شۆرش ئەنوەر
-
خۆکوشتن بەتایبەت بەبیانوی بێزرابوون لەم دۆخە نائومێدکەرەی ئێستا، لەدیاردە هەرە غەمگین و هەروەها ترسناکەی ئێستای ناو دونیای ئێمەن، یەکترکوشتن لەسەر شتی پڕوپوچ رەنگە تائەندازەیەک ئاسایی تر لێی بڕوانین بەو ئیعتیبارەی کە پێشتریش کۆمەڵگەکەمان خاوەن میراتێکی گەورەی لەو جۆرە روداوانەیە کەتێیاندا مرۆی کوردی لەسەر شتگەلێک دەستیان چۆتە خوێنی یەکتر کەجیگای گاڵتەجاڕین!
بەڵام ئەوەی کە مرۆڤی کورد بەتایبەت رەگەزی نێر کە چیدی بەرگە نەگرێ و دەستی بچێتە کوشتنی خۆی، بەجۆرێک هەفتانە گوێ بیستی رودوای زۆرغەمگینی لەوبابەتە بین، ئەمەیان ئاسایی نیەو ئەمەیان زۆرنامۆیە بەسروشتی زبری تاکی نێرینەی کورد!
پێشتریش ناسۆروسەختی گەورە گەورە بەتایبەت لەسایەی رژێمە غەیرە کوردیەکان رووبەرووی تاک و کۆمەڵگەی کوردی بونەتەوە، بەڵام لەهیچ کاتێکدا بەو جۆرەی ئێستا تاکی کورد بۆ دەربازبوون رووی لەبریاری خۆکەشتن نەکردۆتەوە ،خەریکە وای لێ دێت خۆکوشتن رێگایەک بێت بۆ رزگاربوون!
بۆچونم وایە جگە لەنائومێدیەکی قوڵ، یەکێکی تر لەهۆکارە هەرە سەرەکیەکانی ئەم دیاردەیە، پەیوەندی هەیە بەهەستی شکانەوەو ئەو هەموو سوکایەتیە گەورەو بەردەوامانەی کەزۆبەمان تاڵیەکەی دەچێژین، باوەڕم وایە لەهیچ سەردەمێکدا وەک ئەم سەردەمەی ئێستا هاوڵاتی کورد هەستی بەشکانەوەو سوکایەتی پێکران نەکردووە، بەتایبەتیش لەلایەن دەسەڵاتێکی خۆماڵیەوە کەمەحسوبە لەسەر کورد، ، دڵنیاشم هێشتا هەن بەرگری لەم دەسەڵاتە دەکەن و هەڵبەت هێشتاش بایی ئەوە بێ چاووروون کەبڵێن دەسەڵاتی کوردی کام سوکایەتی بەهاوڵاتیانی دەکات و هۆکاری کام نائومێدکردنی خەڵکەکەیە!
ئەی ئەو کەسەی کەبیر لەخۆکوشتن دەکەیتەوە، منیش وەک تۆ زۆۆۆۆر نائومێدم، وەک تۆهەست بەشکانەوەوسوکایەتیەکی گەورەی بەردەوام دەکەم، وەک تۆش هەمان ئەو بیانوانەم هەن کەبمبەنەوە سەرخۆکوشتن، بەڵام خۆشم ناکوژم، بۆئەوەش دونیایەک پاساوی جوانترم لەپاساوەکانی تۆ هەیە بۆ مانەوە لەژیان، لەوانە ئیمان، ئەو ئیمانەی کەپێم دەڵێت (ولاتقتلوا انفسکم ان الله کان بکم رحیما_ خوتان مەکوژن بەدڵنیایی خودا لەگەڵ ئێوە دلۆڤان ومیهرەبانە) دڵنیابە خوای گەورە میهرەبانی ئەوەت لەگەڵ دەکات کەنەمانی ئەم دەسەڵاتە دۆڕاوو دڕڕزاوە ببینی، ئەی ئەوەنیە وا ریسوابوونەکەی دەبینی؟ مەگەر هیچ سەردەمێک هەیە وەک ئێستا تێیدا دەسەڵاتی کوردی ریسوا و زەلیلی هەموو لایەک بوبێت؟! بەخۆکوشتنت دەرفەتی بینینی نەمانیشی لەکیس خۆت مەدە، پاشان دایکم، چۆن بەوەها کارێک جەرگی دایکم داغ دەکەم؟ شانەخانی ئەزیزم کەجگە لەسۆزی هاوسەریەتی، بۆنی ئەو باوکەشی کەزۆر نەیبینیوە بەمنیەوە دەکات! منداڵەکانم کەئێستاش بۆسەرئاو بەبێ من شەوانە ناوێرن بچن، بەڵێنی کاک پەیوەند عومەرە ئەگەر شەهید ببم پەخشانێکم بۆبنوسێ کەهێشتانازانێ چ سوتان و چ سۆزێک خۆی تێدا تەجەللا دەکات، بەڵام ئەگەر خۆم بکوژم، نەک هەرپەخشانەکە نانوسێت بەڵکو رەنگە ئیتر هەرچی قەڵەمی دونیا هەیە بیشکێنێ و بۆ ئەبەدیش ببێتە دوژمنی نوسین، ئەگەرمن وەها کارێک بکەم ئەو کات بەرزان ئەیوب و حەسەن مینە گێچەڵ بەکێ بکەن! ئێواران مامۆستا رەسوڵ زەنگڵ شیرە گەرمەکەی لەگەڵ کێ لەباخچەکەیدا بخواتەوە! بەختیار عبدالله بەکێ بڵێ( وەی لەکوپی قوڕێت نێم )کاتێک شتێکی بۆ هەڵدەبەستم!
راستیەکەی سەرەرای ئەو هەموو ناسۆرو دۆخە خراپەی کەتێیدا دەژین، رەنگە بتوانم سەدەها پاساوی زۆر جوان بنوسم بۆئەوەی بمێنمەوەو خۆم نەکوژم، تۆش ئەی ئەوکەسەی کەبیر لەخۆکوشتن دەکەیتەوە،لەگەڵ خۆت بکەوە گفتوگۆ، سەیرێکی دەوروبەرت بکە، بزانە پاساوەکانی مانەوەت زیاترن یان نا!
خۆت مەکوژە ، خودا میهرەبانە، هێشتا بەهای زۆر ماون کەلەپێناویاندا بژین و بمێنینەوە... رۆژ لەئاسۆ هەر هەڵدێت، بمێنەوە بۆ ئەو رۆژە، کار بکە بۆ ئەو رۆژە ...
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق