تاڵی ئاوریشمی (٧)
(عیشق ) بە ئاگاهاتنەوەی ئەقڵە نەک لوژیک ، ڕاچڵەکین و زیندووبوونەوەی ڕۆحە بۆ دەستکردن بە گەشت ، ئەگەر چی هەمیشە وا وتراوە ، کە موجادەلەیەک هەیە لە نێوان ئەقڵ و دڵدا و هەرگیز لە عیشقدا یەکناگرنەوە بەڵام لە ڕاستیدا ئەقڵ تەنها بریتی نییە لە لوژیکێکی موجەرەدی وشک بەڵکو ئەقڵ پڕە لە تەلیسم و ڕێگای نهێنی بۆ کەشفکردن و تەجەلابوون ، لە ڕاستیدا عیشق ڕێتەیکردنە بۆ ناسینی هەقیقەت و جوانیی وچاکە هەربۆیە ئەوەی لە دەرگای عیشق دەدات دەبێت خاوەنی درکپێکردنی ئەقڵ و چاوی دڵ بێت لە مێژووی تەسەوفیشدا جۆرەها عیشق بینراوە هەروەک دەڵێن (الطرق الی الله بعدد انفاس خلق الله) لە حەلاجدا توانەوەی زاتی ئیلاهی و مرۆڤێک دەبینرێت لە ڕابیعەی عەدەویدا بەدەستهێنانی خۆشەویستی خودا بەرخۆشویستنی خودا دێت نەک لەبەر ترس و چەندین ڕێگای تر هەیە بۆ تاقیکردنەوەی عیشق و تەسەوف( ئەمە بەدەر لە ئاوێتەبوون لەگەڵ گەردوون و ڕەنگدانەوەی سیمای ئاشتی و ..هتد) ئەوەی لێرەدا مەبەستە ئەوەیە ئایا لە ڕێگای شێخەوە خۆشەویستی دەکرێت پێم وانییە وەڵامەکەی زۆر قورس بێت ، چونکە بە درێژای تەسەوف ئەم میتۆدەش کراوە ، بەڵام ئەوەی وایلێدەکات جێگەی گومان بێت ئەوەیە شێخیش مرۆڤێکی ناکامڵە ئایا عیشق لەگەڵ خودا لە ڕێگەی بوونەوەرێکی ناکامڵەوە دەکرێت هەر ئەم خاڵەشە وایکردوە ئیسلامییەکان ( سەر بە هەرچی ڕەوتێک بن ) تەسەوفی لەم شێوەیە ڕەتبکەنەوە چونکە ئەوان پێیان وایە ناکرێت لە نێوان خودا و مرۆڤدا نێوەندێک هەبێت( ئەمەش کاری ئەم تاڵی ئاوریشمە نییە ڕوونی بکاتەوە)، بەڵام ئەوەی گرنگە بووترێت و ئەم چەند ڕۆژەش وتراوە لەسەر تەسەوفی کوردانە ئەوەیە ناشێت عاشق بیت و چاوی دڵت کارنەکات چونکە سادەیی جیاوازە لە گەمژەیی هەروەک چۆن دڵپاکی جیاوازە لە ساویلکەیی و هێڵێکی زۆر باریک و تەنک لە نێوانیاندایە بۆ پەڕینەوە بۆ نموونە ئەم چەند ڕۆژەی پێشوو قسە و باس لە سەر دەروێشانی تەریقەتی قادری کرا هەندێک بە دواکەوتوو هەندێکیش بە خەڵکێکی سادە سینە ساف ناویان دەبردن لەم بارەوە چەند سەرنجێک دەخەینەڕوو ، کە پێویستن لە سەر عیشق بزانرێت و بەراورد بکرێت بەو حاڵەی لێرەدەگوزەرێت:
١. عیشق لەتەک زاتێکی چاکدادەکرێت واتە کاتێک ئەو زاتەی تۆ عیشقی لەپاڵدا دەگۆڕیتەوە چاک بوو ئەوکات دەچیتە پڕۆسەیەکی باڵای موجەڕەد ،بەڵام لەم حاڵەتەی ئێستادا ئەو زاتە نە چاکە و نە هی ئەوەشە خۆشبویسترێت .
٢. دیاردەی ئالودەبوون تەواو جیاوازە لە عیشق چونکە دەشێت ئالوودەی شتێکی خراپ بیت وەک ماددەی هۆشبەر یان کەسێکی خراپ بەڵام تەنها ئەو کاتە عاشق دەبیت ، کە ئەوەی عاشقی دەبیت لەگەڵیدا بوونێکی گەورەتر دروست بکەیت
٣. قۆناغەکانی عاشق بوون زۆرن هەر لە ڕاچڵەکینەوە بۆ بینین و هوشیاربوونەوە بە خود و ناسینی خۆ و ئەوی تر و..هتد ئەم قۆناغانەش چەند ناوەکین لە تاکدا هێندەش پەیوەستن بە زاتی مەعشوقەوە واتا چاکەکانی مەعشوق کەمەندکێشت دەکات ، کە لەم حاڵەتەدا و بە بەڵگەی سەلمێنراو ئەو چاکەبوونە نابینرێت.
٤. دڵێک بە چاوێکی هوشیارانەوە دەتوانێت عیشق بکات نەک دڵێک بە چاوێکی کوێرەوە و نەتوانێت خراپە و استغلالکردن جیابکاتەوە و بێ سەودا کەوتبێتە دوای دەنگەدەنگێک .
٥. عیشقکردن تواننەوەیە لەوی دیکەدا و پەرستنە ، واتا کاتێک عاشقی زاتێک دەبیت، تۆ ئیتر نامێنیت و دەبی بەو ڕووی ئەو دەپەرستیت، بەڵام بۆ پەرستن پێویستە پرسیاری (تۆ کێیت) و (من کێم)ی شەمسی تەبرێزی و جەلالەدینی ڕۆمی بکرێت
ئەوەی هەیە لە هاوکێشەی ئەم بەڕێکردنەدا( بەڕێکردنی تەرمی شێخ) ئەوەیە ئایا ئەم مەعشوقە شایانی ئەم عیشقەیە ؟ ئەمە جگە لەوەی هەندێک توانای تێگەیشتنی لە عیشقی دەروێشانە نییە و ناتوانێت بزانێت چۆن دەروێش سەرگەردانی ڕووی مەعشووقەکەی دەبێت و هەندێکیش هەن پێیان وایە دەبێت هەموو دونیا وەک ئەوان بیربکاتەوە ، بەڵام هەموو ئەمانە لەو هەقیقەتە کەمناکەنەوە ،کە بە درێژایی مێژووی تەسەوفی کوردی زۆرێک لە شێخەکان لە کلتوری کوردیدا وێنەیەکی خراپی تەسەوفیان دروستکردوە و دەروێشەکانیان هێندەی کۆیلەیەکی کەمنرخ بوون سوودیان لێوەرگرتوون بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی زۆرتر ، کە ئەمەش پنتی بنەڕەتی کێشەکەیە دەبێت دەروێش ئازاد بێت ، چاوی دڵی هوشیار بێت ، چونکە عیشق کردن کۆیلەیەتییە و گەر مەعشوقەکەی زاتێکی چاک نەبێت گەشتەکەی گرانتر و بەدبەختر دەکات .
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق