دادگاى فیدراڵى عێراق رێگره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت‌

ليست هناك تعليقات

رۆژنامه‌ی میدڵ ئێست ئۆنلاین له‌ راپۆرتێكدا باسى له‌وه‌كردووه‌، گومان ده‌كرێت هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ له‌ عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كوتله‌ سیاسییه‌كانیش بگه‌نه‌ رێككه‌وتن. گرفتى گه‌وره‌ى به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت دادگاى فیدراڵییه‌ و بێ ئه‌م دادگایه‌ش ناتوانرێت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت. 

رۆژنامه‌كه‌ باسیله‌وه‌كردووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هێزه‌ سیاسیه‌كان رێكبكه‌ون له‌سه‌ر هه‌مواركردنى یاساى هه‌ڵبژاردن، وه‌ كاتى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت دیارى بكه‌ن، وه‌ ملیارێك دۆلاریشى بۆ ته‌رخانبكرێت ئه‌وه‌ى كه‌ كۆمسیۆن داوایكردووه‌ بۆى خه‌رج بكرێت. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هێشتا هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌مساڵ و نیوه‌ى یه‌كه‌مى ساڵى داهاتوو به‌ڕێوه‌ناچێت. 

ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، هۆكارێكى گرنگ هه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ هێزه‌ سیاسییه‌ ركابه‌ره‌كان ئاگادارى نه‌بن، له‌ یاساى دادگاى فیدراڵى، كه‌ ده‌بێته‌ به‌ر به‌ست له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت ئەویش دۆخی ئێستای دادگاکەو لە دەستدانی رێژەی یاساییە بۆ دانیشتنی دادگا، هاوكات باس له‌وه‌كراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ى سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران داواى هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خت ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ راستیدا ناكۆكى له‌سه‌ر ئه‌مه‌ هه‌یه‌.

په‌رله‌مانتار له‌ هاوپه‌یمانى سائیرونى به‌در زیادى رایگه‌یاندووه‌:" به‌ راشكاوى هیچ كام له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان نایانه‌وێت هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵكو هێزه‌ سیاسییه‌كان ده‌یانه‌وێت دۆخى ئێستا بمێنێته‌وه‌ به‌ بێ رۆیشتن به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت، بۆ ئه‌مه‌ش ئاسته‌نگ بۆ ته‌واوكردنى یاساى نوێى هه‌ڵبژاردنه‌كان دروست ده‌كه‌ن. 

لێدوانى په‌رله‌مانتاره‌كان له‌ كوتله‌ جیاوازه‌كان هه‌موویان ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى خواستیان نییه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت به‌ڕێوه‌بچێت. راپۆرته‌كه‌ هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى كه‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان رێككه‌وتن بكه‌ن له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێكبكه‌ون كه‌ هه‌موو عێراق بكه‌نه‌ یه‌ك بازنه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ندێك كوتله‌ داوایان كردووه‌، یاخود وه‌ك پێشتر هه‌ر پارێزگایه‌ك یه‌ك بازنه‌ بێت، وه‌ كاتى هه‌ڵبژاردنیش دیارى بكه‌ن و پاره‌یش بۆ كۆمسیۆن ره‌وانه‌ بكرێت، ئه‌وا ته‌نها ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ حه‌وت مانگ بۆ ساڵێكى ده‌وێت. 

تا ئێستاش هیچ رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر شێوازى هه‌مواركردنى یاساكه‌ نه‌كراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌فته‌ى رابردوو محه‌مه‌د حه‌لبوسى هه‌فته‌ى رابردوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى كوتله‌كان كۆبووه‌وه‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ شكستى هێنا له‌وه‌ى به‌ رێككه‌وتنێك بگه‌ن له‌سه‌ر شێوازێكى دیارویكراو بۆ هه‌مواركردنى یاساى هه‌ڵبژاردن.

ئه‌گه‌ر هه‌موو داواكارییه‌كانیش جێبه‌جێبكرێت، رێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌موارى یاساكه‌ بكرێت و ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واو بكرێن، ئه‌وا كێشه‌یه‌كى ده‌ستووریى سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌و‌یش كێشه‌ى دادگاى فیدراڵى و یاساكەیه‌تى، چونكه‌ دادگاى فیدراڵى ده‌بێت ئه‌نجامى هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك په‌سه‌ند بكات، وه‌ تانه‌دان له‌ دروستى ئه‌ندامێتى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و تانه‌ له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ ده‌سه‌ڵاتى دیاریكراوى دادگاى فیدراڵییه‌. 

به‌گوته‌ى شاره‌زایانى قانونى قه‌یرانى گه‌وره‌، بریتییه‌ له‌ تێكچوونى رێژه‌ى یاسایى له‌ دادگاى فیدراڵى، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌كانى خانه‌نشین بوون كورسییه‌كه‌ پڕ نه‌كرایه‌وه‌و ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانێكى ناوخۆیى له‌ نێو ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریى. 

به‌پێى مادده‌ى پێنجى یاساى ژماره‌ ٣٠ ى ساڵى ٢٠٠٥ ى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى، ده‌بێت دادگاى فیدراڵى به‌ سه‌رۆكایه‌تى سه‌رۆك و هه‌ر هه‌شت ئه‌ندامه‌كه‌ى كۆببێته‌وه‌و به‌ زۆرینه‌ى ساده‌ بڕیار بدات، ئه‌گه‌ر یه‌ك ئه‌ندام ئاماده‌ نه‌بێت ئه‌وا دادگا ناتوانێت دانیشتن ئه‌نجام بدات و رێژه‌ى یاسایى تێك ده‌چێت.

ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى عێراق، له‌ نوسراوێكى فه‌رمیدا رایگه‌یاند، كه‌ هیچ بڕیارێكى دادگاى فیدراڵى شه‌رعییه‌تى نییه‌ چونكه‌ دادگاكه‌ رێژه‌ى یاسایى له‌ ده‌ستداوه‌.

هۆكارى ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا دادگاى فیدراڵى ناتوانێت ئه‌و كورسیه‌ به‌تاڵه‌ى پڕبكاته‌وه‌ ئەوەیە، كه‌ لیستى دادوه‌ره‌ یه‌ده‌گه‌كانى دادگاى فیدراڵى خاڵى بووه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌ندامى یه‌ده‌گ، به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌پێى دوایین لیستى ئه‌ندامانى یه‌ده‌گى داگاكه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌موویان ته‌مه‌نیان گه‌یشتووه‌ته‌ ته‌مه‌نى خا‌نەنشینى و ده‌بێت هه‌واڵەى خانه‌نشین بكرێن. ناكرێت هیچ كام له‌وان دیاریبكرێن بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌ندامێتیى دادگاى فیدراڵى.

ئه‌وه‌ش واته‌ رێژه‌ى یاسایى دادگاى فیدراڵى به‌م زووانه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت، دادگاى فیداڵى به‌پێى مادده‌ى ٩٢ى ده‌ستوورى عێراق، سه‌ربه‌خۆیى هه‌یه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردن و دارایدا، به‌ڵام دیاریكردنى ئه‌ندامه‌كانى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌یكه‌ن و ده‌بێت لێكتێگه‌یشتنى له‌سه‌ر بێت و به‌ هه‌ماهه‌نگى بكرێت، چونكه‌ دادگاكه‌ له‌رووى كرده‌ییه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌كى ته‌واوى پێدراوه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌ دامه‌زراندنى ئه‌ندامه‌كانى ئه‌مه‌ش ئێستا بووه‌ته‌ كێشه‌ چونكه‌ ئه‌و لێكتێگه‌یشتنە ئێستا بوونى نییه‌، بۆیه‌ دادگاى فیدراڵى ناتوانێت قه‌ره‌بووى ئه‌ندامه‌ خانه‌نشینكراوه‌كه‌ى بكاته‌وه‌، 

به‌بێ په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن دادگاى فیدراڵیییه‌وه‌، پرۆسه‌ى سیاسى دواى هه‌ڵبژاردن ناكه‌وێتە سه‌رپێ، جگه‌ له‌وه‌ش هیچ شوێنێك نابێت تانه‌كانى هه‌ڵبژاردن و ئه‌ندامێتیى یه‌كلا بكاته‌وه‌، ئێستا ناكۆكى قوڵ له‌نێوان دادگاى فیدراڵى و ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى هه‌یه‌ و تا ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، بۆشایى یاسایى دادگاى فیدراڵى چاره‌سه‌ر نابێت. 

ئێستا واقیعه‌كه‌ به‌و جۆره‌یه‌، بێ رێككه‌وتنى هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر یاساى هه‌ڵبژادن و بێ تێگه‌یشتنى لایه‌نه‌كان له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ى جۆرێك له‌ چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كه‌ى نێوان دادگاى فیدراڵى و ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوەرى، ده‌توانین بڵیین هه‌ڵبژاردن له‌ كاتێكى نزیكدا روونادات. 
ڕاپۆرتی پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif