یاسین تەها
ڕە‌نگه ئه‌و كه‌سایه‌تییه ئیسلامیانه‌ی کە هاوشێوەی شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانین لە دنیای ئیسلامدا نەگەنە په‌نجه‌كانی یەک دەست، ئەم شێخە عارفە له یه‌ك كاتدا رێبه‌ری یه‌كێک له گه‌وره‌ترین ته‌ریقه‌ته‌كانی ته‌سه‌وف و ده‌روێشێتییە بەناوی ”قادریی“، له‌هه‌مان كاتیش‌دا جێگه ستایشی سه‌له‌فییه حه‌نبه‌لییه‌كانی ڕكابه‌ر و نه‌یاری ئه‌م رێچكه‌یه و ئەوەندە بەسە کە ئیبن تەیمیەی حەڕانی (1263ز مردووە) ستایش و بەرگریی لێکردووە.
به‌پێی زۆربه‌ی بۆچوونه مێژووییه‌كان شێخی گه‌یلانی له ئێران و دروست له ده‌وروبه‌ری ڕۆخی ده‌ریای قه‌زوینه‌وه دابه‌زیوه‌ته به‌غدای پایتەختی عەباسییەکان كه‌چی ڕەچه‌ڵه‌كی ئەو گرێدراوە به ئال و به‌یتی پێغەمبەر و جگه له‌وه‌ی بووه به ”قوتبی به‌غدا“ مورید و شوێنكه‌وته‌كانی سنووری دەستکرد ناناسن و له هیند و پاكستانه‌وه تا ئه‌وپه‌ڕی باكوری ئه‌فه‌ریقا په‌رش و بڵاون.
ڕەچه‌ڵه‌كی شێخ عه‌بدولقادر
وه‌ك هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كیتری ناوداری سه‌ده ناوه‌نجییه‌كانی ئیسلام، بیروڕای جیا جیا و بگرە مشتومڕێکی زۆری مێژوویی له‌سه‌ر ڕە‌چه‌ڵه‌ك و نیشتمانی عه‌بدولقادری گه‌یلانی هه‌یه، به‌ڵام سه‌رجه‌میان لەوەدا تا ڕادەیەکی زۆر یەکدەگرنەوە کە شەجەرەی ئەم عاریفە شەرعزانە بگێڕنه‌وه بۆ سەر ئیمام عه‌لی کوڕی ئەبوتالیب له‌گه‌ڵ جیاوازییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌م "سه‌ید" بوونه له رێگه‌ی حه‌سه‌نه‌وه‌یه یان حوسێن كه كوڕانی عەلی ئەبو تالیب و فاتمەی كچی پێغەمبەری ئیسلامن (د.خ).
ڕە‌نگه به‌شێكی زۆری ئه‌م ناڕونییه‌ش بگه‌ڕێته‌وه بۆ خۆهەڵنەکێشانی شێخی گه‌یلانی به ڕە‌چه‌ڵه‌ك و باو باپیرانی و دیارخستنی لەبەرچاوی خەڵک، چونکە وەک لە ژیانەکەیەوە دەردەکەوێت ناوبراو بە پلەی یەکەم پشتی بە کار و کردەوەی کەسێتی خۆی بەستووە بۆ هەڵکشان بەرەو لوتکەی ناوداریی لەناو جەنجاڵیی شاری بەغدا کە ئەودەم جمەی دەهات لەخەڵکانی زانا و رێبوار و سەدەیەک بەر لەوەی گەیلانی ڕووی تێ بکات بەقسەی خەتیبی بەغدادی نزیک بە 45 هەزار مزگەوت و گۆڕەپانی نوێژی تێدا بووە و لەهەندێ کاتیش‌دا دانیشتوانەکەی لە ملێونێک کەس زیاتر بووە.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م شه‌جه‌ره عه‌ره‌بییه پێغه‌مبه‌رانه‌ی گه‌یلانیدا كه پاسپۆرتێكی به‌هێزی په‌ڕینه‌وه‌یه بۆ خۆشەویستبوون له دنیای سۆفیگه‌ریدا، ناوی باپیری چواره‌می گه‌یلانی له به‌شی هه‌ره زۆری سه‌رچاوه‌كاندا به ”جه‌نگی دۆست“ هاتووه. ئەم ناوە ئێرانییەی باپیرە گەورەی شێخی گەیلانی ئاڵۆزییه‌كی زۆری له نه‌ته‌وه‌ی ناوبراودا دروست كردووه، چونكه ئه‌م ناوه بۆ ئێرانییەکان و بۆ كوردیش ئاشنایه و به مانای دۆستی جه‌نگ یان كه‌سی ئازا‌و چه‌له‌نگ دێت، به‌م هۆیه‌شه‌وه تا ئێستا به ته‌واوی یه‌كلا نه‌بۆته‌وه ئاخۆ شێخ عەبدولقادر لە نەتەوەی گیلەکە یان عه‌ره‌ب؟ هه‌ندێكیش باسیان له ئه‌گه‌ری كوردبوونی كردووه به‌پێی جوگرافیای گەشەکردن و زۆری شوێنكه‌وته کوردەکانی ئەمە جگە لە مانای ناوی ”جه‌نگی دۆست“، بەپێی ئەم بۆچوونە شێخ عەبدولقادر خەڵکی گەیلانی سەر بە کرماشانە( کە ئێستاش شارۆچکەیەک کە ناوی گەیلان لە پارێزگای کرماشان هەیە)، ئەمەش لەگەڵ ئەو سەرچاوە مێژووییانە دێتەوە کە باس لەوە دەکەن شێخ عەبدولقادر لەناوچەکانی بن دەستی ئیمارەتی حەسەنەوی کوردییەوە هاتووەتە بەغدا.
به‌پێی گه‌ڕانه‌وه‌ی باوی مێژویی شێخ عه‌بدولقادر له ده‌وروبه‌ری ساڵی 1077 زاینی‌دا له شارۆچكه‌ی "نیف"ی سه‌ر به گه‌یلانی ڕۆخی ده‌ریاچه‌ی قه‌زوین لەباکوری ئێران هاتوەته دنیاوه، به‌ڵام یه‌كێك له نه‌وه‌كانی گه‌یلانی ”جه‌ماله‌دین فالح“ توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمی به چاودێری هه‌ندێك شاره‌زا بڵاو كردەوە به‌ناوی ”جغرافیة الباز الأشهب“ كه خوێندنه‌وەیەکی جیاواز بۆ گێڕانەوە مێژوییەکان دەخاتەڕوو و جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، شێخ عەبدولقادری باپیری لەدایکبووی گوندی "جیل" یان "گه‌یلان"ی زیك مه‌دائینی باشوری به‌غدایه، له شه‌جه‌ره‌کەشیدا کە ئەم گەیلانی زادەیە خستوویەتەڕوو ناوی ”جه‌نگی دۆست“ نییه، بەم پێیەش باپیرانی گه‌یلانی به‌ر له هاتنەدنیای عه‌بدولقادر له ناوچه‌كانی بن ده‌ستی ئیماره‌تی حه‌سنه‌وی كوردییه‌وه هاتونه‌ته گه‌یلانی نزیك به‌غدا، ئەم خوێندنەوەو لێکۆڵینەوە تازەیەش شێخ عەبدولقادر ده‌کاتە عێراقی.
مناڵی و پێگه‌شتنی شێخ عه‌بدولقادر
زانیاریی له‌سه‌ر قۆناغی مناڵی شێخ عه‌بدولقادر تا تەمەنی 18 ساڵی زۆر زۆر كه‌مه، به‌ڵام به پێی گێڕانه‌وه‌كان هەر به مناڵی باوكی مردووه و بە هەتیوی گەورە بووە، لە خێزانه‌كه‌ی خۆی یه‌ك برای هه‌بووه به ناوی عه‌بدوڵڵا کە زۆر گومناوە، بۆ ئه‌وه‌ی بگات به ئاوه‌دانی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی سه‌فه‌ر بۆ ڕووگه‌ی دنیای ئیسلامی ئه‌وكات كه شاری به‌غدایه کەوتۆتە مێشکی، له هه‌موو ماڵی باوكیشی ته‌نها 80 دینار پاره‌یان هه‌بووه، دایكی كه ناوی فاتمه‌یه و شێخ زاده‌یه‌كی ناوچه‌ی گه‌یلانه نیو به نیو له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا به‌شی كردووه لێیان، پاشان بەدەم گریان و زارییەوە عه‌بدولقادری له‌گه‌ڵ كارواندا به‌ڕێكردووه بەرەو عێراق، چونكه دڵنیا بووه له‌وه‌ی ڕۆشتنی به ده‌ستی خۆیه‌تی به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ گه‌یلان له مه‌حاڵه‌وه نزیكتره، دواتریش دڵه‌خورتێكه‌ی دایكی به‌ڕاست گه‌ڕاوه و ئەوە سەفەری یەکجاریی بووە و لەوە بەدوا به‌غدای کردووە بە نیشتمانی خۆی کە ئەوکات شاری غەزالی و ئەسفەراینی و پێشەوا ناودارەکانی شەرعزانی بووە.
گه‌یلانییه‌كان ئه‌وكات زیاتر سوننه مه‌زهه‌ب بوون و په‌یڕە‌ویشیان له مه‌زهه‌بی حه‌نبه‌لی ده‌كرد، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌ر له‌وه‌ی به‌ر شه‌پۆلی شیعه‌گه‌ریی بكه‌ون.
عه‌بدولقادری گه‌یلانی له ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا و دروست له ساڵی 1095 ز گەیشتوه‌ته به‌غدا، پاش جێگە و رێگە خۆشکردن خێرا په‌یوه‌ندی كردووه به خوێندنگای نیزامییه كه به‌ناوبانگترین فێرگه‌ی ئیسلامییه له سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كان، هاوكات له‌گه‌ڵ خوێندنه‌كه‌یدا سه‌فه‌ری كردووه بۆ شام و حیجاز، ماوەیەکی زۆر لەناو کەلاوە و قشڵاخ و چۆڵەوانییەکانی دەوری بەغدا خەڵوەتی کردووە، له رێگای حه‌جی یه‌كه‌میدا بوه‌ته هاوه‌ڵی ناوداران و له یه‌كێك له‌و سه‌فه‌رانه‌دا (1115 ز)هاوه‌ڵی شێخ عه‌دی كوڕی موسافیر بووه كه پایه‌ی سه‌ره‌كییه له ئاینی ئێزدی و مه‌زاره‌كه‌ی لەلالش ئێستا كه‌عبه و زیاره‌تگای ئێزیدییه‌كانه، له پاش ئه‌م گه‌شته عه‌بدولقادر ستایشی زۆری شێخ عه‌دی (ئادی) كردووه و باسی له‌وه كردووه ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌رایه‌تی به تێكۆشان به‌ده‌ست بهاتایه ئه‌وه شێخ عه‌دی به‌ده‌ستی ده‌هێنا، به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه هه‌ڵبژارده‌ی خواییه و په‌یامی خودا له محه‌مه‌ددا خه‌تم كراوه.
دەرکەوتنی شێخ عەبدولقادر
شێخ عه‌بدولقادر، ماوەی 33 ساڵی تەمەنی به خوێندن و گه‌شت و گه‌ڕان و خه‌ڵوه‌ت گوزەراندووە، لەم سێ دەیەیەدا توێشووی كۆ كردۆته‌وه و وانه‌ی وه‌رگرتووه تا ڕادەی ئەوەی سەردەمێک پێیان وتووه ”مه‌جنون“، کاتێکیش هەستی کردووە پێگەشتووە، له‌سه‌ر كورسی ئیرشاد دانیشتووه و بووه به واعیز و مامۆستا و دواتریش وه‌ك ”قوتبی به‌غدا“ و ”بازی ئه‌شهه‌ب“ ناوی ده‌ركردووه.
عه‌بدولقادری گه‌یلانی له سه‌رده‌می پێنج خه‌لیفه‌ی عه‌باسیدا ژیاوه، به چاوی خۆی ململانێكانی ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵپه‌ی خه‌ڵكی بۆ دنیا دیوه، ئه‌میش بانگی كردوون بۆ ئه‌خلاق و گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌هاكان، به‌م جۆره‌ش سیفه‌ته واعیز و سۆفیگه‌رییه‌كه‌ی زاڵ بووه به‌سه‌ر شه‌رعزانی و فەرموودە ناسییەکەی و پاش ئه‌وه‌ی حه‌نبه‌لییه‌كی سه‌له‌فی مه‌شره‌ب بووه، بوه‌ته شێخی ته‌ریقه‌ت و سلوك، له‌م بارگۆڕانه‌شدا له هه‌ندێك شێوازی بیركرنه‌وه‌ی سه‌له‌فییه‌كان لایداوه چونکە هەندێ لە مامۆستا سۆفییەکانی نەخوێندەواربوون (حەمادی دەباس)، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لادانه‌كه گه‌وره و له بواره‌كانی عه‌قیده‌دا نییه و زیاتر لە سلووك و هەندێ وردە شیکاردا لە عەقیدەی سەلەف لایداوە سه‌له‌فییه‌كان ده‌ڵێن ” ئەوە به ئاوی ده‌ریای چاكه‌كانی ده‌ڕوات“، به تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی له نوسینه‌كانیدا كه ئێستا له دوو توێی زیاتر له 20 كتێبدا كۆ كراونه‌تەوە و چاپکراون پابه‌ندیی تەواوی خۆی به ته‌وحید و جێگیركردنی سیفاته‌وه بۆ خودا ڕاگه‌یاندووه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌هلی كه‌لام و موعته‌زیله.
لای حه‌نبه‌لییه‌كان عه‌بدولقادر نازناوی ”ئیمام“ی هه‌یه و جارجاره‌ش پێی ده‌ڵێن ”شیخ الإسلام“، له هه‌موو كتێبه‌كانی تەبەقاتی زانایانی ئه‌م مه‌زهه‌به‌شدا كه زۆرینه‌ی نوسه‌ره‌كانی به عه‌قیده سه‌له‌فین، عه‌بدولقادری گه‌یلانی سه‌رده‌سته و پێشەنگه لای حه‌نبه‌لییه‌كان، له‌هه‌مان كاتیش‌دا له ئه‌ده‌بیاتی سۆفیدا ”غه‌وس“ و ”قوتب“ ـه كه تێكه‌ڵ ده‌بێت له‌گه‌ڵ شیرك و زاده‌ی بیدعه ئاینییه حه‌رامه‌كانه به پێی میتۆدی خواناسیی سه‌له‌فییه‌كان، چونكه لەعەقیدەی سەلەفدا ته‌نها و تەنها خوا فریاد ڕەس و كارهه‌ڵسورێنه‌ره و جگه له‌و كه‌سیتر قوتبی زه‌مانه نییە، ڕەنگە هیچ كه‌سیش لە سەردەمی ئەو و پاش ئەویشدا هێنده‌ی شێخی گه‌یلانی كه‌رامات و خەواریقی نه‌درابێته پاڵ به جۆرێك تەنانەت سه‌رچاوه‌كانی تەسەوفیش له‌به‌ر زۆری و نامۆیی گێڕانه‌وه‌كان به گومان و وریاییه‌وه ئه‌و چیرۆكانه‌یان ده‌ستاوده‌ست پێ كردووه.
شێخی گه‌یلانی كه له 13 شوباتی 1166 ز كۆچی دواییكردووه‌و هه‌ر له ناوه‌ڕاستی به‌غدا ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كراوه‌و له‌و كاته‌وه ئارامگاكه‌ی ڕووگه‌ی زیاره‌تكه‌رانه و ناوی "حه‌زره‌ی قادری"یه، نه‌وەكانی ئه‌م کەسایەتییە ناسراوە 14 كوڕ بوون له نزیكه‌ی 50 كوڕ و كچ کە زۆربەیان بە نەخۆشی مردوون و بەرهەمی چوار دایکن، لە پاش مەرگی شێخی گەیلانیش نەوەکانی له هینده‌وه تا شام و تا باكوری ئه‌فریقا بڵاوه‌یان كردووه، ته‌ریقەته‌كه‌شی به‌هه‌مان شێوه‌ی نه‌وه‌كانی به‌ناوی ”قادری“ و ”گه‌یلانی“ ناسراوە و چەندین لقی وردیشی لێ بووەتەوە کە یەکێک لەوانە تەریقەتی کەسنەزانی قادری بەرزنجییە .
تەریقەتی قادریی لە کوردستان
یه‌كه‌م جوگرافیای سه‌رهه‌ڵدانی قادریی به‌غدا، پاشان خاكی عێراقه و ئەم تەریقەتەش له‌سه‌ر تێكۆشان و جیهادی نه‌فس بنه‌ڕەته، به‌ڵام جیاواز له هه‌ندێك له رێبازه‌كانیتری عیرفان لای عه‌بدولقادر شه‌رعزانی و تێگەیشتن لە فیقهه له پێش ته‌سه‌وفه‌وه‌یه، له په‌نا جیهادی ئاشكرادا، جیهادی په‌نهانی هه‌یه كه هی نه‌فس و شه‌یتانه، شێخ عه‌بدولقادر ڕێسایه‌كی هه‌بووه كه خۆی دایڕشتبوو ”شه‌ریعه‌ت فێربه ئه‌وجا په‌ناگیریی و خەڵوەت بكه“، له په‌نا جیهادی نه‌فسیشدا هه‌ندێك چەمکیتری كردبووه بنه‌ڕە‌ت بۆ تەریقەتەکەی كه بریتین له: ته‌وه‌كول به خودا، ڕە‌وشتی جوان، سوپاسگوزاریی، ئارامگرتن، ڕە‌زامه‌ندی و له كۆتایشدا ڕاستگۆیی و درۆ نه‌كردن بەهیچ جۆرێک و لەژێر هیچ کاریگەرییەکدا.
ئه‌گه‌رچی تان و پۆی ته‌ریقه‌تی قادری له به‌غدا سه‌ری هه‌ڵداوه، به‌ڵام گومانه‌كانی كوردبوونی شێخی گەیلانی و زۆریی شوێنكه‌وته‌كانی له كوردستان بۆن و به‌رامه‌یه‌كی كوردانه‌ی به‌م ته‌ریقه‌ته به‌خشیوه. به‌پێی سه‌رچاوه مێژوییه‌كان هاتنی تەریقەتی قادریی بۆ کوردستان یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن ماڵباتی به‌رزنجه‌وه بووه كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر سه‌ید عیسا و سه‌ید موسای به‌رزنجی و له بنه‌ڕە‌تدا وه‌چه‌ی ئیمام موسای كازمن کە یەکێکە لە ئیمامە مەعسومەکانی شیعە و نەوەکانی عەلی کوڕی ئەبو تالیب.
سەید عیسا‌و سەید مو‌سا له سەرده‌می هێرشی مه‌غۆله‌كاندا له هه‌مه‌دانه‌وه هاتونه‌ته شاره‌زوور، وەهاش بڵاوە کە ئه‌م دوو ئیمام زادەیە بره‌ویان به رێبازی قادریی داوه له كوردستان كه دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی له بنه‌چه‌دا ئامۆزایانه، به قسه‌ی محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گیش بێت ئه‌و دوانه له 1455 ز هاتوونه‌ته كوردستان. جگه له‌م بۆچوونه‌ش هه‌ندێ له نوسه‌ران له‌وانه‌ش شێخی خاڵ و سه‌فیزاده باسیان له‌وه كردووه شێخ سمایلی ولیانی كه له وه‌چه‌كانی شێخانی به‌رزنجه‌یه بۆ یه‌كه‌مجار قادریی له به‌غداوه هێناوه‌ته كوردستان، ئەگەر گریمان ئەمەش ڕاست بێت هیچ لەو ڕاستییە ناگۆرێت کە بەرزنجییەکان پردی یەکەمی پەڕینەوەی قادرین بۆ کوردستان.
هاوكات له‌گه‌ڵ به‌رزنجییه‌كانیشدا ماڵباتی تاڵه‌بانیش له پێشه‌نگانی گواستنه‌وه‌ی ته‌ریقه‌تی قادرین بۆ ناو کوردەکانی دەوری کەرکوک، لەناو گێڕانەوە مێژوییەکاندا وەها بڵاوە كه مه‌لا مه‌حمودی تاڵه‌بانی له رێگه‌ی ده‌روێشێكی کاروانچیی هیندییه‌وه به‌م رێبازه ئاشنا بووه و پاشان له به‌غداوه گواستویانه‌ته‌وه بۆ ناوچه‌كانی خۆیان له ئاواییەکانی تاڵەبان و كه‌ركوك، به‌م پێیه‌ش كورده‌كان له سییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مدا به رێبازی قادریی ئاشنا بوون تا ئه‌وكاته‌ی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌ولانا خالیدی شاره‌زووری لەگەڵ ئەم رێبازەدا کەوتۆتە کێبەرکێ و لەگەڵیدا بڵاو بووەتەوە.
سەرچاوەی بنەڕەتیی ئەم بابەتە:
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق