وادەی هەڵبژاردنی عێراق دیاری كرا

ليست هناك تعليقات

سەرۆك وەزیرانی عێراق، ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ی وەك ڕۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دیاریكرد
بەپێی بڕیارەكەی مستەفا كازمی هەڵبژاردنی عێراق كەمتر لە ساڵێكی ماوە و تەنها ١٠ مانگیتر هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاری کرد و راگەیاند، رۆژی 6ـی حوزەیرانی 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت. یۆنامیش پاڵپشتی بۆ بڕیارەکەی کازمی دەربڕی.

مستەفا کازمی،سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکیدا لەبارەی دۆخی عێراق باسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، هه‌موو هه‌وڵێكیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ سه‌رخستنی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ و ئه‌ركی پاراستن و دابینكردنی سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانیشی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن. "داوا له‌ برا و خوشكه‌كانم له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی به‌ڕێز ده‌كه‌م، یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان پێشكه‌شی سه‌رۆككۆمار بكه‌ن بۆ په‌سندكردنی و بۆ ئه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ته‌واوه‌تی سه‌ربه‌خۆ بێت و كاره‌كانیش به‌بێ لایه‌نانه‌ ئه‌نجامبدات". 

بە گوتەی کازمی، هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ژێر چاودێری تیمی چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی دەکرێت، "به‌ڵێن ده‌ده‌ین هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ ركابه‌ره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان بیانپارێزین بۆ ئه‌نجامدانی بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردن، كه‌ كاریگه‌ریی هێزه‌ چه‌كداره‌كانیان به‌سه‌ردا نه‌بێت و ئیراده‌ی گه‌ل ساخته‌ نه‌كرێت". 

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق- یۆنامی لە کاردانەوەی بڕیارەکەی کازمی رایگەیاند، پێشوازی لە بانگەوازی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە رۆژی 6ی حوزەیرانی داهاتوودا و "هەڵبژاردنی پێشوەختە داواکارییەکی سەرەکی خەڵکی بۆ گەیشتن بە سەقامگیرییەکی زیاتر و دیموکراسییەکی گەشەکردووتر لە عێراقدا جێبەجێدەکات". 

لە راگەیێندراوەکەی یۆنامیدا هاتووە، نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادەیە پاڵپشتی و راوێژی تەکنیکی پێشکێشبکات بۆ دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد، خاوێن و قبووڵکراو لە عێراقدا.

جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هەڵبژاردنێکی بێلایەن، باوەڕپێکراو، ئازاد و دادپەروەرانە دەتوانێت سیستەمی سیاسیی رێکبخاتەوە و متمانە بۆ رای گشتیی بگێڕێتەوە. 

هەر لە پەیامەکەیدا سەرۆکوەزیرانی عێراقیش داوای لە گه‌نجان، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، رۆشنبیران و كه‌سایه‌تییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان کرد خۆیان رێكبخه‌ن و ئاماده‌بن بۆ بازدانێكی جۆریی و عێراق له‌ ته‌نگژه‌ی ململانێیه‌كان بۆ ئاسایش و سه‌قامگیری و گه‌شه‌پێدان و پێشبڕكێیه‌كی پاك ببەن "ئیراده‌ی ئێوه‌ ئاراسته‌ی عێراق ده‌گۆڕێت و ته‌پوتۆزی جه‌نگ و رشتنی خوێن و ناكۆكییه‌كان كۆتایی پێدێنێت".

مستەفا کازمی کە پێشتر بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی عێراق بوو، رۆژی نۆی نیسانی ئەمساڵ لەلایەن د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرا. مستەفا کازمی هەر لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا، بڕیاری ئازادکردنی سەرجەم ئەو خۆپێشاندەرانەی دا کە لەسەردەمی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە خرابوونە زیندانەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کار بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات. 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif