هیچ زانیاریت لەسەر ئەم هێزە (ڤاگنەر) هەیە

ليست هناك تعليقات

لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا. رووسیا رۆڵی گەورە و کاریگەر و یەکلاکەرەوەی هەبوو، کە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەسەر خاکی سووریادا، لە 22٪ بۆ 60٪ بەرزببێتەوە. هێزەکانی رووسیا و بەربڵاویی دەستتێوەردانی مۆسکۆ لە جەنگەکانی ئەو وڵاتەدا و پشتگیری حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، ئەنجامی نایابی بۆ دەسەڵاتدارانی سووریا لەسەر زەوی بەدەستهێنا.

کۆمەڵەی ڤاگنەری سەربازی (یەکێک لە کۆمپانیا ئاسایشییە تایبەتەکانی رووسیا)، رۆڵی گەورەی لەسەرخستنی پرۆسە سەربازییەکانی رووسیا لەو وڵاتە و لەناوبردنی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکومەتی سووریادا گێڕا. ئێستا رووسیا ئەزموونی بەکارهێنانی ئەو کۆمپانیایە لە شوێن و جێگەی دیکەدا تاقیدەکاتەوە.

ساڵی 2015، رووسیا بەفەرمی هاتە نێو شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، چەندین بنکە و پێگەی سەربازیی لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا کردەوە، بەشداریی گەورەی لە هێرشەکانی سەر ئەو ناوچانەدا هەبوو کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریادا نەمابوون. یەکێک لە کاریگەرترین شەڕڤانانی سەر بە رووسیا لەسەر زەوی، هێزەکانی ڤاگنەر بوون.

هەرچەندە تائێستا مۆسکۆ رەتیدەکاتەوە بەفەرمی سەربازەکانی کۆمپانیای ڤاگنەر، سەر بە ئەو بن، ئەمەش بەپێی مادەی 356ی بڕیاری یەکەمی یاساکانی تاوانکاری، کە "قەدەخەی دەکات بە سەربازکردن، پشتگیری و مەشقپێدانی بەکرێگیراو و بەکارهێنانیان لە ململانێ و کێشە سەربازییەکاندا". کەچی چەندین لایەنی نێودەوڵەتی ڤاگنەر بە "رێکخراوی نهێنی راسپێردراو بە ئەرکی سەربازیی نهێنی لە بری کرملین" ناودەبەن، بەڵام سەرەتاکانی سەرهەڵدان و دەرکەوتن و پارەدارکردنی ڤاگنەر چین؟ ئەم کۆمەڵە چەکدارە کارەکانی چۆن دەستیپێکرد و فراوان بوو؟ کێ بەڕێوەی دەبات و بۆ چ ئامانجێک کاردەکات؟

سەرەتاکانی دروستبوون

هەرچەندە زانیاری تەواو لەسەر سەرەتاکانی دروستبوون و دۆخی دروستبوونی کۆمەڵەی ڤاگنەر لەبەردەست نییە، سەرچاوەکان دەڵێن سەرەتای چالاکییەکانی شەڕکەرەکانی کۆمپانیاکە بۆ شەڕی ئۆکراینا دەگەڕێتەوە، کاتێک هێزەکانی سەر بە رووسیا لە دژی سوپای ئەو وڵاتە شەڕیان دەستپێکرد لەسەر ململانێیەکانی دوورگەی کریمیا. پاش ئەوەی حکومەتی رووسیا بڕیاریدا لە مانگی ئاداری 2014، ئەو دوورگەیە بخاتە سەر سنوورەکانی خۆی. ئەم هەنگاوە رووسییە رەخنەی زۆری نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا.

ئۆکراینا سەرەتای دەرکەوتنی ڤاگنەر بوو وەک هێزێکی شەڕکەری دەستوەشێن، دواتر لە سووریادا ئەستێرەی بەختی ئەو کۆمپانیایە بەتەواوی درەوشایەوە، کاتێک حکومەتی کرملین بڕیاریدا، بەفەرمی دەستلەکاروباری سووریادا وەربدات و پشتگیری حکومەتی بەشار ئەسەد بکات.

رۆژنامەی ڤۆنتانکا رۆی رووسی نووسیویەتی: "لە سووریا، ڤاگنەر بە تەواوی بووە ئەو باڵە سەربازییەی رووسیا، لەو شوێنانەدا دەردەکەوێت کە حکومەتی مۆسکۆ نایەوێ بوونی هێزەکانی خۆی بە فەرمی تێدا دەربخات، یان بە هەر هۆکارێک بێت، ناتوانێت کارە سەربازییەکانی بە ئاشکرا لەو ناوچانەدا بکات".

راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کە لە زانیارییەکانیدا پشتی بە کەسانی نزیک لە کۆمپانیای ڤاگنەر بەستووە دەڵێت، دروستکردنی ئەو کۆمەڵە سەربازییە رووسیە بۆ دوای پایزی 2015 دەگەڕێتەوە، کە هاوکات بوو لەگەڵ سەرەتای هێرشە ئاسمانییە چڕەکانی رووسیا لە سووریادا، بۆ پشتگیریکردنی هێزەکانی بەشار ئەسەد.

بەپێی ئەوەی رۆژنامەی لۆس ئەنجلۆس تایمزی ئەمریکی باسیکردووە، دامەزراندنی کۆمەڵەکە لە ساڵی 2014دا بوو، لەسەردەستی عەمیدی پێشووی سوپای رووسیا، دیمیتری ئۆتکین کە ئێستا بەهۆی دەستهەبوونی لە پشێوییەکانی ئۆکراینا و بەشداریکردن لە شەڕی میلیشیا جوداخوازەکان، لە دژی حکومەتی ئۆکراینا، لەلایەن ئەمریکاوە سزادراوە.

رۆژنامەکە دەڵێت: "ئەوە هەر ئۆتکین نییە لە ناو کۆمپانیاکەدا کە ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ، بەڵکو چەندین سەرباز و شەڕکەری پێشووی رووسیا، کە ئێستا ئەندامی ڤاگنەرن، لە شەڕی رۆژهەڵاتی ئۆکراینادا بەشدارییان کردووە، ئەوان پێکهێنەری ئەو هێزە یاخیبووەن، کە رووسیا لە ساڵی 2014ەوە لەو وڵاتەدا بۆ لێدانی حکومەتی ئۆکراینا بەکاریاندەهێنێت".

سەرچاوەی سەرەکیی داهات

لۆس ئەنجلۆس تایمز دەڵێت، بناخەی سەرەکیی ڤاگنەر، ژمارەیەک سەربازی خانەنشینی رووسین، لەلایەن سەرکردە سەربازییە دێرینەکانی سوپای رووسیاوە سەرکردایەتیی دەکرێن، لە نێویاندا یافگینی بریگۆجین کە لە ڤلادیمێر پووتینك سەرۆکی رووسیاوە زۆر نزیکە و بە "شێفی سەرۆک" ناسراوە، ئەمە جیا لە یۆری ئۆتکین.

رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، لەبەرئەوەی دروستکردنی کۆمپانیای سەربازیی لە رووسیا رێگەپێدراو نییە، کۆمپانیاکە لە ئەرجەنتین تۆمارکراوە. سەرچاوەی داهاتی ڤاگنەر بریتییە لە "گرێبەستە قازانجهێنەکانی سەرچاوە سروشتییەکان لەو وڵاتانەی کاری تێدا دەکەن، وەک مافی دۆزینەوەی کانزاکان، جیا لە کارەکانی بەکرێگرتن لەپێناو لێسەندنی پارە لە بەرامبەر ترساندن و هەروەها دابینکردنی سیکیوریتی بۆ کەس و کۆمەڵە جیاوازەکان".

بریگۆجین کە بە خاوەنی راستەقینەی کۆمەڵە سەربازییەکە دادەنرێت (کە خاوەنی گەورەترین مامەڵەی بازرگانییە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی رووسیادا)، لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی 2016دا، سزای بەسەردا سەپێنرا، دواتر واشنتن کۆمەڵەی ڤاگنەری لە لیستی ئەو سزایانەدا دانا کە بەسەر دامەزراوە رووسیەکاندا سەپاندی لە حوزەیرانی 2017، بەهۆی پرۆسەکانییەوە لە ئۆکراینا و پەیوەندییەکانی بەیاخیبووانی ئۆکرانی لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە. ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی بەرگریی رووسیا هەموو پەیوەندییەک بەو کۆمپانیا تایبەتانەوە رەتدەکاتەوە، لەگەڵ بوونی هەر جۆرە پەیوەندییەک بە هەر بزنسمانێکەوە کە خاوەنداریەتی ئەو کۆمپانیایانە دەکەن، بەتایبەت ڤاگنەر.

ژمارەی شەڕکەرەکانی ڤاگنەر

سەرچاوە ئاسایشی و سەربازییەکان دەڵێن، چەند هەزار کەسێکن. لە ئابی 2016دا، رۆژنامەی "ئار بی کا"ی رووسی بڵاوی کردەوە کە ژمارەی شەڕکەرەکانی کۆمپانیاکە 1600 سەرباز بووە، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی کۆمەڵەکە لە پرۆسە سەربازییەکانی سووریادا، ژمارەکە چەندینجار بەرز بووەوە.

لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوەی رۆژئاوایی دەڵێن، ژمارەی شەڕکەرەکانی کۆمپانیاکە 5 هەزار سەرباز و راهێنەرە، بناخەی سەرەکیی هێزەکان لەسەرەتاوە، سەربازە خانەنشینەکان و شەڕکەرانی رووسیا لە ئەفغانستان و چیچان بوو، بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی ژمارەی سەربازە نوێیەکاندا کە خاوەنی ئەزموونێکی سەربازیی دیاریکراو بوون، ژمارەکە زۆر زیاتر بوو.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن پاش چەند هەفتەیەکی کەم لە مەشقدان، ئەو شەڕکەرانە بۆ ناوچەکانی شەڕ دەنێردرێن و مووچەیەکی زۆر بەرزتر لەو داهاتانە وەردەگرن، کە هاونیشتمانییەکی ئاسایی رووسی وەریدەگرێت. ماڵپەری ڤۆنتانکای رووسی دەڵێت، "مووچەی شەڕکەرانی کۆمپانیاکە 4 هەزار دۆلارە".

دوای چەندین ساڵ لە کارکردنی نهێنی لەبارەی شەڕکەرەکانی ڤاگنەرەوە "لە ناوچە ململانێ لەسەرەکان" لە شاردنەوەی ناسنامەی کەسەکانی سەر بە کۆمپانیاکە، گورزی گەورە بۆ ئاشکرابوونی کارە گوماناوییەکانی ڤاگنەر، ئەوکات دەرکەوت کە مایک پۆمپیۆی سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، لە نیسانی 2018دا رایگەیاند: وڵاتەکەی لە شەڕێکی گەورەدا لە سووریا، لە سەرەتاکانی شوباتی ئەمساڵدا، دەیان رووسی کوشتووە.

ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت: ئەم راگەیاندنە سەرەتای گۆڕانکاری بوو لە چالاکییەکانی ڤاگنەردا، چونکە سەرنجی زیاتری بۆ سەر کارەکانی راکێشا، ئەمە پاشئەوەی بەشداری شەڕکەرەکانی لە جەنگی سووریادا، تا ئەوکات بەنهێنییەکی زۆرەوە بەڕێوەدەچوو و تەنانەت ناوی کوژراوەکانیشیان ئاشکرا نەدەکرا. جیا لەوەش پرسەی ئاشکرایان بۆ دانەنرا وەک ئەوەی بۆ کوژراوەکانی سوپای رووسیا دەکرا.

ڤاگنەر بۆچی دامەزرا؟

وێڕای سووربوونی دەسەڵاتدارانی رووسیا لەسەر نەبوونی هیچ بەڵگەیەک، کە بیسەلمێنێت پەیوەندی راستەوخۆیان بە دامەزراوە فەرمییە سەربازییەکان یان کۆمپانیا تایبەتە سەربازییەکانەوە هەبێت، چاودێران لە چەندین پایتەختی جیاوازەوە، پێیانوایە ئەو کۆمەڵەیە بەشێکی سەرەکی ستراتیژیەتی مۆسکۆ پێکدەهێنێت کە بریتییە لە باڵکێشان، باڵادەستبوون لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی، لە رێگەی بڵاوەپێکردنی ئەو شەڕکەرانەی جلی فەرمیی سەربازە رووسییەکان لەبەر ناکەن.

پاڤل فیلگنهاوەر، یەکێک لە شرۆڤەکارانی رۆژنامەی نۆڤیا گازێتای رووسی دەڵێت: "بەکارهێنانی ئەو بەکرێگیراوانە چەندین ئامانجی جیاواز بۆ رووسیا دەستەبەر دەکات، دیاترینیان کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی ئەوانە، چونکە هەڕەشە لەسەر ئاسایش و سیاسەتی وڵات دروستدەکەن، بەهۆی مەشقی باڵا و توانای تایبەتییانەوە. ئەمە جیا لە رێگەخۆشکردن بۆ کرملین، بە چاودێریکردنی ئامانجە سیاسییەکانی دەرەوەی بەنهێنی و بەبێ ئەوەی ئاشکرا ببێت و بەرژەوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانیدا بخاتە مەترسییەوە. ئاماژەی بەوەداوە کە شەڕکەرەکانی ڤاگنەر، لە ژێر کۆنترۆڵی دەزگا ئاسایشی و سەربازییەکانی رووسیادا کاردەکەن، بەبێ ئەوەی رووسیا گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵبکات.

ئەرکە زۆر مەترسیدارەکان

بەپێی راپۆرتێکی فۆرین پۆلسی، پرۆسە بەرزە مەترسیدارەکان بە هێزەکانی ڤاگنەر دەسپێردرێت لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا، ئاماژەی بەوەداوە کە ئەندامانی ئەو گرووپە بەشدارییان لە پرۆسەی رزگارکردنی تەدمور لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کردووە لە ئابی 2017 دژ بە رێکخراوی داعش.

گۆڤارە ئەمریکییەکە دەڵێت: "لەگەڵ فرەبوونی ئەو بەرانەی کە مۆسکۆ دەستیان تێوەردەدات، پەنای بردە بەر کەمکردنەوەی ژمارەی کوژراوەکانی لە ریزەکانی هێزە فەرمییەکانیدا، چونکە ژمارەی کوژراوەکانی سووپای رووسیا، زۆرجار گوشاری ناوخۆیی دەخستە سەر حکومەتی رووسیا، ئەمەش بەپشتبەستن بە هێزەکانی ڤاگنەر".

چاودێران دەڵێن لە ساڵانی رابردوودا، پرۆسەکانی پاسەوانی و پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان و ناوچەکانی سەرچاوە سرووشتییەکان، لەو دەوڵەتانەدا کە رووسیا دەستی سەربازیی هەیە تێیاندا، بە کۆمەڵەی ڤاگنەر سپێردراوە. ئەم ئەرکە هەمان ئەو ئەرکەیە کە پێشتر بە کۆمپانیای ئیڤرۆپۆلیس لە ئەستۆی دەگرت کە سەرچاوەکان دەڵێن: هەردوو کۆمپانیاکە موڵکی یفگینی پریگۆڤینن.

دیارترین گۆڕەپانەکانی شەڕ

کاری ڤاگنەر بە تەنیا لەو شوێنانەدا کورت نەبووەتەوە کە یەکەمجار تێیدا دەرکەوت، وەک ئۆکراینا و سووریا، بەڵکو دواتر زۆر بەخێرایی بڵاوبووەوە و لێکۆڵینەوەکان دەڵێن، رۆڵی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا فراوانبووە، بە نموونە سوودان، ئەفریقیای ناوەڕاست، ڤەنزوێلا و دواجار لیبیا.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی رۆیتەرز لە کۆتایی ساڵی رابردوودا: "شەڕکەرەکانی سەر بە رووسیا کە لە گرووپی ڤاگنەرن، گەشتیانکردووە بۆ کاراکاسی پایتەختی ڤێنزوێلا، لەپێناو پشتگیریکردنی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە کە (هاوپەیمانی رووسیا)یە، لەپێناو هێشتنەوەی لە دەسەڵاتدا، بەتایبەت پاش هەڵچوونی ناڕەزایەتییەکان لە دژی لە 2019دا، کۆمەڵەکە هەروەها لە سووداندا کاریان کردووە، بۆ پشتگیری عومەر بەشیری سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە، بەرلەوەی لە نیسانی 2019 لە دەسەڵات لاببرێت.

لە گۆڕەپانێکەوە بۆ گۆڕەپانێک و لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکە، هەڵسەنگاندن بۆ ئەرک و سروشتی شەڕکەرەکانی ڤاگنەر جیاوازە، بەتایبەت کە نهێنیپارێزییەکی زۆر لە چواردەوری کارەکانی هەیە.

ئەرکی جیاواز لە لیبیا

هەرچەندە سەرچاوەکان دەڵێن کە کارەکانی ڤاگنەر لە سووریادا جیاواز بووە. بریتیبووە لە مەشقدانی هێزەکانی رژێمی ئەو وڵاتە و رووبەڕووبوونەوە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ، جیا لە شەڕکردنیان لە جێگەی سوپای فەرمیی رووسیا و بەرزکردنەوەی لایەنی دەروونیی سوپای سووریا، لەگەڵ پاراستنی هێزەکانی سوپای رووسیا لەوەی زیانی گیانیی زۆری لێبکەوێتەوە. لە لیبیا ئەم هێزە کە نوێترین گۆڕەپانی شەڕی هێزەکانی ڤاگنەرە، جیاوازە.

بەپێی راپۆرتە ئەوروپی و تۆمەتبارکردنە ئەمریکییە فەرمییەکان کە پێنتاگۆن ئاشکرایکردووە، ژمارەی "بەکرێگیراوە رووسەکان لە لیبیا لە کۆتایی ساڵی 2019 لە نێوان 800 تا 1400 شەڕکەردابووە. ئەوان کاریان لەسەر مەشقدان و پشتگیری هێزەکانی سوپای نیشتمانیی لیبیا و هێزەکانی سەر بە خەلیفە حەفتەر کردووە، ئەمە جیا لە پێشکێشکردنی راوێژی سەربازی و ئاسایشی".

لە ئایاری رابردوودا، راپۆرتێکی نێودەوڵەتی گوتی، سەدان ئەندامی سەربازیی نافەرمیی رووسیا، کە سەر بە گرووپی ڤاگنەر بوون، لە شەڕەکانی لیبیادا تێوەگلاون و ژمارەیان بە نزیکەی 800 کەس خەمڵێنراوە.

لە راپۆرتێکی 57 لاپەڕەییدا، ئاشکرا کراوە کە ئەندامانی کۆمەڵەکە لە تشرینی یەکەمی 2018ەوە لە لیبیا کاردەکەن و هاوکاری و پشتگیری تەکنیکی، چاککردنەوەی کەرەستە سەربازییەکان دەکەن و لە پرۆسە سەربازییەکانیشدا بەشدارن.

هەردوو لایەنی شەڕکەری لیبیا (حکومەتی ویفاقی نیشتمانی کە بارەگاکەی تەڕابلوسە، لەگەڵ سوپای نیشتمانیی لیبیا لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە)، یەکدی بەهێنانی کرێگرتە و شەڕکەر لە دەرەوەی لیبیاوە تۆمەتبار دەکەن.

ئەرکەکانی ڤاگنەر لە سوودان و ئەفریقیای ناوەڕاست جیاوازە، بەپێی ئەوەی سەرچاوە بیانیی و رووسییەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، جیا لە پشتگیری حکومەتەکان، ئەرکی پاراستنی کانە زێڕەکان، ئەڵماس، یۆرانیۆم و سەرچاوەی دیکەی سروشتی بەو هێزانە سپێردراوە، ئەمەش وەک رێگەخۆشکردن بۆ کارکردنی کۆمپانیا رووسییەکان لەو ناوچانە لە داهاتوودا.







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif