ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی لێدان لە بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بەردەوامە، هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی چیای خامتیر چڕکراونەتەوە و لە 24 کاژێری رابردوو نزیکەی 20 جار دەوروبەری ئەو چیایە و گوندی منینێ و شاقولێ تۆپبارانکراوە.
بەپێی ئەو زانیاریەكان، ئێستا سوپای تورکیا زیاتر لە چیای خامتیر خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە، هێزێکی زۆریشی بردووەتە جزیرەی بۆتان بۆ گەیاندنی پشتیوانی بە هێزەکانیان لە خاکی هەرێمی کوردستان و ئەو خاڵە سەربازییانەی لەمیانی ئەو ئۆپەراسیۆنە دایانناوە. بەشێکی ئەو هێزەشیان بردووەتە دەوروبەری گوندی هروورێ کە دەکەوێتە سنووری قەزای ئامێدی.
تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنەدا ئامانجی ئەوەیە ناوچە سنوورییەکانی قەزای زاخۆ لە هەبوونی هەر چالاکییەکی چەکداریدا پاکبکاتەوە، دوای ئەوەی دوێنێ گەریلاکانی پەکەکە لە چیای خامتیر هێرشیانکردە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا، جارێکی دیکە سوپای تورکیا دەستی بە کێوماڵکردنی ئەو چیایە کردەوە.
سوپای تورکیا دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی ئەو چیایە بۆ ئەوان شوێنێکی ئارامە، بۆ ئەوەی لەوێوە دەست بە قۆناخی دووەم بکەن ئۆپەراسیۆنەکەیان بەرفراوانتر بکەن و بەرەو ناحیەی کانی ماسی و پاشان بچێتە ناوچەکانی بەرواری باڵا و نێروەو رێکان تاوەکو دەگاتە دینارتە سەر بە قەزای ئاکرێ.
26ی مانگی رابردوو سەربازانی تورکیا بە هەلیکۆپتەر دابەزینە سەر چیای خامتیر، کە پێنج کیلۆمەتر لە گوندی شەرانش-ی ناحیەی دەرکاری زاخۆوە دوورەو خاڵێکی پاسەوانی سنووری تێدایە.
چیای خامتیر لە ناحیەی دەرکارە کە سەر بە قەزای زاخۆیە، چیاکە پێنج کیلۆمەتر لە گوندە ئاوەدانەکانی ناحیەکەوە دوورە. بەهۆی جێگیربوونی هێزی سەربازیی تورکیا لە چیای خامتیر و تۆپباران و بۆردوومانی بەردەوامیش لە ناوچەکە لە چەند رۆژی رابردوودا، دڵەڕاوکێی لەنێو خەڵکی 30 گوندی ناوچەکە دروستکردووە کە 13 هەزار کەس تێیدا دەژین، هەروەها 27 هەزار پەنابەر کە لە سێ کەمپی جیاجیا لەو سنوورەدا نیشتەجێن.
لە رۆژی 15-06-2020، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی بە ناوی (چڕنووکی هەڵۆ) بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان دەستپێکرد، دوو رۆژ دواتریش ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی بەناوی (چڕنووکی پڵنگ) لە ناوچەی حەفتانین لە سنووری زاخۆ دەستپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق