٣١ ساڵ بەسه‌ر كۆچی دوایی نوسەر و مامۆستایەكی ئاینی و دادوەرێكی گەورەی كورددا تێده‌په‌ڕێت، كه‌سێك هه‌ستی نیشتیمان و خۆشه‌ویستی نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیریی و بواره ئاینی و یاساییه‌كه‌ی تێكه‌ڵ كردبوو، ئه‌و كاریگەریی لەسەر رەوتی دادوەری عێراق هەبووە و لەبواری ئەدەبی و ئاینییشدا جێپەنجەی به كتێبخانه‌كانی كوردستانه‌وه دیارە، ئەو شێخ محەمەدی خاڵە، گه‌رچی له سلێمانیه‌وه هه‌نگاوی هه‌ڵگرت به‌ڵام دواجار پرشنگی هه‌تاوی زانیارییه‌كانی سه‌رجه‌م كوردستانیشی گرته‌وه.
له فه‌رهه‌نگی كوردیدا شاره‌زایه‌كی زۆرباشی زمان و له یاسادا دادوه‌رێكی به ئه‌زموون و له شرۆڤه‌ی ئایه‌ته‌كانی قورئانیشدا وردهكارێكی به‌توانابوو، گه‌رچی له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌و تیایدا گه‌وره‌بوو هه‌ندێك له هاوته‌مه‌ن و هاوكاره‌كانی بۆچوونیان وابوو كه نیشتیمان و نه‌ته‌وه شتێكن و ئاین و ئاینداریش شتێكی دی ئه‌و له باره‌ی خۆشه‌ویستی نیشتیمانه‌وه ده‌دوا، كاتێك زمانی كوردی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌یاران و دوژمنهكایدا بوو شێخ به قه‌ڵه‌مه بهڕشتهكهی فه‌رهه‌نگی خاڵی ده‌نووسی، كاتێكیش ده‌ستی دهدایهكتێبه ئه‌ده‌بیه‌كانی ده‌تگوت كه‌س به تۆزی پێیدا ناگاته‌وه...
شێخ محەمەدی خاڵ كێیە؟
شێخ محەمەدی كوڕی شێخ عەلی كوڕی شێخ ئەمینی خاڵە، بەپێنج پشت دەچێتەوە سەر مەلا مستەفای موفتی بابانیەكان.
مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ ساڵی 1904 لە شاری سلێمانی لەبنەماڵەیەكی ناوداری ئاینی لەدایك بووە، هەمان ساڵ باوكی كۆچی دوای كرد، و باپیری كە ناوی " شێخ ئەمینی خاڵ " بوو، شێخ محەمەد و هەر چوار براكەی بەخێوكردووە.
شێخ محەمەدی خاڵ هەر لەسەرەتای تەمەنیدا زۆر خولیای خوێندن و كتێب و دەستنوس بووە و بەشی زۆری خوێندنی لەلای مامۆستا شێخ عومەری قەرەداغی بووە كە پیاوێكی ئاینی ناودار بووە و بەشێكی تری خوێندنی شێخ محەمەدی خاڵ لەلای مەلاحوسێنی پیسكەندی و شێخ جەلالی قەرەداغ بووە.
شێخ محەمەد و مامۆستایەتی ئاینی:
ساڵی 1931 شێخ ئەمینی خاڵ ،باپیری شێخ محەمەدی خاڵ كۆچی دوای دەكات، دوای كۆچی دوای شێخ ئەمین، ئەحمەد تۆفیق بەگ كە لەوسەردەمەدا كاربەرێكاری سلێمانی بووە مەراسیمێك لەمزگەوتەكەی شێخ ئەمین ساز دەكات و تێیدا زۆرینەی پیاوماقوڵانی سلێمانی بانگهێشت دەكات و بەفەرمی شێخ محەمەدی خاڵ دەكرێت بەپێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەكەی باپیری و شوێنی باپیری دەگرێتەوە، لەو كاتەوە تا ساڵی 1938 سەرقاڵی وانەوتنەوە و پرۆژەی دانانی فەرهەنگی خاڵ و رێزمانی كوردی و چەند كتێبێكی ئاینی وەك" فەلسەفەی ئیسلام و ژیانی پێغەمبەر" بووە، لەو ماوەیەدا شێخ محەمەدی خاڵ دوو كتێبی بەچاپ گەیاندووە.
شێخ محەمەدی خاڵ و قازیەتی:
ساڵی 1939 وەزارەتی دادی عێراق بانگەواز دەكات بۆ دامەزراندنی چەند قازییەك، بەشێوەی تاقیكردنەوە و شێخ محەمەدی خاڵ تاقیكردنەوە دەكات و پلەی یەكەم بەدەست دەهێنێت و لەهەڵهبجە وەك قازی بەفەرمانی پادشایەتی دادەمەزرێت، و بۆماوەی 28 ساڵ لە چەمچەماڵ و سلێمانی و كەركوك و موسڵ قازی بووە.
شێخ محەمەدی خاڵ لەسەر ئاستی عێراق یەكێك بوو لەو قازیانەی بەوە ناوبانگی دەركردبوو كە لەژێر هیچ فشارێكدا لە یاسا و شەرع لای نەدەدا، هەر بۆیە ساڵی 1962 لەسەر ئاستی عێراق بە ئەندامی دادگای جیاكردنەوەی شەرعی لە بەغداد هەڵبژێردرا.
شێخ محەمەدی خاڵ و نوسین:
شێخ محەمەدی خاڵ نوسەرێكی خاوەن بیر و لێهاتوو بوو، خاوەنی چەندین بەرهەمی گرنگ و بەكەڵك بوو ساڵی 1953 بووە ئەندامی كۆڕی زانیاری عێراق، و لەساڵی 1972 بۆتە جێگری سەرۆكی كۆڕی زانیاری كورد.
شێخ محەمەدی خاڵ لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنی بەڵام لەنوسین و خوێندنەوە دوورنەكەوتەوە و رۆژانە چەندین كاتژمێر سەرقاڵی خوێندنەوە و نوسین بووە و40 كتێبی چاپكراوی لەدوای خۆی بەجێهێشت، گرنگترین بەرهەمەكانی بریتین لە:
تەفسیری خاڵ، تەفسیری قورئان بە كوردی
بەرگی یەكەم، ٢١٨ لاپەڕە، بەغدا، ١٩٦٩.
بەرگی دووەم، ١٩٨ لاپەڕە، سلێمانی، ١٩٧٢.
بەرگی سێیەم، ٢٢٤ لاپەڕە، سلێمانی، ١٩٧٩.
بەرگی چوارەم، ١٣٦ لاپەڕە، سلێمانی، ١٩٨١.
"فەرهەنگی خاڵ"، فەرهەنگی كوردی-كوردی
بەرگی یەكەم ٣٣٨ لاپەڕە، سلێمانی، ١٩٦٠.
بەرگی دووەەم، ٣٣٨ لاپەڕە، سلێمانی ١٩٦٤.
بەرگی سێیەم، ٥١١ لاپەڕە، ١٩٧٦.
"پەندی پێشینان"، بەغدا، ١٩٧٥.
جگە لەوە شێخ محەمەدی خاڵ یەكەم وتاری لە گۆڤاری گەلاوێژدا لە كانوونی دووەمی ١٩٤٠دا لە ژێر ناونیشانی "خۆشەویستی نیشتمان" بڵاوكردۆتەوە، و لەو باوەڕەدا بوو، كە دەبێت ئایین ئاوێتەی نیشتمانی و نەتەویەتی بێت و خەباتی نیشتمانیش پێویستیەكی ئایینی بێت.
دواجار و لەتەمەنی 85 ساڵیدا و رۆژی 15/7/1989 زانا و دادوەر و نوسەر و مامۆستای ئاینی كورد شێخ محەمەدی خاڵ كۆچی دوای كرد.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق