كودەتاكەی عەبدولكەریم قاسم، یەكەم داننان بە كورددا وەك نەتەوە

ليست هناك تعليقات

36 ساڵ بەسەر كودەتای سەربازی عەبدولكەریم قاسمدا لە عێراق تێدەپەڕێت، بە واتایەكی دیكە 63 ساڵ بەسەر كۆتایهێنان بە سیستمی پادشایەتی و دامەزراندنی كۆماری عێراقدا تێدەپەڕێت، ئەو كۆمارەی هیچ كات نەبووە لانكەیەكی ئارامی ژیان بۆ هاوڵاتییەكانی و لە 63 ساڵی رابردوودا بەردەوام خوێن و فرمێسكی رشتووە.

نائارامی كۆمارەكەی كە قاسم دایمەزراند بە ئاستێك بووە كە چەند جارێك سەرلەبەری سیستمی سیاسی تێیدا لەبەریەك هەڵوەشێندراوە و دروستكراوەتەوە و لەو ماوەیەدا نەك هەر حكومەت و سیستم بەڵكو هەڵبەز و دابەزی بە ئەندازەیەك بووە هەر ئاڵاكەی 4 جار گۆڕاوە تا دەگات بە هەموو شتەكانی دیكە.

كودەتاكەی عەبدولكەریم قاسم

بیروەری 14ی تەموزی 1958 بۆ تەواوی عێراقیەكان بیرەوەرییەكی جیاوازە، چونكە لەو بەروارەوە بە دوای ئیدی سەردەمی كۆماری دەست پێدەكات و تیایدا حوكم و دەسەڵاتی كودەتاو سەربازی دەبنە بنەمای دەوڵەتداری تاوەكو ئەمریكا بە پرۆسەی ئازادی لە ساڵی 2003 كۆتایی بە دواین دەسەڵاتی كودەتاچی لە عێراقدا دەهێنێت، كە ئەویش دەسەڵاتی بەعسیەكان بوو.

عەبدولكەریم قاسم، ئەو فەرماندە سەربازییەی، كە ئاڵای شۆڕشەكەی 14 تەموزی بەرز كردەوە، بو‌و بە رەمزی ئەو شۆڕشەی دواتریش بو‌و بە كەسی یەكەمی عێراق، تا ئەو كاتەی لە 8ی شوباتی 1963 لەلایەن هاوڕێ بەعسیەكانی بە سەركردایەتی عەبدول سەلام عارف، كوژراو تەرمەكەی لە تەلەفزیۆنی عێراقەوە نیشاندرا.

هەرچەندە تاوەكو ئێستا كەس نازانێت تەرمی قاسم لە كوێیە، ئەویش لەبەر ئەوەی بەعسیەكان دوای كوشتنی و ناشتنی، گۆڕەكەیان تێكداو روفاتەكەیان بۆ شوێنێكی نادیار گواستەوە، بەڵام گومان دەكرێت فڕێیاندابێتە دەریاوە.

عەبدولكەریم قاسم كێ‌ بوو؟

عەبدولكەریم قاسم 1914 لە گەڕەكێكی هەژاری و میللی لە بەغدا لە خێزانێكی پێنچ كەسی لەدایكبووە، باوكی پیشەی دارتاش بووە، لەڕووی بنەمای ئاینیشەوە باوكی سونە مەزهەب و دایكیشی شیعە بووە.ساڵی 1930 ئامادەیی تەواو دەكات و هەر ئەو ساڵە وەك مامۆستا لە هەژارترین ناوچەی پارێزگای دیوانیە دەست بە وانەوتنەوە دەكات.
ساڵی 1932 چووەتە كۆلێژی سەربازی و بەسەركەوتوویی و بە پلەی یەكەم ساڵی 1934 كۆلێژی سەربازی تەواو كردووەو بەسەركەوتووی پلە سەربازییەكانی بڕیوە، ساڵی 1942 كۆلێژی ئەركانی تەواو كردوە.

د. ڕەشید ئەلخەیون مێژوونوس و و توێژەر و شارەزا لەبواری دیالۆگی ئاینیەكان، باس لەوە دەكات عەبدولكەریم قاسم كەسێكی كەنارگیر بووەو هاوڕێی نەبوەو لەو دوو قوتابخانە فكریە سەربازیەی كە لە عێراقیشدا هەبووە كە یەكەمیان بەكر سدقی (1886-1937) نوێنەرایەتی كردوەو تەئكیدی لە عێراقی بوون و تەنها خزمەتكردن بەگەلانی عێراق كردۆتەوە بە بێ جیاوازی قاسم سەر بەم باڵە سەربازییە بووەو بە پێچەوانەی عەبدولسەلام عارف كە سەر بە باڵی دووەم بووە كە ڕەشید عالی گەیلانی (1892-1965) نوێنەرایەتی كردەوە باڵێكی نەتەوەو پەرستی عەرەبی بوون و داوای یەكگرتنی وڵاتانی عەرەبیان دەكرد.

سەربازێكی لێهاتوو و سیاسییەكی نەزان

بەپێی سەرچاوە مێژوییەكان قاسم نەیتوانیوە لە ململانێكانی ناوخۆو دەرەوە ئیدارەیەكی سیاسی سەركەوتوو و تەكنیك و دیبلۆماسی بەكاربهێنێت، بەوەش دوژمنی زۆری لە ناوخۆو دەرەوە بۆ خۆی دروستكردوە، كەسێكی دڵپاك و سادە بووەو هاوڕێ و دوژمنی تێكەڵاو كردووە، نەیزانیوە چۆن بە هەمان شێوەی كایەی سەربازی، لە كایەی سیاسیشدا سەركەوتوو بێت، هەر بۆیە ساڵانی دەسەڵاتی هە مووی ململانێ بووە.

مەرگ بە دەستی هاوڕێ‌

عەبدولسەلام عارف بیرو بۆچوون و سیاسەتی ئیدارەدانی دەوڵەتی لەگەڵ قاسم زۆر جیاواز بوو دوور بوون لە یەكتری بوونە بەربەست بۆ یەكتر، هەر بۆیە دوای هەوڵی شكست خواردووی كودەتای عەبدولسەلام عارف 1959 دەستگیری كرد و دواتر ئازادی كرد.

د.عەقیل ناسری نووسەرو توێژەر ئاماژە بەوە دەكات 39 جار هەوڵی كودەتا دراوە دژی سیستەمەكەی قاسم بەردەوام هەوڵی لە ناوبردنی قاسم دەدراو جەمال عەبدولناسریش زۆر دژی قاسم بوو بەئاشكراو نهێنی هاوكاری و یارمەتیدەر بوو بۆ لە ناو بردنی قاسم و بە گوێرەی سەرچاوە مێژوویەكانیش هاوكاری لۆجستی و مەعنەوەی بەعسیەكانی كردووە لە هەوڵی تیرۆركردنی قاسم لەشەقامی ڕەشیدی بەغدا كە بووە هۆی برینداركردنی و كوژرانی شوفێرەكەی.

سەرۆكێكی دڵساف

عەبدولكەریم قاسم بەهۆی نزیكی لەخەڵكەوە زۆر متمانەی بە میللەت هەبوو، كەمترین پاسەوانی هەبوو، دڵپاك و دڵساف بووە، هەر بۆیە كاتێك كودەتای ساڵی 1963 دژی ڕوویدا ژمارەیەكی زۆر خەڵك چوونە لای لەوەزارتی بەرگری كەوەك ماڵێكی سادەخۆی تیایدا دەژیا، داوای چەكیان كرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی كودەتاچیەكان، بەڵام قاسم ئەو بیرۆكەی ڕەتكردەوەو دواتریش بەمەرجی پاراستنی و ڕەوانەكردنی بۆ دەرەوەی وڵات خۆی رادەستكرد، بەڵام بە شێوەیەكی زۆر تراژیدی لە بارەگای ڕادیۆو تەلەفزیۆن گوللە باران كرا و وێنەی تەرمەكەی لە تەلەفزیۆنەوە بەبێ‌ سانسۆر نیشاندرا.

كۆماری كودەتا و فرمێسك و خوێن

مێژووی كودەتا لە عێراق تەنها كودەتاكەی قاسم نییە، بەڵكو لەوێوە زنجیرەیەك كودەتا و كوشتن و لەسێدارەدانی سەرۆكەكانی دەستپێدەكات.

رۆژی 8 شوباتی 1963 هەمان رۆژی كوژرانی عەبدولكەریم قاسم، عەبدولسەلام عارف هاتە سەر كورسی دەسەڵات و تا بەرواری 13ی نیسانی 1966 كۆتاییەكەی مردن بوو.

دوای ئەویش عەبدولرەحمان بەزار بۆ ماوەی چەند رۆژێك سەرۆكی كاتی عێراق بوو و بەدوایدا لە ساڵی 1966 عەبدولرەحمان عارف هاتە سەر كورسی دەسەڵات و ساڵی 1968 كودەتای بەسەرداكرا.

لە دەرئەنجامی كودەتاكە كە بە كودەتای بەعسییەكان ناودەبرێت، ئەحمەد حەسەن بەكر لە ساڵی 1968 هاتە سەر كورسی دەسەڵات و ساڵی 1979 لە كودەتایەكی بێدەنگی ناوخۆیی بەعسییەكاندا ناچاركرا دەستلەكاربكێشێتەوە.

ساڵی 1979 سەدام حسێن بووە كەسی یەكەمی عێراق و ساڵی 2003 لە پرۆسەی ئازادی عێراقدا لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانییەوە دەسەڵاتەكەی روخێندرا و دواتر خۆی لە 2006 لەسێدارەدرا.

دوای پرۆسەش بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك جەی گارنەر لەلایەن ئەمریكییەكانەوە راسپێردرا سەرۆكایەتی عێراق بكات و بەدواشیدا لەمانگی 5ی ساڵی 2003 پۆل بریمەر وەك حاكمی مەدەنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە دەستنیشانكرا و ساڵێك لەو پۆستەدا مایەوە.

دواتریش غازی مەشعەل عەجیل یاوەر وەك سەرۆكی ماوەی راگوزەری عێراق لە ساڵی 2004 تا 2005 سەرۆكایەتی عێراقی كرد و بەدوایدا جەلال تاڵەبانی لە ساڵی 2005 وەك سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا بەڵام لە ساڵی 18ی دیسەمبەری 2012 بەهۆی خراپی تەندروستییەوە نەیتوانی ئەركەكانی ئەنجام بدرات.
بەدوای ئەویشدا دوو سەرۆكی دیكە بۆ عێراق دانراون فوئاد مەعسوم و ئێستاش بەرهەم ساڵح، بەڵام هێشتا مەترسی كودەتا و خوێن و فرمێسك لە عێراق هەر نەڕەویوەتەوە و لە هەموو ئەو ساڵانەدا عێراق یان لەبەردەم كودەتا، یان لەبەردەم شەڕی ناوخۆ و تائیفی و مەزهەبی، یان لەبەردەم كردەوەی تیرۆریستی و سەرهەڵدانی گروپی تیرۆریستیدا بووە.

كۆماری عێراق چی بۆ كورد پێبوو؟

ئەم كودەتا سەربازیەی 14ی تەمووزی 1958 یاخود شۆڕشە، كۆمەڵێك دەستكەوتی گەورە و گرنگی بۆ كورد تێدا فەراهەم كرا، چونكە بەر لە گۆڕینی سیستمی حكوم لە پاشایەتییەوە بۆ كۆماری، كورد لەم مافانە بێبەش كرابوو، داواكارانی ماف بە ناپاك لەقەڵەم درابوون و بەدەستخستنیان كارێكی حەتمی بوو.

لە گرنگترین دەستكەوتەكانی 14تەموز بۆ كورد:-

یەكەم: لە ماددەی(3) ی دەستوری عێڕاق، ساڵی 1958ئەوە دەستنیشانكرا كە كورد و عەرەب هاوبەشن لە ئەرك و ماف، ئەمەش بووە فەرمی بوونی مافی كورد لە چوارچێوەی كۆماری عێراقدا.

دووەم: بڕیاردار ئابوری كوردستان چاكبكرێت و زەوی بەسەر جوتیارانی كورد دابەش بكرێت بۆ زیاتر برەودان بەكەرتی كشتوكاڵ.

سێیەم: بڕیاردرا لە بڕی فەرمانبەری عەرەب، فەرمانبەری كورد لە سنوری كوردستان دابمەزرێن، بۆ رایكردنی كاروباری خەڵك بە شێوەیەكی دور لە دەمارگیری.

چوارەم: هەریەك لە (خەیرولڵا عبدالكریم، عزەت عبدالعزیز، محمد محمود قودسی و مستەفا خۆشناو) بە شەهیدی نیشتیمان هەژماركران، ئەم چوار ئەفسەرە كوردە پێشتر لەسەردەمی پاشایەتی ساڵی 1947بە پێی بڕیاری دادگای سەربازی لە سێدارە درابوون.
پێنجەم: بڕیاردار بە لێبوردنی گشتی بۆ سەرجەم دەستگیركراوان، ئەمەش بوە هۆی ئازادكردنی شێخ ئەحمەد بارزانی و شێخ عبداللەتیف كوڕی شێخ مەحمود.

شەشەم: بڕیاری لێبوردنی گشتی بۆ دورخراوانی وڵات، ئەمەش بووە هۆی گەڕانەوەی ( مەلا مستەفای بارزانی) لە یەكێتی سۆڤیەتەوە بۆ عێراق.

ئێستا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە دوای 63 ساڵ ئەو وڵاتەی كە ئارامی بەخۆیەوە نەبینی و نە پێشكەوت و نە بوژایەوە، چەند دەیەی دیكە دەبێ‌ چاوەڕوانی هاتنەدی بەڵێن و بەرنامەی یەكەم كودەتای لێبكرێت؟
ڕاپۆرتی پەیسەر پرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif