نوێبوونەوەی راگەیاندن

ليست هناك تعليقات


ماردین عبدلكریم
-
سەركەوتنی كۆنگرەی چوارەم، لەدوا رۆژەكانی دوا مانگی ساڵی رابردوودا، بەتەنها بریتی نەبوو لە نوێكردنەوەی جەستەی سیاسی، بەڵكو هاوتەریب لەگەڵیدا وەك بەشێك لە پێویستییەكان دەیەوێت جەستەی رێكخراوەیی‌و میدیایی‌و تەواوی پنتەكانی دیكەش نوێبكاتەوە.

راستییەكەی، ئۆرگانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەتایبەتیش راگەیاندن، هەستەوەری حزبەو دەمێكە كاتی نوێكردنەوەی هاتووە، ئەو پرۆسیسی نوێكردنەوەیە دەبێت بەجۆرێك بێت لەگەڵ داواكاریی سەردەم و شەپۆلی گۆڕانكاری‌و دەركەوتە نوێیەكانی تەكنەلۆژیای پەیوەندییەكان و ئایدۆلۆژیای یەكێتی رێبكات، بۆیە چیتر دواخستنی نوێكردنەوەی میدیای یەكێتی لە بەرژەوەندیماندا نییە.

راگەیاندنی یەكێتی، بەدڵنیاییەوە، بەهۆی فاكتەری بابەتی، چیتر وەك دەورانی زێڕینی خۆی سەرمەشق نەماوە، چیدیكە وەك رابردوو سەرقافڵەی راگەیاندن نییە، چونكە لەو پێشبڕكێ نوێیەی جیهانی میدیا‌و میدیای ژمارەیی، توانستە میدیایی‌و مرۆییەكانی ئەوانی دیكە، پێش ئێمەیان داوەتەوە، لەو ركابەرییە نوێیەشدا بەدڵنیاییەوە، توانا مرۆییەكانی میدیاكانی تر، یەكێتی‌و راگەیاندنەكەیان وەك قوتابخانەو فێرگەی راستەقینە بەكارهێناوە، ئەزموونیش پێماندەڵێت گەنجینەكەمان پر توانستە، گەر دڵسۆزان‌و ئەهلی پیشەكە بەگەڕیبخەن، ئێستاش یەكێتی لەگەڵ بەسیمبول هێشتنەوەی بەشێك لەڕاگەیاندنەكەی، گۆڕانكاریی نەك پێویستە، بەڵكو حەتمییە.

یەكێك لە لێكەوتەكانی شەڕی ناوخۆ، گواستنەوەی جوگرافیای دەرچوواندنی رۆژنامەی (كوردستانی نوێ) بوو بۆ سلێمانی، لەكۆبوونەوەیەكدا كادران لە هەڤاڵ مام جەلال دەپرسن رۆژنامەی كوردستانی نوێ ناگەڕێنیتەوە هەولێر، مامی گەورە لەوەڵامدا دەڵێت (كوردستانی نوێ، شوێنی خۆی لەشارە حەیاتەكە گرتووە، وازی لێبێنن و دەكرێ ئێوەش ببنە خاوەن رۆژنامەی خۆتان، ئەمنیش پشتیوانتان دەبم).

ئێستاش لەسەر قسەی مامی گەورەو لەچوارچێوەی دروشمی نوێبوونەوەدا دروستكردنی راگەیاندنی نوێ لەفۆرمێكی سەردەمیدا بۆ ناوچەكان كاتی هاتووەو بگرە درەنگیشە.

یەكێتیی نیشتمانی، وەك ئەوەی هەمیشە دەستپێشخەربووە بۆ داهێنان، بۆیە بەخەم هەڵگرتنی میدیای نیشتمانیی دوور لەناوی حزبی و ئەقڵییەتی لۆكاڵی ئەركی یەكێتییەكانە، لەكاتێكدا بەشێك لەوەی ئێستا كەناڵە ئاسمانییەكان بۆ جیهانی پەخشدەكەن خەمێكی جیهانی نییە، بەنموونە (شكاندنی بۆری ئاوی دوكان) وەك ئەوەی لە هیچ وڵاتێكدا بۆرییەك نەشكابێ، خۆ ئەگەر شكاش جا ئەوە كەی خەمی منە؟.

خەمی خەڵك گەیاندنی هەواڵی تۆپبارانكردنی سنوورەكان ‌و كوشتنی هاووڵاتی سڤیلە، خەمی ئێمە هاوزمانەكانمانە كە لە بوونمانەوە تەعریب و تەتریك و تەفریس-ی وڵات و زمان و كلتورو ئایدیاو ئایینمان دەكەن، خەمی ئێمە مافی مرۆڤە، خەمی من ئێسك و پروسكی ئەنفالەكانە، خەمی من پەروەردەكردنی گەنجەكانە، مافی منداڵانە، خەمی من نەبوونی ئازادیی رادەربڕینە، خەمی من خەمی هاووڵاتییە و هاووڵاتیش خەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، كەواتە دەبێ بۆ هەنگاوی یەكەم بیر لە دروستكردنی میدیایەكی نیشتمانی بكەینەوە بەجۆرێك هاووڵاتی بە ئاوێنەی خۆی بزانێت، هەر ئەمەش لە یەكێتی چاوەڕوانكراوە، بۆ ئەمەش پێویستمان بەئاژانسێكی هەواڵە، تا بتوانین بەشێوەیەكی زانستی و ئەكادیمیانە كار لەسەر هەواڵی كوردستان بكەین چ بۆ ناوخۆ یان بۆ جیهان.

هاوكات بەو پێوەرەی هەر شارو شارۆچكەیەك تاڕادەیەك سیماو فەرهەنگ و كلتوورو پێداویستیی جیاوازی هەیە، پێویستە بەكەناڵی جۆراوجۆری ناوخۆیی كێماسییەكانیان پڕبكەینەوە، دەكرێ بۆ ناوچەیەك تیڤی ناوخۆیی پەیامی پێویست بگەیەنێت، دەشێ بۆ ناوچەیەكی تر، گۆڤارێك یان رادیۆ ئامانج بپێكێ، كە هەمووان پێكەوە لەژێر سایەی مەكتەبی راگەیاندندا خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەن.

بەگشتی، ئەوەی ئێستا لەڕاگەیاندنی كوردیدا دەگوزەرێ، جگە لە فەوزای سیاسی، هیچی تر نییە، بەتایبەتی ئەو تیڤیانەی خۆیان بەبێ ركابەر لەناوچەكەدا دەبینن، هەروەها دەروێشەكانی سۆشیال میدیا، كە لەڕووی سایكۆلۆژییەوە دەروونناسەكان بەكەسانێكی رق لەدڵ بەرامبەر هەموو شتێ پێناسەیان دەكەن. كەواتە كاتێتی میدیای یەكێتی بە تەكنیكی نوێوە بێتە مەیدان، بە ستراتیژ و روئیایەكی نوێ، پێناسەیەكی نوێ بۆ راگەیاندن بكات، بوونی بۆشایی گەورە لەباشوور بۆ میدیایەك، كە تولەڕێیەكەی بۆ حزب و شاڕێیەكەشی دەنگی خەڵك بێت، ئەركی یەكێتییەكانە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif