ڕۆژی سێشەممە عەممار حەکیم لە شاری بەغدا هاوپەیمانییەکی نوێ بەناوی عێراقیون راگەیاند کە ژمارەیەک پەرلەمانتار لە خۆدەگرێت. حەکیم دەڵێت، هاوپەیمانییە نوێکە بۆ بەرنامەیەکی میانڕەو کاردەکات بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی سیاسی.
عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هاوپەیمانییە نوێکەی ئاماژەی بەوە کردووە، عێراقیون، هاوپەیمانییەکی سیاسی پەرلەمانی جەماوەرییە، "خۆی لە دەوڵەتە، لەچوارچێوەی دەوڵەت جموجوڵ دەکات و بەرهەمی هەوڵەکانیشی بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە".
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی جەختدەکاتەوە، هاوپەیمانییەکە پشتیوانی دەوڵەتێکی بە توانا و بەهێز دەکات کە خاوەن سەروەریی نیشتمانی و ئیرادەی جەماوەریی بێت. هاوکات دوور بێت لە پشکپشکێنە، لە دەرەوەی رێککەوتنی گوماناویی و لێکتێگەیشتنی کاتی و نا جیددیی بێت.
هاوپەیمانییە نوێکەی عەممار حەکیم بە گوتەی خۆی، پشتیوانی لە سەقامگیریی سیاسی، دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێی نێودەوڵەتی دەکات و لەگەڵ ئەنجامدانی چاکسازی و جێبەجێکردنی داواکاریی خۆپێشاندەراندایە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەرەتای دەستبەکاربوونی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە عێراق کرد، عەممار حەکیم دەڵێت، هاوپەیمانیی عێراقیون جەخت لەسەر داواکاریی سەرۆکوەزیران دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی پاک و دادپەروەر، کە گەرەنتی مافی هەمووان بکات، بەبێ هیچ جیاکارییەک. هەروەها دەڵێت "هاوپەیمانییەکە خاوەن ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتارە، بەڵام لەسەر زمانی ژمارە ناوەستێت، بەڵکو کاردەکات بۆ پێشکەشکردنی نموونەیەکی نوێ لە بەڕێوەبردنی سیاسی هۆشیار و بەرپرسانە".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق