گرفتی به‌رهه‌مهێنانی دۆگما‌و جه‌هل

ليست هناك تعليقات

سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم
-
هیچ شتێك هێنده‌ی نه‌فامی‌و جه‌هل بۆ مرۆڤ مه‌ترسیدار نیه‌، كێشه‌ی به‌شی هه‌ره‌ زۆری مرۆڤی ئێمه‌ هۆشیارییه‌، هۆشیاری له‌هه‌موو بواره‌كانی ژیانه‌وه‌ تاده‌گاته‌ ئاستی ئه‌م بارودۆخه‌ سیاسی‌و ئابوورییه‌ شكستخواردووه‌ی ئه‌زمونی ئیداره‌دانی هه‌رێمی كوردستان‌و كایه‌ی سیاسی.

گرفتی به‌شی زۆری مرۆڤی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ خاوه‌نی دونیابینی خۆی نیه‌، خاوه‌نی خوێندنه‌وه‌‌و روانین‌و تێڕامان‌و شیكردنه‌وه‌‌و خوێندنه‌وه‌ی كۆده‌كانی نوسین‌و گوتاری كاره‌كته‌ره‌ سیاسی‌و ئاینی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و روناكبیرییه‌كانی نیه‌. ئه‌وه‌ش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ، كه‌هۆشیاری مرۆڤی ئێمه‌ هۆشیارییه‌كه‌ی په‌رته‌وازه‌‌و پارچه‌ پارچه‌یه‌. تۆ كه‌نه‌توانی زمانی گوتاری كاراكته‌ره‌كان، كۆد‌و پاڵنه‌ری پشتی گوتاری كاره‌كته‌ره‌كان بخوێنیته‌وه‌‌و شیبكه‌یته‌وه‌، ناتوانیت هۆشیاریه‌كی ته‌ندروست به‌رهه‌م بهێنیت. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی ئایدۆلۆجیا سیاسی‌و ئاینیه‌كان، كه‌بوونه‌ته‌ حه‌قیقه‌تی ره‌ها لای به‌شێكی زۆری مرۆڤی ئێمه‌ هۆكارێكی تری بێتوانایی به‌رهه‌مهێنانی هۆشیاریه‌كی مه‌عریفینن به‌شێوه‌یه‌ك مرۆڤ به‌هۆی كاریگه‌ری ئایدۆلۆجیاكه‌یه‌وه‌ هه‌ندێ كات ده‌ستبه‌رداری بینی ساخته‌یی ئه‌و كاراكته‌ره‌ ده‌بێت، كه‌سه‌ر به‌ئایدۆلۆجیاكه‌یه‌تی‌و دڵنیاشه‌ راستگۆ نه‌بووه‌ له‌به‌جێهێنانی ئه‌رك‌و رۆڵه‌كه‌یدا، یا هه‌ندێكی وه‌ك په‌رچه‌كردار له‌داخی ره‌خنه‌ی كه‌سی نێو ئایدۆلۆجیا دژه‌كانی ده‌ستبه‌رداری ئه‌وه‌ ده‌بێت دان بنێت به‌وه‌دا‌و ببینێت، كه‌كاره‌كته‌ره‌كانی ئایدیاكه‌ی خۆشی پاڵه‌وانی ساخته‌ن‌و سه‌فسه‌ته‌‌و فریوده‌رن له‌رێی گوتار‌و یاریكردن به‌وشه‌‌و ختوكه‌دانی هه‌ست‌و سۆزی ئاینی‌و سیاسی هه‌واداره‌كانیانه‌وه‌.

له‌مرۆژانه‌دا مه‌سه‌له‌ی خانه‌نشینی پارله‌مانتاران هاته‌ئاراوه‌، جارێ به‌شێكی هه‌ر خۆی كرده‌ كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت‌و پشتی كرده‌ به‌ڵێنه‌كانی خۆی، كه‌به‌ده‌نگده‌رانی دابوو كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و به‌بێده‌نگی پێیوتین زۆر به‌ئه‌سپایی وه‌ریده‌گرێ، به‌شێكیتری به‌شیری حه‌ڵاڵی له‌قه‌ڵه‌مدا، هه‌ندێ رایگه‌یاند كاری خێرخوازی پێئه‌نجام ده‌دات، هه‌ندێكیتر وتی چه‌ن كه‌م بكات له‌قاسه‌ی حزب بۆیان قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه‌،...تاد. كاتێ ره‌خنه‌ له‌م حاڵه‌ته‌ هاته‌ئاراوه‌ ده‌بینین لێره‌وه‌ هۆشیاری به‌هۆی ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ی سه‌ره‌وه‌ باسمانكرد دابه‌ش‌و په‌رته‌وازه‌ بوو، هه‌ریه‌كه‌‌و له‌بری به‌رهه‌مهێنانی هۆشیاری‌و ره‌خنه‌یه‌كی ته‌ندروست له‌خه‌می پینه‌‌و په‌ڕۆكردنی پارله‌مانتاره‌كه‌ی خۆیدا بوو، مامۆستا هه‌بوو خۆی گه‌ر خانه‌نشین بكرێت دوای وه‌زیفه‌ به‌400 هه‌زار خانه‌نشین ده‌بێت به‌بڕوانامه‌یه‌كی زانكۆوه‌، به‌ڵام پاساوی بۆ پارله‌مانتارێكی بێ بڕوانامه‌ ده‌هێنایه‌وه‌‌و بۆی پینه‌‌و په‌ڕۆ ده‌كرد، كه‌ به‌زیاتر له‌(2 ملیۆن) دینار خانه‌نشین ده‌بێت. خه‌ڵك هێنده‌ له‌نێو جه‌هلدا گیرۆده‌یه‌، كه‌ به‌رگری له‌په‌رله‌مانتارێك ده‌كات، كه‌ 6 ملیۆن موچه‌كه‌ی بوو به‌ناڕه‌وا، به‌ڵام موچه‌كه‌ی خۆی نه‌گه‌یشتۆته‌ 1 ملیۆن! مرۆڤی ئێمه‌ به‌رگری له‌كاره‌كته‌ره‌ سیاسیه‌كانیان ده‌كه‌ن، كه‌باخ‌و ڤێلا‌و ئۆتۆمبیلی مۆدێل به‌رز‌و زیاتر له‌هاوسه‌رێك‌و ماڵ‌و حاڵێكیان هه‌یه‌، كه‌چی خۆیان نان نیه‌ بیخۆن! هه‌بوو له‌م خانه‌نشینیه‌دا پاساوی بۆ په‌رله‌مانتاری وا ده‌هێنایه‌وه‌ ده‌یوت به‌س نیه‌ سودی مه‌عنه‌وی هه‌یه‌ بۆیه‌ مافی خۆیه‌تی قه‌یچیه‌كا به‌هه‌رچه‌ند خانه‌نشین بێت، به‌ڵام ده‌بێ سودی مه‌عنه‌وی چی بێت، كه‌ ئه‌و وتار‌و ره‌وانبێژی بۆ قریودان‌و دۆگماكردنی گوێگره‌كانی به‌كارهێنا بێت، به‌ڵام له‌مه‌سه‌له‌ی خواردنی پاره‌ی ناڕه‌وادا له‌تاقیكردنه‌وه‌كه‌دا ده‌رنه‌چوو بێت. بۆیه‌ تاهۆشیاری مرۆڤی ئێمه‌ پارچه‌ پارچه‌‌و په‌رته‌وازه‌ بێت، تامرۆڤی ئێمه‌ له‌نێو جه‌هلی ئایدۆلۆجیادا بێت ناتوانێت خاوه‌نی هۆشیاریی‌و مه‌عریفه‌یه‌كی بابه‌تی بێت، كه‌بتوانێ به‌رپێی خۆی ببینێت‌و كێشه‌كانی ده‌وروبه‌ریشی بخوێنێته‌وه‌‌و شیبكاته‌وه‌ تاده‌گاته‌ كۆی گرفته‌كانی تر.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif