سیاسەتوانێكی هەرێمی كوردستان مەترسیی لە هەوڵەكانی مستەفا كازمی هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكانی هەرێم، دەڵێت، لێسەندنەوەی ئەو دەروازانە، لێسەندنەوە نییە لە پارتی و یەكێتی و حزبەکان، بەڵكو لێسەندنەوەیە لە سەروەریی هەرێمی كوردستان و بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوریەکانی هەرێمە. سالار مەحمود سیاسەتوانی هەرێمی كوردستان، لەمیانی بەشداریكردنی لە گفتوگۆی "نیو كاژێر"ی رادیۆ نەوا، قسەی لەسەر ئەو هەنگاوانە كرد، كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەستیپێكردوون، بەتایبەت كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان، لەبارەی ئەگەری كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان
وتیشی، ئەو هەنگاوانە، هەوڵن بۆ كۆنترۆڵكردنی سەرچاوەكانی داهاتی هەرێم و لاوازکردنی زیاتری پێگەی هەرێم لە عیراق. سالار مەحمود بەتایبەت ترسی لەو ناوچانە زیاتر بكەونە بەر مەترسی، کە نزیکن لەناوچەی کێشە لەسەر بەتایبەت مەرزی پەروێزخان.
دزی و گەندەڵی ئاشکرا لەدەروازە سنوریەکان هەیە وەک بڵێی پاشا گەردانی بێت. ئەوەش دەرفەتی داوە بە حکومەتی ئیتحادی گوێ بە داواکانی هەرێم نەدا.
سالار مەحمود نەیشاردەوە، كە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی عیراق دووبارە مەركەزیەت پەیڕەوبكاتەوە، بەڵام بەباشی زانی، لەبری پشتگیریكردن لەو مەركەزییەتە و بەهێزبونی عیراق، هەرێمی كوردستان چاكسازی بكات و بە شەفافبوون و راستگۆیی لەگەڵ خەڵک خۆی بەهێز بكات.
پێویستە لەهەرێمەوە بەپەلە رێ و شوێنی چاکسازی و شەفافیەت لەحکومەت و پەرلەمانەوە بگیرێتەبەر، چونکە نیگەرانیەکانی خەڵک نزیکبونەتەوە لە تەقینەوە بۆیە بێباکی هەیەلە هەوڵەکانی عیراق دژ بەحکومەتی هەرێم.
هەڵبژاردنی پێش وەخت لە عیراق ناکرێ و ساڵی ۲٠۲۲ هەڵبژاردن دەکرێ بەیاسای هەڵبژاردنی نوێ و پێگەی حزبەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت. بەتایبەتی لیستی تاکەکەس رۆڵی زیاتر دەبینێ لە جیاتی لیستی جەماعی و لیستی حزبی. کازمیش خۆی بۆ ئەو قۆناغە ئامادە دەکات.
سالار مەحمود رایگەیاند: نەبونی هەماهەنگی لەنێوان تیمی کوردستان لەبەغدا و هەرێم درزی زیاتر دروست دەکات تاوەکو پێگەی کوردستان لاوازتر ببێ. تورکیاش حساب بۆ بەیاننامە ناڕازیەکان ناکات و پێشێلکاریەکانی بەردەوامی پێدەدات. گەرەکە لە رێگەی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و جامیعەی عەرەبیەوە دژی تورکیا سکاڵا بکرێت و هەڵوێست بنوێنرێت.
باشترە لایەنە ناکۆکەکان بیریان نەچێ ئەم قەوارە موڵکی هیچ لایەکیان نیە بەرهەمی خەباتی خەڵک و شەهیدەکانە. ئاساییە باس هەڵوەشانەوەی حکومەت بکرێت، ئاساییە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێتە بەرنامەو کاری بۆ بکرێت. بەڵام باسکردن لە نەهێشتنی قەوارەی هەرێم کاردانەوەیەکی نا دیراسەکراوەو نەیارانی ئەزموونەکە دەیقۆزنەوە.
کورد لە ئەوجی خۆخۆریدایە، حزبەکان بێباکن لە ژیانی خەڵک.
دەرفەتی کەم لەبەردەم حوکمڕانانی کوردستان ماوە بۆیە نابێ رەخنەکان بە دوژمنایەتی وەربگیرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق