییە"، وەک ئەوەی ناونراوە، ترسی لای هەندێک لە چاودێران دروستکردووە کە ببێتە هۆکاری رێگەخۆشکردن بۆ چین بۆ ئەوەی دەستبخاتە ناو ژێرخانی ئێرانەوە، وەک ئەوەی پێشتر لە چەندین وڵاتی دیکەی ئاسیایی و ئەفریقیدا کردوویەتی.

گۆڤارەکە پێیوایە، دابەزینی داهاتەکانی نەوت لە وڵاتانی عەرەبیدا، ناچاریان دەکات پەنا بۆ هاوبەشییەکی هاوشێوەی ئەوەی ئێران لەگەڵ بەیجیندا ببەن، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا.

لە کۆتاییدا زە ئیکۆنۆمیست دەڵێت: گەنجانی ناوچەکە بەهۆی تەنگژەی دارایی ئێستاوە، هەمان ترسیان هەیە، بۆیە پەنا بۆ کۆچکردن دەبەن. بۆ نموونە میسر وا دێتە پێشچاو کە بەهۆی قورساییەکەیەوە دادەڕوخێت. لە کاتێکدا ئوردن لە تەنگژەیەکی دارایی بەردەوامدا دەژی. تونسیش لە نێو بازنەی شکستە بەردەوامە داراییەکاندا دەژی. بێگومان کۆتایی سەردەمی نەوت، گۆڕانکاری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بەڵام بەر لەو گۆڕانکارییە، ئازار دەهێنێت.

لە ئازارەوە بۆ ئازاری زیاتر

ئابوورییە پشتبەستووەکان بە بەرهەمهێنانی نەوت و فرۆشتنەوەی لە بازاڕدا، تەنیا لە دۆخی مانەوەی نرخی نەوت بەنزمی دووچاری تەنگژە نابن. زۆرینەی زۆری ئەو وڵاتانەی ئابوورییەکانیان پشت بە نەوت دەبەستێت لە ناوچەکەدا، گیرۆدەی دەیان کێشەی دیکەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سەربازین و لە نێویاندا هەندێک لەو وڵاتانە بەدەست شەڕی درێژخایەنەوە دەناڵێنن.

سووریا، عێراق، لیبیا، یەمەن، لوبنان، تەنانەت میسریش، گەرچی رادەی بەشدارییان لە بازاڕی جیهانیی نەوتدا جیاوازە، بەڵام هەموویان گیرۆدەی جەنگی بەردەوام و داتەپینی ژێرخان و بێکاریی و چەندین تەنگژەی کۆمەڵایەتین کە قوڵبوونەوەی تەنگژە داراییەکان وا دەکات، کاریگەریی ئاوابوونی خۆری سەردەمی زێڕینی نەوت، ئازاری زۆر قوڵتری ئەوان بدات لەوەی کە پێشبینیدەکرێت.
ئا/ڕووداو

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif