پەیكار عوسمان
- شتێك هەیە پێ ی ئەوترێ ڕاستیی. ئەم شتە کاری بە حەزو ڕق و عوقدەو شەڕەکانی ئێمەوە نیەو ئەو خۆی لە خۆیدا ڕاستییە. ئەم ڕاستییەش لە عەقڵدا دەرك ئەکرێ. کەواتە ئەو لە خۆیداو لە عەقڵ و زانینی ئێمەدا ڕاستییە.
- یەعنی ئەو شتەی کە خۆی ڕاستییە، تەنیا لە دوو ئەگەردا، ئەکرێ لای من ڕاستی نەبێت. یان ئەوەتا نایزانم و جەهلم هەیە بە ڕاستی ئەو شتە. یان ئەوەتا ئەیزانم و ئینکار ئەکەم لە ڕاستی شتەکە!
- یەعنی ئێمە ئەگەر لە عەقڵەوە بۆ شتەکە بڕوانین، ئەتوانین ڕاستەقینەکەی بزانین. کە زانیشمان، ئیتر خۆمانی لێگێل ناکەین، تەنانەت ئەگەر لە بەرژەوەندیشمان نەبێت. بۆچی؟ بۆئەوەی کە خیانەت لە ڕاستی نەکەین و ویژدانی خۆمان ئازارنەدەین.
- کەواتە بۆ سەلماندنی ڕاستی، تەنیا (هۆش) کافی نیە، کە تەمسیلی زانینی پەتیی ڕاستییەکە ئەکات. بەڵکو (یار)یش پێویستە کە تەمسیلی خۆشەویستی ڕاستی ئەکاو هەردوکیشیان پێکەوە، ئەبنە (هۆشیاریی).
- لە هۆشیارییدا ئیتر تۆ هەم عەقڵت ئامادەیە هەم ویژدانت. هەم ڕاستی دەرك ئەکەیت، هەم بەئەمەکیشیت بەرامبەر ڕاستی و ئەبیتە خاوەنی "ئەخلاقی راستی" کە لە خودی ڕاستی گرنگترە!
- ئاخر ئەگەر هۆشیارنەبیت و ئەخلاقی ڕاستیت نەبیت، ئیتر لە ڕێگەی ئینکاری ڕاستییەوە، لە ناوەوە خۆت خراپ ئەکەیت و لە دەرەوەش، دنیاکەو خودی ڕاستییەکەش خراپ ئەکەیت. چونکە ئیتر ڕاستیەکە بۆ مەبەستی خۆت بەکارئەهێنیت، لەکاتێکا ڕاستی بێمەبەستەو خۆی مەبەستەکەیە!
- کێشەی ڕاستی جەهلە. جەهلیش بەریئە، چونکە فێڵ و نیەتی خراپی لە پشتەوە نیە. بەڵکو تەنیا نەزانینێکە، کە بە زانینێك حەل ئەبێت. بەڵام ئینکار لە ڕاستی، کێشەکەی جەهل نیە، مەسەلەکە زانینێکی فاسدە، کە بارگاوی بووە بە بەرژەوەندی و حەزو عوقدەو شەڕەکانی ئێمە.
- مەسەلەن ڕاستی ئەوەیە کە ئاپۆ یەکێکە لە خوێنەوارترین سەرکردەکانی ئێمە. دەی تۆ ئەشێ ناکۆکی سیاسی و فکریشت لەگەڵی هەبێ و ڕەخنەی تێزو کتێبەکانیشی بکەیت و بیرکردنەوەی تۆ پێش بیرکردنەوەی ئەویش بکەوێ.. هەموو ئەمانە واردە. بەڵام هیچ لەمانە، ڕۆشنبیری ئەو نەفی ناکاتەوەو هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئەو خاوەن ڕۆشنبیرییەکی بەرزە.
- جا لەو نمونەیەدا هۆش هەیە بەڵام یار نیە. چونکە ئەگەر یارێتی بۆ ڕاستی هەبووایە، ڕۆشنبیری ئاپۆ فەرامۆش نەئەکرا کە ڕاستییە. یەعنی قسەکەی خەسرەو جاف، لەوێوە کێشەی نیە، کە تانەبێ لە کەسێك، لەوێوە کێشەیە کە غەدرە لە ڕاستییەك!
- بەدیوەکەی تردا یارێتی هەیە بەڵام هۆش غایبە. کە هۆشیش غایب بوو، ئۆتۆماتیکی چەقی یارێتی لە ڕاستییەوە ئەبێ بە کەس. ئیتر خەڵکێك لەڕێگەی جوێندان بە خەسرەو جافەوە، ئەیەوێ یارێتی خۆی بۆ ئاپۆ پیشان بدا. لەکاتێکا ئەگەر بەدیاریکراوی هۆشیان بە فکری ئاپۆوە هەبووایە، لەبری جوێندان بەو، باسی خودی فکرەکەیان ئەکرد! ئەگەریش هەر بەگشتی هۆشیان هەبووایەو هۆشمەندبوونایە، ئەیانزانی ئەو جوێنبازییەی ئەوان خراپترە لە قسەکەی خەسرەو جاف.
- (کاتێ شتێك خوارە، بەڵام کاردانەوەکەی خوارترە!) ئەوە یەعنی (هۆش و یاری) پێکەوە نین و بەجیا هەن. ئەمەش ڕێك یەعنی قەیرانی هۆشیاری. قەیرانی هۆشیارییش هەر ئەوەیە کە جەهلت بە شتەکە هەیەو لە بێمەعریفەییدا خەریکی جوێنیت. یان زانینت هەیە، بەڵام ئەخلاقی زانینت نیەو بەمەش زانینەکەت بارگاوی بووە بە حەزو ڕق و عوقدە.. ئیتر خەریکی شاردنەوەو شێواندنی ڕاستیت. ئێمەش هەردوکیمان هەیەو لەناو هەردوکیداین زۆر بە قووڵی!
- ئا لەوێوەیە، کە ئیتر ئێمە، دینداریمان هەر ڕق و جوێنەو بێدینیمان هەر ڕق جوێن. کوردایەتیمان هەر ڕق و جوێنەو دژەکوردایەتیمان هەر ڕق و جوێن. ئەم حیزب هەر ڕق و جوێنەو ئەو حیزب هەر ڕق و جوێن. دەسەڵاتمان هەر ڕق و جوێنەو موعارەزەمان هەر ڕق و جوێن. لەسەر هەموو ئاستەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فکری و کەسی.. هەر ڕق و جوێن بەسەر یەکدا ئەبارێنین. چونکە کە نەزانبوویت، لە جەهلەوە پەنا ئەبەیت بۆ جوێن و جگە لەوە قسەیەکی ترت نیە. کە زاناشبوویت، لە غیابی ئەخلاقی زانینەوە، پەنا ئەبەیت بۆ شێواندنی ڕاستی و ڕاستی ئەخەیتە خزمەتی شەڕەکانی خۆت!
- لێرەدا باشترین هۆشیاریی بۆ ئێمە، هۆشیاریمانە بە دۆخی خۆمان، کە بریتییە لە دۆخی ڕق و جوێن. هۆشیاریمانە بە بەتاڵیمان کە پڕە لە ڕق و جوێن!
- لە دۆخی ڕق و جوێندا، ئیتر ئێمە ئەچەقین و هەنگاوێك ناچینەپێش. چونکە تۆ لە هەر لایەکبیت، هەر خەریکی هەمان شتیت و تەنیا شوێنەکەت گۆڕیوە. مەسەلەن پارتی و دژەپارتی، دیندارو دژەدین، هەر خەریکی ڕقبازی و جوێندانن بە یەکتر. دەی ئەم دووانە جێگاکەیان جیایە نەك کارەکەیان، دەی کێشەکەش کارەکەیە نەك جێگاکە!
- دەی ئێمە بەوە ناچینە پێش، کە لەم بەرەی جوێنەوە بچینە ئەوبەرەی جوێن، لەم بەرەی ڕقەوە بچینە ئەوبەرەی ڕق، کە هەردوکی هەر هەمان خاڵی ناعەقڵانییەت و نائەخلاقییەتە. ئێمە بەوە ئەچینە پێش، کە تۆ لە هەر کوێت، واز لەو کردە نزمە بهێنیت، بۆئەوەی دەرگای عەقڵ و ئەخلاق لەسەر خۆت بکەیتەوە. دەی ئینسانی ئێمە، لەو دەرگایەوە چاك ئەبێتەوەو شتەکانیش ئەو ئینسانە چاکی ئەکاتەوە.
- ئەم خودەی ئێستامان، کە هەر خەریکی ڕشانەوەیە بەسەر ئەویتردا. گەنیوەو کاتی فڕێدانی هاتووە. ئەمە خودێکی ناڕەسەنە، چونکە لەسەر شتێکی دەرەوەی خۆمان وەستاوەو ڕقێکە لەو یان لەهەر شتێکی دەرەوەی خۆت. گرنگە هەریەکەمان بایکۆتی ئەم خودەی خۆمان بکەین، بەهیوای دروستبوونی خودێکی تری خۆمان، کە ڕەسەنبێ و لەناو خۆمانەوە سەرچاوەی گرتبێ و لەسەر عەقڵ و بیرکردنەوەی خۆمان وەستابێ. بەڵکو بەمەش بتوانین، تۆزێك زیاتر ئینسانی ناو پێکەوەژیان بین و تۆزێکیش کەمتر وەحشی ناو جەنگەڵ و پەلاماردەری یەکتربین.
- گرنگە هەریەکەمان لەناو خۆماندا، کۆتایی بەم قۆناغە قێزەونە بێنین و لەوێوە دەستپێبکەینەوە، کە چیتر بۆ هەر پرسێك، خۆمان بخەینە بەردەم دوو ئەگەر: یان بێدەنگی، یان دەنگی عەقڵ و ناجنێو. بەرامبەر دۆخی جوێن، جگە لەوە ڕێگایەکی ترمان نیە. ئەوەش کارێك نیە، دەسەڵات یان موعارەزە یان مەلا یان ڕۆشنبیر.. بۆتی بکات. ئەوە تەنیا کاری خۆتەو ئەبێ خۆت بیکەیت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق