سەرۆكی هەرێم: سوپاسی ئەو تیمە دەکات کە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش دەکەن

ليست هناك تعليقات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ راوێژکاری تایبەتی تیمى نێودەوڵەتیى لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى داعش [یوونیتاد]، سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و پشتگیریی خۆی بۆ ئەرکەکانیان دەربڕی.

ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تەممووزی 2020 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازیی لە کەریم خان، راوێژکارى تایبەتى تیمى نێودەوڵەتیى لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى داعش [یوونیتاد] کرد، لە کۆبوونەوەیاندا جەختیان لە گرنگیى هەماهەنگیى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تیمەکەیان کردەوە لەپێناو دابینکردنى دادپەروەرى بۆ قوربانیانى دەستى داعش و دادگاییکردن و بەسزاگەیاندنى تاوانباران، کە دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونەوەى متمانە و رێخۆشکەر دەبێت بۆ سەقامگیرى و پێکەوەژیان و ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیانبەرکەوتووەکان و گەڕانەوەى ئاوارەکان.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیریى خۆی بۆ کار و ئەرکى یوونیتاد دووپاتکردووەتەوە، هاوکات ئامادەیی هەرێمى کوردستانى بۆ کارکردن لەگەڵ تیمەکە و حکومەتى فیدراڵیی عێراق بۆ سەرخستنى ئەرکەکەیان دەربڕی، "هەروەها دەستخۆشى لێکردن و هانیدان بۆ جێبەجێکردنى بەرنامەى یوونیتاد بەپێى کات و خشتەى دەستنیشانکراویان کە لە بەرژەوەندیى هەموو پێکهاتەکانى عێراقدایە بەوپێیەى هەمووان قوربانیى دەستى داعشن".

هەموارکردنەوەى یاساى پەیوەندیدار بۆ بەڕێوەچوونى پرۆسەى دادگاییکردنى تاوانباران، بایەخدان بە لایەنى پەروەردەیى بۆ قووڵکردنەوەى پێکەوژەیان و لێبوردەیى و رێگرى لە دووبارەبوونەوەى تاوانەکان، پرۆسەى کۆکردنەوەى بەڵگەکانى تاوان و بەئەلیکترۆنیکردنیان، راهێنانى دادوەران و کارکردن بەپێى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.

راوێژکارى تایبەتى تیمى نێودەوڵەتیى لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى داعش [یوونیتاد] سوپاسى پشتگیریى نێچیرڤان بارزانى و هاوکارى و هەماهەنگیى هەرێمى کوردستانى بۆ ئەرک و کارەکانیان کردووە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif