یاسای چاكسازیی نەزیفی خانەنشینی دەوەستێنێت‌

ليست هناك تعليقات

ڕاپۆرت
-
لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە دۆسێی خانەنشینی بە گەرمی هاتەوە بەرباس و رووپەری میدیا و سۆشیال میدیا.
ئەگەرچی ئەمجارە باسی خانەنشینی زیاتر رووی لە پەرلەمانتار و پلەباڵاكانە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە رۆژی 30ی حوزەیراندا، لە گشتاندنیكدا كە واژۆی سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستانی بەسەرەوەبوو باس لەوەكرابوو بەپێی بڕگەی شەشەم لە ماددەی حەوتەمی یاسای ژمارە دووی ساڵی 2020ـی یاسای چاكسازی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان و عێراق، دەستبەرداربوونی ئارەزوومەندانە لە خانەنشینی پەرلەمانتاری خوولەكانی یەكەم، دووەم، سێیەم و چوارەمی پەرلەمانیش دەگرێتەوە، لە 1ـی 7 تاوەكو 30 رۆژی دیكە دەتوانن داوا بكەن خانەنشینی ئارەزوومەندانە رەتبكەنەوە.

خانەنشینان لە هەرێمی كوردستان
بەپێی ژمارەكان، لە هەرێمی كوردستان كە یەك ملیۆن و 255 هەزار مووچەخۆر هەن، 244 هەزار كەسیان خانەنشینن و مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی لە هەرێمی كوردستان
كۆی گشتی خانەنشینان پێكدین لە 244.000 كەس
كە دابەش دەبن بەسەر
فەرمانبەرانی شارستانی
پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ
دەزگای گشتی ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش
پێشمەرگە
كەمئەندامی سەنگەر

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەم خانەنشینانە لە هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای ماددەكانی 
یاسای خانەنشینی یەكگرتوو ( ژمارە 27 ساڵی 2006 )ـی هەمواركراو
یاسای ڕاژەی زانكۆیی ( ژمارە 23 ساڵی 2008 )
یاسای مووچەی دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی ( ژمارە 27 ساڵی 2008 ) 
یاسای ڕاژە و خانەنشینی كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ( ژمارە 18 ساڵی 2011)
یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ( ژمارە 38 ساڵی 2007 ) 
یاسای كەم ئەندامانی پێشمەرگەی سەنگەری ( ژمارە 34 ساڵی 2007 )

رێكخراون و هەندێ‌ ئاماریش باس لەوە دەكەن كە تەنها لە سلێمانی نزیكەی 30 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن و بە گشتی مانگانە 105 ملیار دینار بۆ مووچەی خانەنشینی تەرخان دەكرا.

خانەنشینی پلەتایبەت

لە هەرێمی كوردستان پلەتایبەت یەكێكە لەو دەستەواژانەی زۆر دێتە بەرگوێ‌، بەتایبەت لەناو خەڵكدا و لە تەواوی ناڕەزایی و نیگەرانییەكان لە دواكەوتن یان كەمكردنەوەی مووچە یەكسەر ئەم دەستەواژەیە دەبیسترێت و بەردەوام وەك جۆرێك لە بارێكی قورس بەسەر شانی مووچەخۆران و خانەنشینانەوە وێنا دەكرێن.

پلەتایبەت بەو كەسانە دەوترێت كە بە مووچەیەكی بەرز پێشتر خانەنشین دەكران كە رێژەی لەسەدا 80ی مووچەكەی خۆیان بوو كە پێكهاتبوون لە 
سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و جێگرەكانیان
وەزیر و پەرلەمانتاران
بریكاری وەزیر و راوێژكار
پارێزگار و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان
بەڕێوەبەرە گشتییەكان

لەدوای دواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە رۆژی یەكی تەمووز بەڕێوەچوو و یەكێك لە تەوەرەكانی دۆسێی خانەنشینی بوو، بڕیاردراوە كە مووچەی پلە تایبەتەكان لە چوارچێوەی یەك بەڕێوبەرایەتی گشتیدا بە كەمكردنەوەیەكی رێژەیی بەرزەوە رێكبخرێنەوە.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە میدیاكارانی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە یاسای چاكسازی لە هەرێمی كوردستان چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەوەشی كە پەیوەندی بە دۆسێی خانەنشینانەوە هەیە، بە وتەی وتەبێژی حكومەت، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە بە دامەزراندنی پەیكەری سندوقی خانەنشین و بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین بۆ پلە تایبەتەكان و داهاتی ئەو سندوقە جێگیر دەكرێت و وەك سەرمایەیەك دەپارێزرێت و مافی خانەنشینان پارێزراو دەبێت.

هەر بەپێی وتەكانی جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە رابردوودا چەند بەڕێوبەرایەتییەكی خانەنشینی هەبووە، بەڵام لەمەودوا هەمووی دەبێت بە یەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بۆ ئەو مەبەستەش پەیڕەوی بۆ دانراوە و هەفتەی داهاتوو لە ئەنجومەنی وەزیران دواین هەمواری بۆ دەكرێت.


عێراق چۆن خۆی قوتاركرد

ئەو كێشانەی ئێستا بۆ دارایی هەرێمی كوردستان دروستبووە بەهۆی خانەنشینی، هەمان ئەو كێشانەن كە پێشتر حكومەتی عێراق بە دەركردنی یاسایەك تێیی پەڕاندن و خۆی لێ‌ قوتاركرد بەناوی (یاسای خانەنشینی یەكخراوی ژمارە ٩ ی ساڵی ٢٠١٤ی عێراق) كە لەم یاسایەدا سەرجەم یاساكانی خانەنشینی لە عێراقدا توێندرانەوە و هەر ئەم یاسایەش وای كرد كە تەمەنی خانەنشینی و ساڵانی خزمەت و شایستە داراییەكان و پلەكان لەچوارچێوەیەكی یاسایدا رێكبخرێت.

د. بایەزید حەسەن، ئەندامی خولی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە خوێندنەوەیەكدا بۆ یاساكە كە بە یاسایەكی زۆر گرنگی دادەنێت، 24 خاڵی سەرەكی تێدا دەستنیشان دەكات و هەندێك لە خاڵەكان بۆ چەند بڕگەیەك دابەش دەبن، كە دواتر و دوای لێكدانەوەی سەرجەم خاڵەكان خوێنەر تێدەگات لە ئێستادا دەرمانی ئەو دەردەی بەهۆی خانەنشینییەوە هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە دەشێ‌ هەمان دەرمان بێت كە عێراق لە ساڵی 2014ەوە بەكاری دەهێنێت.


گرنگترین وردەكارییەكانی (یاسای خانەنشینی یەكخراوی ژمارە ٩ ی ساڵی ٢٠١٤ی عێراق) چییە؟

هەموو فەرمانبەرێك كە لە وەزیفەدا بێت مانگانە ٢٥ % ی مووچەی دەبڕڕێت و دەخرێتە سەر سندوقی خانەنشینی نیشتیمانی ، لەو ٢٥ % یە ، فەرمانبەر ١٠ % مووچەی دەدات كە لە مووچەی مانگانەی دەبڕڕێت و حكومتیش ١٥ % ی بۆ دەدات.

فەرمانبەر لە تەمەنی ٦٣ ساڵی خانەنشین دەكرێت بێگوێدانە ماوەی خزمەتەكەی بەلام ئەگەر فەرمانبەرەكە تەمەنی ٦٣ ساڵی تەواو كرد ، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێ ماوەیەك كە لە ٣ ساڵ زیاتر نەبێت خزمەتەكەی بۆ درێژبكاتەوە ئەویش بە رەچاوكردنی جۆری پسپۆڕی وجۆری وەزیفەكەیی و پێویستی فەرمانگەكە بەو فەرمانبەرە.

فەرمانبەر ئەگەر تەمەنی گەیشتە پەنجا ساڵی دەتوانێ داوای خانەنشینی بكات یان ئەگەر خزمەتی لە ٢٥ ساڵ كەمتر نەبێت.

فەرمانبەرێك لەسەر كار لابرا بێتیان دەركرابێت یان وەزیفەكەی جێهێشتبێت یان دەستی لەكاركێشابێتەوە لە مافی خانەنشینی بێبەش ناكرێت بەلام خانەنشینی بۆ خەرج ناكرێت تاكو تەمەنی ٥٠ ساڵی تەواو نەكات و بەلایەنی كەمەوە خزمەتی لە ٢٠ ساڵ كەمتر نەبێت 
ئەگەر فەرمانبەرێك لە كاتی خزمەتی وەزیفیدا تووشی نەخۆشیەك بێت چاكبوونەوەی نەبێت و لیژنەی پزیشكی بڕیایی یەكلاكەرەوەی دا كە بەكەڵكی وەزیفە نەماوە ، ئەوا فەرمانبەرەكە خانەنشین دەكرێت بێگوێدانە ماوەی خزمەتە وەزیفییەكەی و ئەگەر خزمەتەكەی لە ١٥ ساڵیش كەمتر بێت ئەوا بۆ دەگەیەنرێتە ١٥ ساڵ.

هەر ماوەیەك بۆ مەبەستی خزمەتی خانەنشینی ئەژمار بكرێت ئەوا دەبێت ئەو ماوەیە پارەی خانەنشینی بۆ درا بێت ، ئەگەر بۆی نەدرێت بە خزمەتی خانەنشینی ئەژمار ناكرێت
ئەو فەرمانبەرەی دادەمەزرێنرێ یان دووبارە دادەمەزرێنرێتەوە دەتوانێ داوای ئەو خزمەتەی پێشووی بكات كە لە فەرمانگەكانی دەوڵەت كردویەتی ، ئەگەر پارە خانەنشینی بۆ ئەوە ماوە خزمەتەی نەدابێ ئەوا دەبێت بیدات . هەر ماوەیەكی خزمەتكردنی وەزیفی كە داوا دەكرێت بۆ خانەنشینی ئەژمار بكرێت دەبێت پارەی خانەنشینی بۆ درابێت ، ئەگەر پارەی خانەنشینی بۆ نەدرێت ئەوا ماوەكە بۆ خانەنشینی ئەژمار ناكرێت.

ماوەی خزمەتی وەزیفی پێش تەمەنی ١٨ ساڵی یان ماوەی خزمەتی وەزیفی دوای تەواوكردنی تەمەنی ٦٣ ساڵی بۆ خانەنشینكردن ئەژمار ناكرێت ( ماددەی ٢٠ / یەكەم ، خاڵی د ، ‌ه ) ، بەلام ئەوەی تەمەنی ٦٣ ساڵی تەواو كردبێ و بە فەرمانی ئەنجومەی وەزیران خزمەتی وەزیفییەكەی بۆ ماوەی ٣ ساڵ یان كەمتر درێژرابێتەوە ، ئەوا ئەو ماوە درێژكراوەی بە خزمەت بۆ ئەژمارە دەكرێت.

ئەو فەرمانبەرەی خانەنشین دەكرێت ، ئەگەر خزمەتی وەزیفییەكەی لە ١٥ ساڵ كەمتر نەبێت ئەوا شایستەی مووچەی خانەنشینییە و ئەو مووچەیەشی بۆ خەرج ناكرێت تاكو تەمەنی نەگاتە ٥٠ ساڵ .

ئەگەر فەرمانبەرێك لە شەش مانگ زیاتر خزمەتی هەبێت ئەوا بەیەك ساڵ بۆی ئەژمارە دەكرێت.

كەمترین رادەی مووچەی خانەنشینی ( ٤٠٠ ) هەزار دینار دەبێت بە دەرماڵەی مەعیشەتیشەوە و هەروەها نابێت مووچەی خانەنشینی هەر خانەنشینێك لە ١٠٠ % ی مووچەكەی بنەڕەتییەكەی كە لە وەزیفەكەدا بووە زیاتر بێت .

خانەنشینكراو دەرماڵەی بڕوانامە و دەرماڵەی مەعیشەتی بۆ دەخرێتە سەر مووچەی خانەنشینییەكەی كە بەپێی هاوكێشەكەی سەرەوە بۆی بڕاوەتەوە و بەم شێوەیەی خوارەوە :

• بۆ هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم دەرماڵەی- ٥ % ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ

• بۆ هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس -١٠ % ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ.

• بۆ هەڵگری بڕوانامەی ماجستێر -١٥ % ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ.

• بۆ هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا -٢٠ % ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ.

• بۆ هەر ساڵێك خزمەتی فەرمانبەری دەرماڵەی ( معیشە )ی بەرێژەی ١ % دەدرێت بە خانەنشین بۆ نمونە ، ئەگەر خانشینێك ٢٠ ساڵ خزمەتی فەرمانبەری هەبێت ئەوا مووچەی خانەنشینییەكەی بە رێژەی ٢٠ % زیاد دەكات . ئەم دەرماڵەیە ئەوانە ناگریتەوە كە مووچەی خانەنشییەكەیان لەسەر بنچینەی كۆی مووچەی فەرمانبەری و دەرماڵەكان بۆ ئەژمار دەكرێ وەكو پارێزەران و دادوەران و مامۆستایانی زانكۆ و رۆژنامەنوس ........ .

ئەوەی خانەنشین دەكرێت بە هۆی تەواوكردنی تەمەنی ٦٣ ساڵی ، ئەگەر خزمەتی لە ١٥ ساڵ كەمتر بێت و لە ١٠ ساڵ كەمتر نەبێت ، ئەوا مووچەكەی بۆ هەر ساڵێك لە ١٥ ساڵ تاكو ١٠ ساڵ بەبڕی (٥٠ ) هەزار لە ( ٤٠٠ ) هەزارەكەی كەم دەكات واتە بۆ خزمەتی ١٤ ساڵ ( ٣٥٠) هەزار دینار وەردەگرێ بۆ ١٠ ساڵ ( ١٥٠ ) هەزار دینار وەردەگرێ 

ئەم یاسای خانەنشینییە بۆ ئەوانەش دەبێت كە ( امر سلگە الائتلاف المو‌وقتە " المنحلە " رقم ٩١ لسنە ٢٠٠٤ ) دەیانگرێتەوە واتە ئەوانەی كە لە دژی رژێمی سەددام جەنگاون 

ئەو فەرمانبەرەی خزمەتی وەزیفییەكەی لە ١٥ ساڵ كەمترە و خانەنشین نابێت ، ئەوا پاداشتی خانەنشینی بەم جۆرە بۆ خەرج دەكرێت :

پاداشتی خانەنشینی = دوا مووچەی وەزیفی × ٢ × ژمارەی ساڵەكانی خزمەت

ئەگەر فەرمانبەرێك پاداشتی خانەنشینی وەرگرتبێ لەبەر ئەوەی خزمەتی وەزیفی تەواوی نەبووبێت بۆ خانەنشینی ، ئەوا ئەگەر گەڕایەوە بۆ سەر وەزیفە دەبێ ئەو پاداشتەی وەریگرتووە بێگەڕێنێتەوە بۆ حكومەت و دواتر كە بەپێی یاسای خانەنشینی خانەنشین دەبێت ، ئەوا سالانی خزمەتی پێش وەرگرتنی پاداشتی خانەنشینی و سالانی دوای گەڕانەوەی بۆ سەر وەزیفەی بۆ ئەژمار دەكرێت بۆ مەبەستی مووچەی خانەنشینی 

فەرمانبەر دەتوانێ داوای ئەوە بكات كە ئەو خزمەتەی لە كەرتی تایبەت هەیەتی بۆی بخرێتەسەر ئەو خزمەتەی كە لە حكومەت كردوویەتی بۆ مەبەستی خانەنشین بە مەرجێك ئەو خزمەتەی كەرتی تایبەتی كە بۆی دەخرێتەسەر خزمەتی وەزیفییەكەی لە نیوەی خزمەتی وەزیفییەكەی زیاتر نەبێت 

ئەنجومەنێك دروست دەكرێت بە ناوی ( ئەنجومەنی ووردبینی كێشەی خانەنشینان ) بۆ تەماشكردنی سكالای ئەوانەی تانەیان لەسەر بڕیارەكانی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی هەیە یان خۆیان بە ماف خوراو دەزانن 

بڕگەی شەشەمی ماددەی ٣٥ ی ئەم یاسایە كە تایبەتە بە خانشینكردنی باڵوێزەكان و ماددەی ٣٧ كە تایبەتە بە خانەنشینی پلە تایبەتەكان ( سەرۆككۆمار ، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ، وەزیر ، جێگری وەزیر ، راوێژكاران ،بەریوەبەری گشتی . . . هتد ) و بڕگەی سێهەمی ماددەی ٣٨ كە تایبەتە بە ( خانەشینكردنی بەرێوەبەری شارەدێ و قەزا و ئەنجومەنی شارەوانییەكان ) لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە راگیراون و كاریان پێناكرێت لەسەر ئەو بنەمایەی كە ئەو ماددە و بڕگانە نادەستورین.

ئەم یاسایە نزیكەی ١٠ یاسای پێشووی خۆی كە تایبەتن بە خانەنشینی هەڵوەشاندۆتەوە و تەنیا ٣ یاسا نەبێت كە هەڵینەوەشاندونەوە ( ماددەی ٣٨ / یەكەم ، دووەم )، ئەوانیش ئەم یاسایایەن.

یاسای دەزگای شەهیدان ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٠٦ ی هەمواركراو

یاسای دەزگای زیندانە سیاسییەكان ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠٠٦

یاسای قەرەبووكردنەوەی ئەوانەی زیانیان بەركەوتووە لە ئەنجامی كردارە جەنگی و هەڵە سەربازی و كردارە تیرۆریستییەكان ژمارە ٢٠ ی ساڵی ٢٠٠٩ .

ئەو فەرمانبەرەی وەزیفەكەی بەجێهێشتووە یان دەستی لەكاركێشاوەتەوە یان خانەنشین كراوە و هیچ مووچەیەكی خانەنشینی لە بری ئەو خزمەتە وەزیفیەی كردویەتی بۆ نەبڕاوەتەوە ، دەتوانێ ئەم خزمەتە وەزیفییەی بخاتەسەر ئەو خزمەتەی دواتر لە كەرتی تایبەت كردویەتی بۆ مەبەستی خانەنشینی بە مەرجێك پارەی هەموو سالەكانی كاركردنی بۆ خانەنشینی لە كەرتی تایبەت دابێت كە ١٠ % ی مووچەی مانگانەكەی بووە 

بۆ ئەوەی مافی ئەوانە نەخورێت كە پێش دەرچوونی ئەم یاسایە خانەنشین بوون ، ئەوا مووچەی خانەنشینیان بە گوێرەی ئەم یاسایە دووبارە بۆ ئەژمار دەكرێتەوە 

بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران بە زیاد بوونی هەڵاوسانی ساڵانە مووچەی خانەنشینی زیاد دەكرێت بەمەرجێك ئەو زیادكردنی مووچەیە لە رێژەی هەلاوسان زیاتر نەبێت.

لەم بڕگانەی سەرەوە كە پوختكراوەی گرنگترین خاڵەكانی ناو یاسای خانەنشینی یەكخراوی عێراقە، دەردەكەوێت كە هەمان ئەو گرفتانە یان ئەو خەوشانەی ئێستا لە دۆسێی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان هەن بە چەند بڕگەیەكی بنەڕەتی و چەند پاشكۆیەكی یاسایی لە عێراق چارەكراون.
لە ماوەی رابردووشدا لە هەرێمی كوردستان چەند جارێك داواكراوە و تەنانەت وەك پرۆژەیاساش پێشكەشكراوە كە یاسایەكی تایبەت بە خانەنشینی هاوشێوەی یاساكەی عێراق بەركار بكرێت، بەڵام تا هەنوكە نەتوانراوە یەكێك لە ئاڵۆزترین و گوماناوی ترین دۆسێكان بە یاسایەكی گشتگیر یەكلایی بكرێتەوە كە ئەویش دۆسێی خانەنشینییە.
ڕاپۆرتی پەیسەر پرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif