كوشتن وەك شانازی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لای ترامپ

ليست هناك تعليقات

مایك پێنس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مەریكا راگه‌یاند: "وه‌كو كه‌سێك كه‌ ماوه‌ی سێ ساڵ و نیوه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك تره‌مپ كار ده‌كه‌م، ‌هه‌روه‌ها وه‌كو باوكێك كه‌ منداڵێكم سه‌ربازه‌ و خه‌زوورم ئه‌ندامێكی هێزی ده‌ریایی ئه‌مەریكایه‌، زۆر شانازی ده‌كه‌م كه‌ شاهێدی ئەوە دەدەم، سه‌رۆكه‌كه‌مان به‌رده‌وام هه‌وڵی داكۆكی له‌ سوپاکەمان ده‌دات‌، جا ئه‌وه‌ بۆ زیادكردنی بودجه‌ی سوپا بێ، یان بڕیاری له‌ ناوبردنی رێبه‌ری داعش و كوژرانی قاسم سوله‌یمانی."

پێنس له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا دەرباره‌ی هه‌وڵه‌كانی تره‌مپ به‌ مه‌به‌ستی داكۆكی و پشتیوانی له‌ سوپای ئەمەریكا وتی: "سه‌رۆك تره‌مپ له‌ هیچ هه‌نگاو و بڕیارێك سڵ ناکاتەوە بۆ ئه‌وه‌ی گیانی هێزه‌ پیاده‌، ئاوی و ئاسمانی سوپای ئه‌مەریكا بپارێزرێت."

گرێدراو به‌م قسه‌و باسانه‌وه‌، كه‌یڵی مه‌ك ئه‌نانی وته‌بێژی كۆشكی سپی رایگه‌یاند: "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تره‌مپ به‌رده‌وام باشترین بڕیاری داوه‌ بۆ پاراستنی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا، له‌ ناوچه‌كه‌، وه‌كو كوشتنی قاسم سوله‌یمانی كه‌ بكوژی 600 كه‌س له‌ هێزه‌كانی ئه‌مەریكا بوو. سه‌رۆك تره‌مپ به‌رده‌وام بۆ داكۆكی له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مەریكا باشترین ڕێگاچاره‌ی گرتۆته‌به‌ر، له‌ لایه‌ك بڕیاری كوشتنی قاسم سوله‌یمانی داوه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ كاتێك ئێران فڕۆكه‌یه‌كی بێ فرۆكه‌وانی ئه‌مەریكای خسته‌خواره‌وه‌، سه‌رۆك به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی گیانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی، ئاماده‌ نه‌بوو فه‌رمانی هێرشی هاوچه‌شن بدات.‌"

قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، كه‌ لقی ده‌ره‌وه‌ی‌ سوپایه‌، بەهۆی هێرشێكی ئەمەریكا لە رێگای فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، لە 3ی مانگی یه‌كی 2020 لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كوژرا.

سه‌رۆكی ئه‌مەریكا به‌ فه‌رمی رایگه‌یاند كه‌ به‌ فه‌رمانی راسته‌وخۆی ئه‌و قاسم سوله‌یمانی و شانده‌كه‌ی كراونه‌ته‌ ئامانج و كوژراون.

هه‌روه‌ها ئه‌‌بوبه‌كر به‌غدادی، رێبه‌ری داعش له‌ لایه‌ن 8 هێلیكۆپته‌ری ئه‌مەریكاوه‌ كاتژمێر 12:30 خوله‌كی شه‌وی27ی مانگی 10ی ساڵی 2019 له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی حه‌له‌ب، له‌ سوریا، كرایه‌ ئامانج و كوژرا.

هه‌نووكه‌ش تره‌مپ له‌ کێبڕکێیەکی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی 2020دا، كه‌ بڕیاره‌ مانگی 11ی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، بڕیاری كوشتنی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی به‌ ده‌سكه‌وتێكی مه‌زن‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ی ئه‌ژمار ده‌كات.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif