بەپێی ئامارەکانی گواستنەوەی دەریایی لە مانگی تەممووزدا هەناردەی نەوتی عێراق زیادبووە، لەبەرئەوەش هێشتا ئەو وڵاتە بە تەواوەتی پابەندی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس نەبووە.
بەپێی ئەو داتایانەی لەلایەن ناوەندی رێفێنێتیڤی سەر بە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوبوونەتەوە، هەناردەی نەوتی عێراق لە 20 رۆژی یەکەمی مانگی تەممووزدا دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل بووە و عێراق سەرەڕای بەڵێنەکانی بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، نەیتوانیوە بە تەواوەتی پابەندی رێککەوتنەکە ببێت.
بەپێی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، عێراق دەبێت رۆژانە ملیۆنێک و 60 هەزار بەرمیل نەوت لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی کەمبکاتەوە، هەروەها قەرەبووی مانگی ئایار و حوزەیرانیش بکاتەوە کە نەیتوانیبوو ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی بە تەواوەتی کەمبکاتەوە.
بەپێی داتاکانی رێفێنێتیڤ، عێراق تاوەکو ئێستا بە رێژەی 88٪ پابەندی رێککەوتنەکەی ئۆپێک بووە.
هەروەها ناوەندی رێفێنێتیڤ کە تایبەتە بە کۆکردنەوەی داتا و زانیاری رایگەیاندووە، هەناردەی رۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەم مانگەدا بەلای کەمەوە بۆ 450 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە.
ئەو ناوەندە ئاماژەی بەوە داوە، قەبارەی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە مانگەکانی پێشتردا 370 هەزار بەرمیل بووە.
سەرەڕای داتاکانی رێفێنێتیڤ، بەپێی چەندین سەرچاوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دوو مانگی رابردوودا لە سەرووی 400 هەزار بەرمیلەوە بووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق