لەم گفتوگۆیەی لەگەڵ د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران تیشك دەخرێتە سەر زۆر پرس و دۆسێی هەنوكەیی چ لە ناوخۆی هەرێم و چ لە عێراق، لە نێویشیاندا پرسی چاكسازی و ئەگەری رێككەوتن و رێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدا و دۆسێ هەڵپەسێردراوەكان و مەترسییەكانی سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان.
گفتوگۆ :- شیراز رەئوف
بپرسیار- بالەدواین پێشهاتەوە دەستپێبكەین، سەرۆك و وەفدی هەرێم چەند جارێك سەردانی بەغدایان كردووە بۆ رێككەوتن لەسەر دۆسێی نەوت و بودجە، خوێندنەوەتان بۆ رێككەوتنی هەولێر و بەغداد چییە؟؟
وەڵام - ئەگەر بمانەوێت رێككەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا لە قازانجی خەڵكی هەرێمی كوردستان و رێككەوتنێكی دوور مەودا بێت ئەوا پێویستە روانینی هەرێم بەرامبەر بە عێراق بگۆڕێت و روانینی عێراقیش بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەهەمان شێوە بگۆڕێت، بەڵام ئەگەر باسی دیوەكەی هەرێم بكەین ئەوەیە كە شكستی ریفراندۆم دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی هێنابێتە ئەو قەناعەتەی كە مانەوەی هەرێم لەچوارچێوەی عێراقدا تەنها گۆڕاوێكی عێراقی نییە، بەڵكو ئەم پرسە گۆڕاوێكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشە.
ئەسڵەن ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاكانی لكاندنی ویلایەتی موسڵ بە عێراقەوە، ئەم مەسەلەیە هێندەی بەریتانیا رۆڵی هەبووە هێندە عێراقییەكان رۆڵیان نەبووە، بەو واتایەی ئەسڵەن عێراقییەكان رۆڵیان لە دروستكردنی عێراقدا نەبووە و مەلیكی وڵاتەكە لە دەرەوە هێنراوە.
بۆیە پێویستە لەمە تێگەیشتبین كە مەسەلەكە تەنها پەیوەندی بە عێراقەوە نییە بەڵكو مەسەلەیكی ئیقلیمییە، كەواتە مادام ئێمە لە چوارچێوەی عێراقداین لەبری ئەوەی مانەوەمان لە چوارچێوەی عێراقدا مانەوەیەكی ناچاری بێت كە ئێمە وا وێنا بكەین كە دەمانەوێت لەم مانەوە ناچارییە رابكەین، گرنگە ئەم مانەوەیە بكرێتە دەستكەوت و بكرێتە دەرفەت بۆ پێشخستنی هەرێمی كوردستان، گرنگە بەغداد بە رێگەی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم بزانرێت و هەوڵبدرێت لە بەغداد پرۆژەیەكی هاوبەش هەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی ژێرخانی ئابوری و بوژاندنەوەی هەرێم و عێراق پێكەوە، دەتوانرێت هەرێم و عێراق پێكەوە ببنە خاوەنی پرۆژەیەك كە هەموو هاوڵاتیانی هەرێم و هاوڵاتیانی عێراق پێكەوە سوودمەند بن، كەواتە ئێمە پێویستمان بە گۆڕینی روئیا هەیە، لە رێككەوتنی كورتخایەن و تاكتیكی بەرەو رێككەوتنی دوورمەودا و بە بەرهەم بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەگەر روئایایەكی باش هەبێت ئەوا دەتوانرێت رێككەوتنی هاوسەنگ لەگەڵ عێراقدا بكرێت.
پرسیار- دەوترێت رێككەوتن لەگەڵ بەغداد، تاكە دەرفەتی بەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئایا هەرێم هیچ دەرفەتێكی دیكەی لەبەردەمدایە؟
وەڵام- هیچ بەدیلێك بۆ رێككەوتن لەگەڵ عێراقدا لەبەردەم هەرێمی كوردستاندا نییە، بەڵام لەپاڵ هەوڵدان بۆ رێككەوتن لەگەڵ عێراقدا پێویستە دۆخی هەرێمیش چاكبكرێتەوە، پێویستە ئەو نەزیفەی كە لە دارایی هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەو گەندەڵییە گەورەییەی كە لە هەرێمی كوردستاندا درێژەی پێدەدرێت و دەیان ملیۆن دۆلاری داهاتی ئەم هەرێمە بەفیڕۆ دەدرێت پێویستە كۆتایی پێبهێنرێت، پێویستە ژیانی سیاسی و ژیانی ئابوری لە هەرێم بە دامەزراوەیی بكرێت، پێویستە هێزی چەكدار بە نیزامی بكرێت تا پێگە و رۆڵی هەرێم لە بەرامبەر عێراقدا كەمێك هاوسەنگی بۆ بگەڕێتەوە كە ئێستا لاسەنگییەكی ئێجگار گەورە لە هاوكێشەی هێز لەنێوان عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەم لاسەنگییەش زیاتر لەدوای ریفراندۆمەوە هێندەی تر پەرەی سەند، لەدوای شكستی سیاسەتی نەوتی هەرێمیشەوە هێندەی تر قوڵتر بووەوە، بۆیە هاوتەریب لەگەڵ هەوڵدان بۆ رێككەوتن لەگەڵ عێراق، بەو دیدەی كە باسمان كرد بە تێڕوانینێكی نوێ، پێویستە لە ناوخۆی هەرێمەوە ئەو دۆخەی كە بووەتە هۆی لاوازی هەرێمەكە كۆتایی پێبهێنرێت، چونكە رێگای چارەسەری كێشەكانی ئێمە لە بەغدایە، نە لە ئەنكەرەیە و نە لە تارانە.
پرسیار- ئێستا بەغداد خۆی چاوەڕوانی قەیرانە، هەر چەند رۆژی رابردوو لە پەرلەمان پرۆژەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە پەسەندكرا، بەغداد كە خۆی لە قەیراندا بێت چۆن دەتوانێت هەولێر لە قەیران رزگاربكات؟
وەڵام- سەرەتا حەزدەكەم بڵێم هیوادارم جارێكی دیكە دەستەواژەی حكومەتی ناوەندی بەكارنەهێنرێت چونكە عێراق دەوڵەتێكی ئیتیحادییە و ئەو حكومەتەشی كە لە بەغداد هەیە حكومەتێكی ئیتیحادییە، نەك حكومەتی ناوەندی.
بەڵی حكومەتی ئیتیحادی كێشە و قەیرانی هەیە، ئەمەش هەندێكجار دەبێتە رێگر لە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد، بەڵام بۆیە من باسی ئەوەم كرد كە پێویستدەكات هەرێم دۆخی خۆی چاكبكات، بۆئەوەی بتوانێت لەگەڵ عێراق رێكبكەوێت، وە رێككەوتنەكە سوودی بۆ هەردولا هەبێت.
بە دڵنیاییەوە عێراق خۆی بۆ خۆی بەشێوەیەكی گشتی كێشەی زۆرە، لەنێویشیاندا كێشەی دارایی و كورتهێنانی بودجە تەنانەت كورتهێنانیان هەیە لە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق، بەڵام ئەگەر روانینی عێراقیش بەرامبەر هەرێمی كوردستان بگۆڕێت لەوەی كە هەرێمی كوردستان بارە بەسەرییەوە، وە هەرێمی كوردستان تەنها داوای پارەی لێدەكات بەبێ ئەوەی هەرێمی كوردستان بەشداری بكات لە دەستگرتنی حكومەتی عێراقی، وە تێڕوانین بۆ بچوككردنەوەی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاریی بەسەردابێت، وە هەردوولا بگەنە پرۆژەی هاوبەش بەجۆرێك كە ببێتە قازانج و دەستكەوتی ئابوری بۆ هەردولا، بەتایبەت كە ئەوە لەبەرچاوبگرین پێگەی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەی دڵە، عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە دەتوانێت ببێت بە دڵی رێگا بازرگانییە نێودەوڵەتییەكان، دەتوانێت رۆژهەڵات و رۆژئاوا پێكەوە ببەستێتەوە ئەمەش دەتوانێت ببێت بە سەرچاوەیەكی داهاتی ئێجگار گەورە ئەگەر ژێرخانی ئابوری و رێگاوبانی عێراق و هەرێم چارەسەربكرێن و شەفافیەت لە داهاتی گومرگی و داهاتی خاڵە سنورییەكاندا هەبێت، مەبەستم ئەوەیە كە عێراق و هەرێمی كوردستان ئەگەر بە دیدێكی تر برٍِواننە پەیوەندییەكانیان ئەوا دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ قازانج و دەستكەوتی هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان.
پرسیار-ماوەی رابردوو خۆتان بابەتێكی وردتان لەبارەی دۆسێی نەوتی هەرێم نووسی، لە ناوەرۆكەكەیدا هێندە خەوشی دۆسێكەتان دەستنیشان كردبوو بەوپێیە بێت سەرلەبەری دۆسێی نەوت لە كوردستان ئالۆزێنراو و تاركێندراوە، دەتوانرێت ئەم دۆسێ ئاڵۆز و تاریكە بخرێتەوە سەر رێچكەی دروستی خۆی؟
وەڵام. - ئەگەر راست بێت كە ئیرادە هەبێت بۆ چاكسازی لە هەرێمی كوردستان، ئەوا چاكسازی لە هەرێمی كوردستان لە چەند دۆسێیەكدا گرنگن كە دۆسێی یەكەمیان دۆسێی نەوتە، وە دۆسێی نەوت پێویستی بە پێداچوونەوەی بنچینەیی هەیە و هەرێم دەتوانێت سوود لە عێراق وەربگرێت بۆ ئەم پێداچوونەوەیە.
پێش هەمووشتێك ئەگەر ویستێك هەیە لە هەرێمی كوردستان چاكسازی بكرێت بەتایبەت چاكسازی لە كەرتی نەوتدا، ئەوا پێویستە رێككەوتنی 50 ساڵە لەگەڵ توركیا لەبواری نەوت ئاشكرابكرێت بۆ رای گشتی و بۆ لایەنە سیاسییەكان و لێككەوتەكانی ئەو رێكەوتنە لەسەر كۆی مەلەفی نەوتی هەرێمی كوردستان بزانرێت، بەبێ ئەمە بەراستی چاكسازیكردن مەحاڵە.
دوای ئەوەش ئێمە پێویستمان بە روونی و شەفافی هەیە لە دۆسێی نەوت هەر لە كاركردن لە بیرەنەوتەكانەوە بۆ دەرهێنانی نەوت بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ فرۆشتنی نەوت و گەڕاندنەوەی داهاتەكانی نەوت كە بەداخەوە ئێستا چەند راپۆرتێك بڵاودەكرێتەوە وەك راپۆرتەكانی دیلۆیت، ئەمەش نەیتوانیوە رووناكی بخاتە سەر ئەم مەسەلانە.
من یەك نمونەی سادە دەهێنمەوە تا بزانرێت گەندەڵی لەبواری نەوتدا چەند قوڵە، گەندەڵی لە دۆسێی نەوتدا تەنها لە نادیاری و گەڕاندنەوەی داهاتەكەی نییە، بەڵكو تەنانەت لە تێچووی بیرە نەوتییەكانیشدایە، ئەو پارانەی دەنوسرێن لەبارەی تێچووی بیرەنەوتییەكان یان هەر گەندەڵیەكی تر لە هەر خزمەتگوزارییەكی نەوتدا بێت هەرچەند بچوكیش بێت ئەوا بە گەندەڵی لە دۆسێی نەوتدا هەژمار دەكرێت، كەواتە پێویستمان بە روونی هەیە لە بواری نەوت، پێویستیشمان بە پێداچوونەوە بە هەندێك لە گرێبەستەكانی نەوت هەیە لەگەڵ كۆمپانیاكان، وەك چۆن ئێستا حكومەتی عێراقی یەكێك لەو خاڵانەی دایناوە بۆ چاكسازی پێداچوونەوەیە بە گرێبەستەكانی تەراخیس، هەرێمی كوردستانیش دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت بكات بۆ چارەسەركردنی هەندێك لە كێشەكان لەم بوارانەدا، هاوكات رێككەوتن لەگەڵ بەغداد لەسەر بنەمای دەستور لە مەسەلەی فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی هاوبەش كە لە راستیدا ئەمە هەم لە قازانجی هەرێم و هەم لە قازانجی خودی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا و هەمیش لە قازانجی خەڵكە.
هەر ئەوەندە بەسە كە بڵێین بەپێی دانپێدانانی خودی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان جگە لە مەسەلەی كوالێتی بە نرخی كەمتر لە بازاڕ نەوت دەفرۆشێت، چونكە هەرێم دەوڵەت نییە و دەڵاڵەكانی نەوت نەوتی بۆ دەفرۆشن، خۆ ئەگەر هەرێمیش لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە نەوت بفرۆشێت لانی كەم پێویست ناكات بە هەرزانتر لە بازاڕ بیفرۆشێت، ئەمە لە مەلەفی نەوت كە وەك وتمان دۆسێیەكی ئاڵۆز و تاریكە، بەڵام دۆسێی غاز، دەرفەتێكی ئێجگار كراوەترە بۆ رێككەوتنی هەرێم و بەغداد.
پرسیار-چۆن كراوەترە، مەبەستت چییە كە دۆسێی غاز كراوەترە بۆ رێككەوتن بەراورد بە دۆسێی نەوت؟
وەڵام - چونكە كەمتر گرێبەست لەبواری غازدا كراوە، گرێبەست لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكدا كراوە لەبواری غاز كە بەناوبانگترینیان گرێبەستەكەی كۆمپانیای دانەغازە، كە بەداخەوە هێندە نەشارەزایانە كراوە كاتێك هەرێم ویستی لێی پاشگەز ببێتەوە داوایەكی یاسایی دۆڕان كە ئەوە بڕەپارەیەكی زۆری هێنایە سەر هەرێمی كوردستان كە پێویستە وەك قەرەبوو بدرێت بەو كۆمپانیایە كە زیاتر بوو لە 2 ملیار دۆلار، كە ئەمە هەمووی لە قوتی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان رۆشت و دەڕوات، بۆ ئەمەش هەرێمی كوردستان ناچاربوو لەسەدا 60ی خاوەندارێتی بۆری نەوتی هەرێم بفرۆشێت بە كۆمپانیای (رۆسنەفتی روسی).
مەبەستم ئەوەیە كە لەبواری غازدا تەنها چەند گرێبەستێكی لەمشێوەیە كراوە، لە ئێستاشدا عێراق پێویستی بە غازە، هەرێمی كوردستانیش غازێكی زۆری هەیە، دەتوانرێت ئەمە بكرێتە دەرفەتێكی هاوبەش بۆ كاری پێكەوەیی لەبواری بەرهەمهێنانی غاز و لێكتێگەیشتن لەم بوارەدا لەنێوان هەرێم و بەغداد رەنگە رێگەخۆشكەر بێت بۆ تێگەیشتن لە دۆسێكانی تردا بەتایبەت دۆسێی نەوت.
پرسیار - ئێستا كابینەیەكی حكومەت لەسەر بنەمای چاكسازی و بە دروشمی چاكسازی بونیادنراوە لە هەرێمی كوردستان و لایەنە بەشدارەكانی كابینەكە دەڵێن چاكسازی دەكەین، جا پرسیارەكە ئەوەیە هەرێمی كوردستان بەبەریەوە ماوە چاكسازی تێدا بكرێت بەدیاریكراوی مەبەستم ئەم كابینەیەیە ئایا دەتوانێت چاكسازی بكات؟
وەڵام-ئەگەر هەرێمی كوردستان چاكسازی نەكات، ئەوا قەوارەی هەرێمی كوردستان لەبەردەمی مەترسی گەورەدایە، هەرێمی كوردستان ئیفلاسی كردووە و باس لە قەرزی 27 ملیار دۆلاری دەكرێت كە هەرێمی كوردستان قەرزدارە، وە لەپاڵیشیدا ئێستا جارێكی دیكە گەلەكۆمەیەكی ئیقلیمی دەبینرێت لەسەر كورد بەتایبەتی لەدوای لەشكركێشی توركیا بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان، وە بۆردومانی فرۆكەكانی توركیا نەك تەنها لەسەر سنوورەكان بەڵكو لە كونەماسی لەنزیك شاری سلێمانی، وە بێدەنگی عێراق و ئێران لەئاست ئەم پرسە، بەراستی لێكنزیكبوونەوەی ئەم لایەنانە لەدوای ریفراندۆمەوە بەردەوام بووە و ئێستا دەبینین كە جەولاتی مەكۆكی هەیە و لێكتێگەیشتن رەنگە لە هەندێك بواردا بێتە كایەوە وە باس لەوە دەكرێت كە توركیا و عێراق رێككەوتوون لەسەر ئەوەی كە دەروازەیەكی سنوری هاوبەش بكەنەوە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بۆیە هەرێم ئەگەر چاكسازی نەكات ئەم دەسەڵاتەی ئێستا لە هەرێم هەیە زۆر لاوازتر دەبێت، قەوارەی هەرێم قەوارەیەكی دەستوری دانپێدانراوە لە عێراقدا، بەڵام ئەو قەوارەیە تادێت لاوازتر دەبێت بەهۆی ئەو رەوشەی لەناوخۆی خۆیدا هەیە، تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان چاكسازییەكی راستەقینە نابینرێت، چاكسازی راستەقینە بریتییە لە رووناككردنی دۆسێی نەوت، چاكسازی لە هەرێمی كوردستان لە بەنیشتمانیكردنی دەروازە سنورییەكاندا خۆی دەبینێتەوە، چونكە ئێٍستا دۆسێی دەروازە سنورییەكان تەنها دۆسێیەكی پەیوەندیدار نییە بە هەرێمی كوردستان بەڵكو دۆسێیەكی پەیوەندیدارە بە عێراق، عێراق بیر لە كۆنترۆڵكردنی كۆی دەروازە سنورییەكانی خۆی دەكاتەوە نەك تەنها ئەوانەی هەرێمی كوردستان، چونكە لە مانگی حوزەیراندا لە بەغداد سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ قیاداتی سیاسی عێراق كۆبوونەوە و ئێمەش بەشداربووین، لەوێ باسیان لە گەورەیی قەیرانی ئابوری لە عێراق كرد، وەزیری دارایی عێراق باسی لەوەكرد كە داهاتی هەموو خاڵە سنورییەكان لە ساڵێكدا یەك ملیار دۆلارە، لەوكاتەدا دوو بەشداربووی كۆبوونەوەكە باسیان لەوەكرد كە داهاتی راستەقینەی خاڵە سنورییەكان زۆر لەوە زیاترە كە دەگات بە حكومەت، یەكێكیان باسی لەوەكرد كە بەپێی زانیارییەكانی ئەوان داهاتی خاڵە سنورییەكان 6 تا 7 ملیار دۆلاری ساڵانەیە و یەكێكیان دەیوت زۆر لەو ژمارەیەش بەرزترە و دەگاتە 10 تا 12 ملیار دۆلار، هەربۆیە ئێستا عێراق بیرلەوە دەكاتەوە كە ئەمە سەرچاوەیەكی داهاتی زۆر گەورەیە ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، بۆیە بەنیشتمانیكردنی خاڵە سنورییەكان، وە رێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر خاڵە سنورییەكان مەسئەلەیەكی ئێجگار بنەڕەتییە.
مەسئەلەیەكی تر كە تائێستا دەستی بۆ نەبراوە و دەلالەتی ئەوەیە كە ئیرادەی چاكسازی تا ئێستا ئیرادەیەكی راستەقینە نییە لە هەرێمی كوردستان مەسئەلەی باج و رسوماتە كە لە خەڵكی ئاسایی باج و رسوماتێكی زۆری نایاسایی وەردەگیرێت، بەڵام كۆمپانیا زەبەلاحەكانی دەسەڵاتداران لە باج و رسومات دەبەخشرێن لەكاتێكدا پێویستبوو ئەوان باج و رسومات بدەن، بۆیە بەداخەوە ئەوەی تا ئێستا دەیبینین چاكسازییەكی راستەقینە نییە لە هەرێمی كوردستان، چاكسازی راستەقینە بە هێنانەوەی پارە براوەكانی دەرەوە دەستپێدەكات.
من دەمەوێ قسەیەكیش لەسەر بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان بكەم لە حكومەت بەنیازی چاكسازی و بە رێككەوتنی چاكسازی، لەراستیدا ئەم بەشدارییەی گۆڕان ئێستا نیگەرانی گەورەی خەڵكی بەدواداهاتووە، بەتایبەت لەم دوییانەی كە بڕینی مووچەی خەڵك كەوتە ئەجێندای كاری حكومەتەوە، بە رەزامەندی گۆڕان كە ئەمە دەبوو هێڵی سووربێت، ئەمە ناڕەزایەتی گەورەی دروستكردووە لەناو خەڵك و لەناو لایەنگرانی گۆڕان بەتایبەتی، ئەركی نوێنەرانی گۆڕان لەناو حكومەت زۆر قورسترە و ئێستا لە هەمووكات زیاتر پێویستتر بوو ئەوان لەبری ئەوەی پینەوپەڕۆی نەكردنی چاكسازی لەبوارەكانی تر بكەن و رازی بن بە كەمكردنەوەی نایاسایی مووچەی خەڵك، دەبوو كاری جدی بكەن بۆ هێنانەوەی داهاتی هەموو خاڵە سنورییەكان بۆ خەزێنەی دەوڵەت، پرۆژەیان لەبەردەستە و سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیەكی داونەتێ كە زۆر بە وردی هەموو ئەو شتانەی دەستنیشان كردووە، مەسەلەی باج پێویستبوو كاری لەسەر بكەن، بەراستی من حەزم لە مزایەدە و لەوشتانە نییە بەڵام كە هاتە سەر بڕینی قوتی خەڵك پێویستە هێڵی سوور بێت، پێم سەیرە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستیان دەچێتە بڕینی مووچەی سەدان هەزار هاوڵاتی، بەڵام ناتوانن چارەسەری كێشەی كۆمپانیای دەروازە سنورییەكان چارەسەر بكەن كە 10 بۆ 15 كۆمپانیان و تەنها بەوە دەتوانرا سەدان ملیۆن دۆلار بگەڕێندرێتەوە.
هەربۆیە ئێمە نوێنەری خەڵكین و ناتوانین لەمە بێدەنگ بین، هەربۆیە هیوادارین نوێنەرانی گۆڕان لە حكومەت بەخۆیاندا بچنەوە، ئەگەر هەوڵی چاكسازییان پێدەدرێت بیكەن كە هەندێك كاریان كردووە لە رابردوو و هەندێك لە وەزیرەكان كاری باشیان كردووە، بەڵام مەسەلەی بڕینی قوتی خەڵك هێڵی سوورە و پێویست بوو بەهیچ شێوەیەك رازی نەبن.
خاڵێكی دیكەش كە پەیوەندیدارە بەمە خیتابی رەسمی گۆڕانە كە لەبری ئەوەی خەڵك و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك ئاراستەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان دەستنیشان بكەن، ئێستا لە خیتابی رەسمی گۆڕاندا ئەوە دەبینین كە ئەوە یەكێتیش رازی بووە پێی و پارتیش رازی بووە پێی بۆیە گۆڕانیش رازی بووە، بەراستی ئەمە خیتابێكی هەڵەیە هەمیشە خیتابی گۆڕان لە رابردوو قیبلەنماكەی خەڵك بووە نەك ئەوەی كە پارتی و یەكێتی رەئیان چییە، خۆ ئەگەر وابوایە ئەسڵەن دروستكردنی گۆڕان پێویست نەبوو.
دۆخی خەڵك لە دۆخێكی زۆر خراپدایە، ئێستا دەبینین رۆژانە خەڵك خۆی دەسوتێنێت، خەڵك خۆی دەكوژێت، ئەمە بەرپرسیارێتی سەرشانی ئەو لایەنانە ئێجگار قورستر دەكات كە بەشداری ئەم دەسەڵاتەیان كردووە، كە یان پێویستە فشار بكەن بۆ هێنانەكایەی چاكسازی راستەقینە، یان بەشداری لەم حكومەتە و بەشداری لەم دەسەڵاتە عەیبەیەكی گەورە دەبێت بۆ هەموولایەك.
پرسیار- چەند جارێك لە قسەكانتاندا دەستەواژەی نوێنەرت بەكارهێنا و وتتان كە ئێوە نوێنەری خەڵكن، بەڵام هەندێكجار جۆرێك لە تەخوین دەبیسترێت بەرامبەر بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد لە بەغداد و دەستەواژەی زبریان بەرامبەر بەكاردەهێنرێت لە هەرێمی كوردستانەوە، ئەم تەخوین و هەوڵدانە بۆ وێناكردنی بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد وەك دوژمنی قەوارەی كوردی لەكوێوە سەرچاوە دەگرێت؟
وەڵام - هەر ئەم خیتابە دەلالەتی ئەوەیە كە ئیرادەی چاكسازی نییە لە كوردستان، ئەگەرنا لەبری تەخوینكردن حەقبوو چاكسازی راستەقینە لە هەرێمی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەی كاری نوێنەرانی كوردیش لە بەغداد ئاسان بكرێت.
من بەردەوام تەحەفوزم هەیە لەسەر وتنی هەندێك رستە و دەستەواژە لە بەغداد، تەنانەت تەحەفوزم هەیە لە پەنابردن بۆ هەندێك دامەزراوەی عێراقی لەپێناو ئەوەی كە فشار لە هەرێمی كوردستان بكرێت، چونكە وەك پەندە كوردییەكە دەڵێت
"ئەگەر كەچەڵ بیتوانیایە تیماری سەری خۆی دەكرد"، عێراقیش خۆی دەیان كێشەی هەیە، بەڵام قەوارەی هەرێمی كوردستان بە قسەی پەرلەمانتاران لاواز نابێت، قەوارەی هەرێم بە ئەنجامدانی ریفراندۆم بەبێ دیراسەكردنی لاوازبوو، بە جێهێشتنی لەسەدا 50ی خاكی كوردستان لە 16ی ئۆكتۆبەردا لاوازبوو، بە بەستنەوەی قەزیەی كوردی لە بەغداد بە تاكەكەس و بە حەقدی شەخسی لاوازبوو، ئەوەی كە تۆ هەموو مەرجەكانت لە پێكهێنانی حكومەتدا ببێتە دانانی تاكە كەسێك، ئەمە قەوارەی هەرێمی كوردستان لاواز دەكات، لەبری ئەوەی كە تۆ قەزیەی كوردی و كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان و بەرژەوەندی خەڵك و مووچە و رێككەوتن لەسەر نەوت و ماف و شایستە داراییەكانی جوتیاران بكەیت بە پرسی خۆت لە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد و لایەنە سیاسییەكانی عێراق، بێیت هەموو كێشەی كورد لە بەغداد ببەستیتەوە بە دانانی كەسێك بە وەزیر ئەمە هەرێمی كوردستان لاواز دەكات، بەراستی ئەمە دڵخوازی لایەنە عێراقییەكانە، تۆ لەكوێ لە مفاوەزاتی تەشكیلی حكومەتدا لایەنە عێراقییەكان مەرجی ئەوەیان لەبەردەستدا بێت كە پێویست دەكات دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان ئاسایی بكەنەوە، كە پێویست دەكات مووچە و قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستان رێككەوتنی لەسەر بكرێت، شایستە داراییەكانی جوتیاران رێككەوتنی لەسەر بكرێت، لەكوێ ئەم مەرجە قورسانە لەبەردەمیاندا بێت بۆ رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەت و لەكوێ مەرجەكان تەنها بریتی بێت لەوەی كە فڵان كەس ببێت بە وەزیر، بە دڵنیاییەوە ئەمە هەرێمی كوردستانی لاوازكردووە، نەك قسەی پەرلەمانتاران كە هەندێكجار لە دڵسۆزی و لە فشاری جەماوەرییەوەیە بۆسەر پەرلەمانتاران كە من لەگەڵ بەشێك لەم قسانە نیم، بەڵام ئەم قسانە پێگەی هەرێمی كوردستان لاواز ناكات كە قەوارەیەكی دەستورییە لە دەستووری عێراقدا، بەڵكو رەوشی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە بەغداد لاوازی دەكات.
پرسیار- ئەوە رەوشی ژیانی خەڵك، ئەوە رەوشی سنوورەكان، ئەوە قەبارەی مەترسییەكان، بەڵام با پرسیارەكە ئەوەبێت پێگەی پەرلەمانی كوردستان لەكوێی ئەم هەموو قەیرانەدایە، ئایا پەرلەمانی كوردستان توانیویەتی هیچ رۆڵێكی هەبێت، مەبەستمە ئەم پرسیارە لە بەڕێزتان بكەم بەتایبەت كە خۆتان پێشتر سەرۆكی پەرلەمان بوون؟
وەڵام - لە راستیدا ئەو كاتەی كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بووم ئەدای پەرلەمان و سەرۆكایەتییەكانی پێش خۆم هەڵنەسەنگاندووە، ئێستاش كە وازم لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هێناوە نامەوێ ئەدای سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵسەنگێنم، ئەوە خەڵك دەتوانێت هەڵسەنگاندنی بۆ بكات، بەڵام من ئیستینتاجێكم هەیە لەكۆی ئەو دۆخەی كە ئێستا لە دۆخی هەرێمی كوردستان هەیە و پێموایە پەرلەمان ئەوكاتە لاوازبوو و كەوت، كە بەبێ هیچ مەرجێك بۆ دووبارەنەبوونەوەی داخستنی پەرلەمان كاراكرایەوە، ئەوكاتەی كە پەرلەمان كاراكرایەوە بۆ ئەوەی هیچ هەلومەرجێك هەبێت بۆئەوەی كە پەرلەمان داخرا جارێكی دیكە دووبارە نەبێتەوە و هیچ هێزێك نەتوانێت دامەزراوەیەكی ئاوا شەرعی پەكبخات جا پارتی بێت یان یەكێتی، بەبێ بوونی ئەو هەلومەرجە پەرلەمان كاراكرایەوە، لەو كاتەوە ئیتر پەرلەمان كەوت و هەمیشە لەژێر مەترسی داخستنەوەدایە.
یەكێكی تر لەو مەسەلانەی كە ئیرادەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان دەردەخات كە ئایا لە هەرێمی كوردستان چاكسازی ئیرادەیەكی راستەقینەیە یان شەڕی نێوان پارتی و یەكێتییە هەریەكە و لە بوارێكدا دژ بە یەكتر، ئەوەیە كە ئایا دۆخی هەرێمی كوردستان ئاسایی دەكرێتەوە، ئەو سەیتەرە ئەمنی و چەكدارییەی كە هەریەكە لە پارتی و یەكێتی لەسەر ناوچەكانی نفوزی خۆیان هەیانە كۆتایی پێدەهێنن، هەرێمی كوردستان دەبێتەوە بە یەك كیان كە هی هەموو هاوڵاتییانی بێت، یان هەرێمی كوردستان دوو زۆنە كە دەسەڵاتی حیزبی دوو حیزب بەڕێوەی دەبات.
پرسیار- لەم ماوەیەدا زۆر باس لە پارەی هەرێم و پارەی عێراق و پارەی بەرپرسان دەكرێت كە براونەتە دەرەوە، تەنانەت لە رابردوودا لە عێراق پرۆژە هەبوو بۆ گەڕاندنەوەی پارە براوەكان، لە ئێستادا دەتوانرێت دەست بۆ دۆسێیەكی لەمشێوە ببرێت؟؟
وەڵام- لە راستیدا دەرفەت هەیە بۆ ئەمە ئەگەر ئیرادە هەبێت، ئێمە بەدوای ئەم كەیسەین لە بەغداد، راستە یاسا دەرچوو بۆ گەڕاندنەوەی پارە تەهریبكراوەكان بۆ بۆ دەرەوە بەڵام ئەوە تا ساڵی 2003 دەگرێتەوە، ئێمە ئێستا لە سەروبەندی ئەوەین كە یاساكە جارێكی تر هەموار بكرێتەوە تا پارەكانی دوای 2003ش بگرێتەوە، من تا ئێستا دووجار بەشداریم كردووە لە دانیشتنی قیاداتی سیاسی عێراق لە هەردوو دانیشتنەكەدا باسی ئەوەمان كردووە كە چاكسازی بەبێ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی براونەتە دەرەوە هیچ مانایەكی نییە، ئێستا عێراق لە ریزبەندی پێشەوەی دەوڵەتە گەندەڵەكانی دونیایە بە هەرێمی كوردستانیشەوە، ئەم دۆسێیەی پارەكانی دەرەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەندێك زانیاری و بەدواداچوونمان هەیە، لەسەر ئاستی عێراقیش دۆسێیەكی مەحاڵ نییە، هەندێك لە دەوڵەتان لە گەڕاندنەوەی پارەكانیان زۆر چوونەتە پێشەوە بۆ نمونە تونس لەم بوارەدا چووەتە پێشەوە و هەندێك لەو پارانەی گەڕاندووەتەوە.
ئێمە ئەوكاتەی كە سەردانی سویسرامان كرد، یەكێك لە دۆسێ بنەڕەتییەكان كە لەگەڵ بەرپرسانی سویسرا باسمان كرد ئەم دۆسێیە بوو، ساڵی 2016 لە سویسرا یاسایەك دەرچووە كە رێگە دەدات بە دەوڵەتان داوای هەژماری بانكی بەرپرسانی وڵات بكەن و هەوڵی گەڕاندنەوەی پارە بدەن، تونس و نایجیریا سوودیان لەمە وەرگرتووە و هەندێك لە پارەكانیان گەڕاندووەتەوە، بۆیە ئەم دۆسێیە مەحاڵ نییە بەڵام پێویستی بە ئیرادەیەك هەیە بۆ كاركردن لەسەری و جوڵاندنی.
گفتووگۆی پەیسەرپرێس
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق