ئەمریكای دووەم" لە دژی كورد

ليست هناك تعليقات

مەجید نیزامەدین گلی
-
ئەوەی لە چیاكانی باشووری كوردستان روودەدات قەیرانێك دیكەیە و تەنیا ئۆپەراسیۆنێك نییە. ئەمە سەرەتای گۆڕانكارییەكە لە ناوچەكە. رۆژهەڵاتی نێوەڕاستێك كە زۆر لە جاران زیاتر ئەمریكا و رۆژئاواییەكان لە بەرژەوەندیان نییە سنوور بۆ توركیا و ئێران و رووسیا و ئەوانیدیكە دابنێن، بەڵام لەوە چارەنووسسازتر بۆ كورد، رۆڵی نوێی توركیایە كە لە رۆڵی ئەكتەرە هەرێمییەكانی دیكەی وەك ئێران و رووسیا كاریگەرتر دەبێت. 
 
ئەوەی ئێران و رووسیا و سعودیە دەیكەن زیاتر بریتیە لە پێ قایمكردن لە سووچێكی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام توركیا هەنگاو دەنێ بەرەو شتێكی زۆر گەورەتر: ئەمریكای دووەم لە ناوچەكە. مەبەستم لە "ئەمریكای دووەم" ئەو رۆڵەیە كە زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە بۆ شەڕ و ئاشتی رووی تێدەكەن بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەیت. ئەوەی توركیا دەیكات ئەوانیدیكە پێیان ناكرێت. ئێرانێك كە ئەمریكا و ئیسرائیل و سوننەی عەرەب بە دووژمن دەیبینێ و رووسیایەك كە زۆر بێهێزترە لەوەی لە میدیاكان باسدەكرێت، توانای گێڕانی ئەو رۆڵەیان نییە كە سعودیە و توركیا دەتوانن لە ناوچەكە بیگێڕن. ئەو دوو وڵاتە پڕ چەكی ئەمریكین و جێگەی جوگرافیاییان ستراتیژیترن و -لەهەمووی گرنگتر- زلهێزەكانی جیهان هەموویان ئامادەن كاریان لەگەڵ بكەن و سوننەی عەرەب كە زۆرینەی ناوچەكەن بە دووژمنی هەتاهەتایی نایانبینن. 
 
بەڵام لەكاتێكدا سعودییەكان هێشتا "سوڵتانەكەیان" -كە محەممەد بن سەلمانە- نەیتوانیوە دەسەڵاتی خۆی گرەنتی بكات و چاوەڕێی مردنی باوكی و بێ هێزبوونی هەموو ركابەرەكانی دەكات، سەرقاڵی ریاز و یەمەنە، توركیا سوڵتانەكەی ئامادەیە و دەزانێ كێشە ناوخۆییەكانی پێویستی بە چارەسەری دەرەكییە.
 
ئەوەی توركیا لە چیاكانی باشووری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان و بیابانەكانی لیبیا و دەریای نێوەڕاست و بنكە سەربازییەكەی لە قەتەر دەیكات رەنگدانەوەی سەرەتای راستییەكی نوێیە لە ناوچەكە. لە ساڵی ١٨٣٠ەوە توركیا وەك ئێستا نەیتوانیوە لە یەك كاتدا دەستی لە دەریای نێوەڕاست و كەنداوی فارسی هەبێت و لە سنوورەكانی باشووری "پشتوێنی غەیرە-عەرەبی" بەتایبەتی كورد لاوازبكات و سنووری دەسەڵاتی بگەڕێنێتەوە سەر سنوورەكانی عەرەبستان. 
 
باشترین ئاماژەش لەم ماوەیە كە رەنگدانەوەی ئەو رۆڵە نوێیەی توركیایە، پشتگیری دیپلۆماسی رووسیا و چینە بۆ داواكارییەكی ئەنكەرا كە پێشتر كەس لێرە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە جیدی وەریان نەدەگرت. ئەوە ٦ مانگ زیاترە چین و رووسیا دژایەتی هەر پڕۆژە بڕیارێك دەكەن كە رێگە بە كردنەوەی هەر دەروازەیەكی سنووری بدات كە راستەوخۆ هاوكاری مرۆیی بگەیێنێتە رۆژئاوای كوردستان. ئەوەی من ئاگاداربم لە ٢٠١٥ەوە كاتێك من وەك رۆژنامەڤانێك دەستم كرد بە رووماڵی كاروبارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش، توركیا هەر ئەو جۆرە داواكاریانەی هەبوو كە تەنانەت هاوكاری مرۆیی و خواردن و خواردنەوەی رۆژانەش راستەوخۆ بە سنوورەكاندا نەڕوات بۆ كوردانی رۆژئاوای كوردستان. بەڵام ئێستا رووسیا و چین ئامادەن گوێ لە توركیا بگرن و ئەمریكی و ئەوروپییەكان لە وەڵامی پرسیارەكانم دژایەتی دەكەن و لە ژووری دانوستاندنەكان كاری جدی لە دژ ناكەن. چین و رووسیا بیانوویان ئەوەیە كە هەموو هاوكارییە مرۆییەكان پێویستە لە ژێر دەسەڵاتی دیمەشقەوە بگەنە سووریا. بەڵام باسی ئەوە ناكەن بۆچی دەنگ بە پڕۆژە بڕیارێك دەدەن كە رێگە دەدات هاوكاری مرۆیی دوور لەدەسەڵاتی دیمەشق راستەوخۆ بچێتە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆنە هاوپەیمانەكانی توركیا. 
 
 بەر هەر حاڵ، ئایا توركیا سەركەوتوو دەبێ لەم هەوڵەی بۆ ئەوەی ببێتە "ئەمریكای دووەم" لە ناوچەكە؟ وەڵامی ئەو پرسیارە بەتایبەتی بۆ منی رۆژنامەڤان زەحمەتە پێشبینی بكرێت. بەڵام بە تەواوی ببێتە "ئەمریكای دووەم" لە ناوچەكە یان نا، توركیا ئێستا ئامادەیە هەموو ئەو هێزەی كە ئێستا هەیەتی بەكاریبێنێت بۆ، یەكەم: كۆتاییهێنان بە هەر شتێك كە تەنانەت بۆنی پارتی كرێكارانی كوردستانیشی لێبێت. دووەم ئامانج -بە پشتیوانی ئێران- ئەنكەرە كار لەسەر گەڕانەوەی دۆزی كورد دەكات لە عێراق بۆ پێش ساڵی ٢٠٠٣. هیچ ئاماژەیەك نییە كە توركیا لەو پەیمانەی ساڵی ٢٠١٧ەی بۆ تاران پەشیمان بووبێتەوە كە وەزیری دەرەوەی توركیا لێرە لە نیویۆرك بە وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عێراقی دا، دوای ئەوەی كۆبوونەوەیەكی چەند كاژێری سێ قۆڵیان ئەنجامدا. پاشان، توركیا ئێستا ئەوەندە خۆی بەهێز دەبینێ كە لەجیاتی ئەوەی تەنیا چاوی لە نەوت و بازرگانی باشووری كوردستان بێت، چاوی بڕیوەتە هەموو عێراق. 
 
ئەم جارە چاوەڕێی ئەمریكا و ئەوروپا مەكەن سنووریان بۆ دابنێت و نەیەڵن هەرێمی كوردستان زیاتر بێهێز بكەن. جاران ئەمریكا توركیای زیاتر وەك دیوارێك بەكاردەهێنا بەرامبەر بە رووسیا و ئێران، بەڵام ئێستا ئەمریكا و ئەوروپاش لە سووریاوە بۆ لیبیا و دەریای نێوەڕاست پێویستییان بە توركیایە. ئەمە جگە لەو پەیوەندییە سەیر و پڕ نهێنییەی كە دۆناڵد تڕەمپ لەگەڵ ئەردۆغان هەیەتی. هەر لەبەر ئەوەشە ئەم هەفتەیە هەموو ئەو دیپلۆماتكارانەی ئاگاداری بابەتەكەن و قسەم لەگەڵیان كرد گومانیان نەبوو كە ئەوەی توركیا لە عێراق و تەنانەت لیبیاش دەیكات "پشتگیری تەواوی ئەمریكای هەیە". ئەمریكا یەكەمە و تائێستا رێگەی بۆ توركیا خۆشكردووە ببێتە هێزی دووەم و كاریگەر لە ناوچەكە. ئێران و رووسیا هەر خەون بەوجۆرە پشتگیریە ئەمریكییەوە دەبینن. 
 
لەبەرئەوە گرنگە سەركردایەتی هەموو لایەنەكانی باشووری كوردستان لەم راستییە نوێیە و سرووشتی هێزی توركیا تێبگەن و ناكۆكییەكانیان بەلاوە بنێن و كۆنگرەیەكی نیشتیمانی ئەنجامبدەن بۆ رێككەوتن لەسەر یەك هەڵوێست و پلان. راستە نەیارانی كورد بەهێزن، بەڵام كورد دەتوانێ زۆر شت بكات كە دەرئەنجامە خراپەكانی ئەم سەرهەڵدانەوە نوێیەی توركیا كەمبكاتەوە و كۆتایی بە خەونی ئێران بێنێ كە هەرێمی كوردستان وەك دیالە و بەسرە ببێتە پارێزگایەكی دیكەی عێراق. گرژی ناوخۆیی وادەكات زەحمەتتر بێت بۆ بڕیاربەدەستانی كورد كە درك بە گەورەیی گۆڕانكارییەكانی دەرەوە بكەن. ئەمەش لە هەڕەشەی نەیارانی كورد مەترسیدارترە. لەوانەیە بەهێزی ئەوان كورتخایەن بێت، بەڵام پەرتەوازەیی نێوماڵی كوردی لەم كاتەدا دەكرێت دەرئەنجامی درێژخایەنی هەبێت. هیچ گرەنتییەك نییە ئەمجارە وەك ئابی ٢٠١٤ و ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ رزگارمان ببێت. 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif