100 رۆژی دیکە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و راپرسییەکانیش ئەوە دەردەخەن، جۆ بایدن، بەربژێری پارتی دیموکرات لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری پارتی کۆماری دەنگدەری زیاترە.
ئەمڕۆ 26-7-2020 ئەنجامی چەند راپرسییەک بڵاوکرانەوە کە بۆ ستافی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئێستای وڵات جێگەی دڵخۆشی نین.
راپرسییەکی کەناڵی سی بی ئێس نیوز و کۆمپانیای یوگەڤ پیشانیدەدات، 51%ـی بەشداربووانی راپرسییەکی سەرانسەری وڵات پاڵپشتی لە جۆ بایدن دەکەن و لە بەرامبەردا تەنیا 41%یان ئامادەن دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ بدەن.
هاوکات هەر ئەمڕۆ ئەنجامی راپرسی لە هەندێک لەو ویلایەتانەش بڵاوکرایەوە کە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات لە مانگی نۆڤەمبەردا یەکلاکەرەوەن. بەگوێرەی راپرسییەکی کەناڵی سی ئێن ئێن، 51%ـی ئەو کەسانەی لە فلۆریدا بەشداری راپرسییەکەیان کردووە دەنگ بە بایدن دەدەن و لە بەرامبەردا 46% یان دەنگدەری ترەمپن.
لە ئەریزۆناش، بایدن پشتگیری 49%ـی دەنگدەرانی راپرسییەکی سی ئێن ئێن و ترەمپیش پشتگیری 45%ـی دەنگدەرانی ئەو ویلایەتەی هەیە.
راپرسییەکەی سی بی ئێس نیوز و کۆمپانیای یوگەڤیش دەریدەخات، دەنگدەری ترەمپ لە دەنگدەری بایدن لە ویلایەتی ئۆهایۆ زیاترە، بەڵام جیاوازییەکە تەنیا 1%ـە. لە ویلایەتی میشیگنیش 48%ـی بەشداربووانی راپرسییەکەی سی بی ئێس و یوگەڤ دەنگدەری بایدنن و 42٪یشیان دەنگدەری ترەمپن.
ترەمپ: جۆش و خرۆشمان لە هەمووکات زیاترە
ترەمپ بە گوتەکانی بێت دڵنیایە لە هەڵبژاردنەکەی 3ـی تشرینی دووەمی داهاتوودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت. ئەمڕۆ لە تویتێکیدا دەڵێت، "بەگوێرەی رای زۆرینە، تیمی بانگەشەی ترەمپ جۆش و خرۆشی لە هەموو بانگەشەیەک لە مێژووی وڵاتە گەورەکەماندا زیاترە؛ تەنانەت جۆش و خرۆشی لەوەی ساڵی 2016یش زیاترە".
ترەمپ هەروەها دەڵێت، تیمی بانگەشەی "بایدن ئەو جۆش و خرۆشەی نییە. رۆژی 3ـی نۆڤەمبەر ئەو زۆرینەیەی ئێستا بێدەنگە قسەی خۆیان دەکەن. راپرسییە فەیک و هەواڵە فەیکەکان چەپە رادیکاڵەکە رزگارناکەن".
جۆ بایدنیش بە دوو وشە وەڵامی ترەمپی داوەتەوە کە نووسیویەتی، "100 رۆژ".
کێشەکانی بەردەم ترەمپ
کۆرۆنا کێشەیەکی جیددی بۆ تیمی بانگەشەی ترەمپ خوڵقاندووە؛ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 4 ملیۆن تووشبووی کۆرۆنا لە ئەمریکا تۆمارکراون و نزیکەی 150 هەزار تووشبووش گیانیان لەدەستداوە. کۆرۆنا زیانێکی گەورەی لە ئابووریی ئەمریکاش داوە و ملیۆنان کەس بێکاربوون.
هاوکات مامەڵەی سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەر خۆپێشاندانەکانی مانگی رابردووی دژی رەگەزپەرستی و هەڕەشەی بەکارهێنانی سوپا بۆ کپکردنەوەیان خەڵکێکی زۆری توڕەکردووە.
لە بواری سیاسەتی دەرەوەیشدا، هەندێک رەخنە لە سەرۆکی ئەمریکا دەگیرێن، لەوانەش گرنگینەدان بە دیموکراسی لە بنچینەی مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتاندا، دوورکەوتنەوە لە هاوپەیمانەکانی واشنتن لە ئەوروپا، پێشاننەدانی کاردانەوەی تووند بەرامبەر تورکیا لە بەرامبەر کڕینی سیستەمی دژە مووشەکی لە رووسیا و چەندین پرسی دیکە.
بەڵام دۆناڵد ترەمپ پێیوایە، ئەو مامەڵەیەی دەیکات راستە و دەڵێت، ویستی بایدن بۆ هەڵوەشاندنەوەی "شێوازی ژیانی ئەمریکا" وادەکات تاوان لە وڵاتدا زیادبێت.
ئاستەنگەکانی بەردەم جۆ بایدن
جۆ بایدنیش هەندێک ئاستەنگی جیددی هەیە کە زۆربەیان بێرنی ساندەرز، رکابەری پێشووی بۆ بوون بە بەربژێری پارتی دیموکرات پەردەی لەسەر هەڵماڵین و ئێستاش تیمی بانگەشەی ترەمپ دژی بەربژێرەکەی دیموکراتەکان بەکاریان دەهێنن، لەوانە:
- پاڵپشتیکردن لە هەوڵەکان بۆ بڕینی بیمەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی
- پاڵپشتینەکردن لە لەباربردنی منداڵ لەلایەن دایکانەوە
- پشتگیریکردن لە هەندێک رێککەوتننامەی بازرگانی کە خەڵکی هەندێک ویلایەتی وەک میشیگن و ویسکنسن و ئیندیانا زۆربەی بەندەکانی رەتدەکەنەوە
- پاڵپشتیکردن لە ئۆپەراسیۆنی ساڵی 2003ـی سەر عێراق و کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق لە کۆتایی ساڵی 2011 بە جۆرێک کە بووەهۆی دەرکەوتنی داعش
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق