بازەكە چۆن لەسەر شانی كازمی نیشتەوە و تاكەی هەڵنافڕێ

ليست هناك تعليقات

لە سەردەمێكدا كە سیستمی تەندروستی هاتووەتە سەر هەرەس بەهۆی كۆرۆناوە، لە سەروبەندێكدا كە نەوت بووەتە كاڵایەكی نەخوازراو و قەیرانی دارایی سەخت لەبەردەگای هەموو ئەو پایتەختانە وەستاوە كە ئابورییەكان تەنها پشتی بە نەوت بەستووە، لە وڵاتێكدا كە هەر لە دروستبوونەوە بە ناتەندروستی نەخشەكێشراوە، پیاوێكی بێ‌ پشتوپەنای سیاسی تەمەن 53 ساڵ سەرۆكایەتی حكومەتێكی شلۆق و رەوشێكی شێواوی راگوزەر دەكات و بارێكی ئێجگار قورس لەسەر شانەكانێتی كە هەڵبژاردنی پێشوەختە، مستەفا كازمی.

بازەكە چۆن لەسەر شانی نیشتەوە؟

ساڵی رابردوو خۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد ئاراستەی سیاسەت و ئایندەی حكومەتی عێراقیان تا رادەیەك گۆڕی، ئەگەرچی قسە و لێكدانەوەی زۆر لەسەر خودی خۆپیشاندانەكان و فاكتەرەكانی و دەستوەردانی دەرەكی و سواربوونی بەشێك لە سیاسییەكان هەیە بۆسەر شەپۆلكە، بەڵام دەرهاویشتەی دیاری ئەوەبوو كە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی پێشوویان ناچاری دەستلەكاركێشانەوە كرد و حكومەتیشیان ناچاركرد كە بڕیار لە هەڵبژاردنی پێشوەخت بدات.

عێراق بەوە ناسراوە كە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت و حكومەتداری تێیدا پرۆسەیەكی ئاڵۆز و پڕ كێشمەكێشە، بەتایبەت كە لەم ساڵانەی كۆتایدا عێراق بووەتە گۆڕەبانی جەنگی بە وەكالەتی هەم هەندێك لە وڵاتانی ئیقلیمی و هەمیش پشكێكە لە پشكەكانی ململانێی زلهێزەكان، هەربۆیە سەرۆك وەزیرانی پێشوو زیاتر لە 5 مانگ وەك كاربەڕێكەر مایەوە و لەو ماوەیەشدا 3 كەس بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپێردران كە شكستیان تێیدا هێنا و نەیانتوانی پشتیوانی لایەنەكان بەدەستبهێنن، سەرەنجام بازەكە بەسەر شانی كەسی یەكەمی هەواڵگری عێراقەوە نیشتەوە كە تا ئەم چركەیەش نەیارەكانی لە دۆستەكانی زیاترن و نە خۆیی و نە دۆستەكانیشی دڵنیانین كاروانەكەی دەگاتە مەنزڵ یان چی بەسەردێت.

ئێران چۆن رێگەیدا كازمی بگاتە كورسییەكەی؟

كۆماری ئیسلامی ئێران بە مەتبەخی سیاسی عێراق دادەنرێت، بەجۆرێك لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، بەغداد نەیتوانیوە هیچ هەنگاو یان گۆڕانكارییەك بەخۆیەوە ببینێت ئەگەر تاران رازی نەبوبێت، بەڵام لە دۆسێی كازمیدا هاوكێشەكان بڕێك گۆڕانیان بەسەردا هات بەجۆرێك ئەو پیاوەی كە بەشێك لە شیعەكانی عێراق و خودی ئێرانییەكانیش بە یەكێك لە تۆمەتبارانی دۆسێی تیرۆركردنی قاسم سلەیمانییان دەزانی، لەبری راوەدوونان رێگەیان بۆ كردەوە تا بگاتە سەر كورسی دەسەڵات، ئەگەر رێگەشیان بۆ نەكردبێتەوە ئەوا بە ناچاری هیچ چاڵ و بەردێكیان لەسەر رێگاكەی دانەنا.

بەپێی راپۆرتێك كە رۆژنامەی ئیندیپێندنتی لەندەنی بڵاویكردەوە، لە سەردانێكی نهێنیدا بۆ عێراق، بەشێك لە سەركردە شیعەكان كە لەگەڵ ئیسماعیل قائانی جێگرەوەی قاسم سلەیمانی كۆبوونەتەوە، بەڵام ئەو سەركردە شیعانە بوونەتە مایەی نائومێدی تاران، چونكە داواكارییەكانیان هەمووی لە بەرژەوەندی خۆیان بووە نەك لە بەرژەوەندی ئێران، بۆ نمونە هەندێك لە سەركردەكان داوای گرەنتی پاراستنی ژیان و بەرژەوەندییەكانی خۆیانیان لە قائانی كردووە و هەندێكیشیان هەوڵیانداوە وا نیشان بدەن كە دەتوانن ببنە بەدیلی عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و داوای پشتیوانییان لە ئێران كردووە، هەربۆیە ئێران بە روونی هەستی بەو بۆشاییە كردووە كە لەدوای قاسم سلەیمانی لە عێراق دروستبووە و بە نیگەرانییەوە تا ئێستا چاودێری دەكات و بۆشاییەكەش تادێت زیاتر دەبێت، هەر ئەم پێشهاتانەش وایان لە ئێران كرد كە رێگەبدات كازمی بگات بە پۆستی سەرۆك وەزیران و ناچاركردنی ئەم گروپە شیعییانە بۆ پابەندبوون بە كازمییەوە كە بەبڕوای هەندێك ئەوە گەڕانەوەی هەنگاوێكە بۆ دواوە لەلایەن ئێرانەوە بەڵام بەشێوەیەكی تاكتیكی، تا دەرفەتی هەبێت جارێكی دیكە كارتەكانی دەستی لە عێراق رێكبخاتەوە بەجۆرێك لەگەڵ بارودۆخی ئێستای عێراقدا بگونجێت و سەرەتایەكی نوێ‌ دەستپێبكات لەدوای ئەو رووداوەی بەسەر قاسم سلەیمانی هێنرا.

كازمی دەرەقەت دێت؟

روونە كە مستەفا كازمی خاوەنی حزبێكی سیاسی یان كوتلەیەكی پەرلەمانی گەورە و بەهێز نییە و پیاوێكی تا رادەیەكی زۆر بێ‌ پشتیوانە، بەڵام لەپاڵ ئەو بێ‌ پشتیوانییەشیدا هەنگاوی گەورە دەنێت، هەنگاوگەلێك كە سەرۆك وەزیرانەكانی پێش خۆی لە عێراق چەند لەرووی سیاسی و سەربازی و دارایی و پشتیوانییەوە بەهێزبوبن جورئەتیان نەبووە دەستی بۆ بەرن

بۆ نمونە:-

كازمی دەیەوێت دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر خاڵە سنورییەكاندا بسەپێنێت، لەكاتێكدا دەوترێت خاڵەسنورییەكان بوونتە كانگای گەندەڵی و بەهەدەردانێكی بێ‌ شوماری داهات و دارایی عێراق.

د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆیەكی (پەیسەر پرێس)دا دانی بەوەدا نا كە لە كۆبوونەوەیەكی قیاداتی سیاسی عێراقدا كە خۆی بەشداربووە باس لەوەكراوە داهاتی خاڵەسنورییەكان ساڵانە نزیكەی 12 ملیار دۆلارە بەڵام تەنها یەك ملیار دۆلاری دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت.

كازمی دەیەوێت سیمای ئێرانی بە عێراقەوە نەهێلێت و داوای لابردنی وێنەكانی خومەینی و خامنەیی و سلەیمانی كرد لە شەقام و شوێنە گشتییەكان، لەكاتێكدا ئەوەی كە روونە عێراق ئێستا تەنها بە ناو و سنوور دەوڵەتێكی جودایە لە ئێران، دەنا لەرووی هەژمون و بڕیاری سیاسییەوە بووەتە كۆلكەیەكی هاوبەشی ئێران لە ناوچەكەدا.

كازمی دەیەوێت كە هەڵبژاردنێكی شەفاف لە عێراق ئەنجام بدات، لەمەشدا بە بڕوای چاودێران ناتوانرێت هیچ گرەوێك لەسەر سەركەوتنی بكرێت، چونكە عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی هەڵبژاردنەكانی و شەفافی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان زۆرترین قسە و رەخنەی لەسەرە، بە ئەندازەیەك لە دواین هەڵبژاردندا زۆرترین خەوش و خروقات تۆماركرا و شەقامی عێراقی پێیوایە ئامێرەكانی ژمێرەی ئەلیكترۆنی جیاكردنەوەی دەنگەكان لەمسەر بۆ ئەوسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لە بەرژەوەندی ئەو حیزبانە داتاكرابوون كە لەسەر هێڵی سیاسی وڵاتێكی دیاریكراوی ناوچەكەن و دەنگی لایەنەكانی دیكەی لە بەرژەوەندی ئەوان هەژماركردووە، كەواتە ئێستا ئەركی كازمی لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە دووجار قورسە، جارێك كە تاكی عێراقی متمانەی بە خودی پرۆسەی هەڵبژاردن نەماوە و جارێكیش كە گرەنتیكردنی شەفافیەتی هەڵبژاردن لە عێراق وەك گرەوكردن وایە لەسەر ئەسپێكی مردوو.

ئەوەش لەكاتێكدا ئێستا مەترسی هەیە كە لایەنە سیاسییەكانی عێراق ئامادەنەبن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت و سەرەكیترین بنەمای دامەزراندنی كابینەكەی كازمی وەلابنێن كە كابینەیەكی راگوزەرییە.

بەدر زیادی سەركردەی باڵا لە هاوپەیمانی سائیرون ڕایگەیاند، زۆرینەی لایەنەكان خواستیان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەخت نییە و پاشگەزبوونەتەوە لە جێبەجێكردنی خواستی خۆپیشاندەران.

بە وتەی زیادی، ئەگەر لایەنەكان بیانەوێت یاری بە كات بكەن لە بارەی هەڵبژاردنی پێشوەخت، جارێكی تر خۆپیشاندانی فراوان سەرتاسەری پارێزگاكانی عێراق دەگرێتەوە و لایەنەكانیش بەرپرسیار دەبن لە بەرامبەر هەر توندوتیژییەك ئەگەر ڕووبدات.

ئێستا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئەگەر ئێران جارێكی دیكە كارتەكانی دەستی بەپێی گۆڕاوە نوێیەكانی عێراق رێكبخاتەوە، سیستمی تەندروستی و ئابوری عێراق هەرەس بهێنن و هەوڵیش بدرێت هەڵبژاردن نەكرێت و خۆپیشاندانەكان سەرهەڵبدەنەوە، ئایا بازی بەخت هەر بەسەر شانی كازمییەوە دەمێنێتەوە یان هاوشێوەی زۆرێك لە ئەكتەرەكانی پێش خۆی رۆڵی لەسەر شانۆكە كۆتایی دێت.
ڕاپۆرتی پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif