ئەم دەرمانە لە هیندستان یەک دانەی بە ٧٥ روپیە دەفرۆشرێ، واتە کەمتر لە یەک دۆلار. ئایا بەچی یاسایەک و بە چی حساب و کتابێک، ئاوامیدیکا لە هەولێر پاکەتێکی ئەم دەرمانە بە ٢٠٠ دۆلار لەسەر حکومەت حساب دەکا؟
بۆ بەڕێز سەرۆکایەتی داواکاری گشتی
پاش رێز و سلاو
بەرێزان...دەمەوێ لەڕێی ئەم نامەیەوە لە بازرگانیەکی مەترسیدار ئاگادارتان بکەمەوە کە بە ناوی چارەسەری کۆرۆناوە دەکرێ.
وەکو ئاگادارن، ماوەیەکە کۆمپانیای ئاوامیدیکا ڕیکلامی ئەوە دەکا کە دەرمانێکی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە کوردستان بەرهەمهێناوە. دەرمانەکە ناوی فاڤیپراڤیرە و هێشتا بە تەواوەتی دەرنەکەوتوە کە کاریگەری هەیە یا نا.
ئاوامیدیکا بە گوتەی نوێنەرەکانی خۆیان، کەرەستە خاوەکانی دەرمانەکە و شێوازی دروستکردنی لە هیندستانەوە بۆ هاتوە و دروستی کردوە. ئەم کۆمپانیایە یەک پاکەتی دەرمانەکەی لەسەر حکومەت بە ٢٠٠ دۆلاری ئەمریکی حەساب کردوە.
لە بارەی ئەم بابەتەوە پێم خۆشە چەند ڕاستیەک بخەمە بەردەمی جەنابتان. هیوادارم وەکو داواکاری گشتی بەدواداچونی بۆ بکەن.
ئەم دەرمانە لە هیندستان یەک دانەی بە ٧٥ روپیە دەفرۆشرێ، واتە کەمتر لە یەک دۆلار. ئایە بەچی یاسایەک و بەچی حساب و کتابێک، ئاوامیدیکا پاکەتێکی ئەم دەرمانە بە ٢٠٠ دۆلار لەسەر حکومەت حساب دەکا؟ ئایە بەچی یاسایەک رێگە دراوە ئەم کۆمپانیایە ئەو هەمو قازانجە لەم دەرمانە بکا؟
جگە لە چەند وڵاتێکی کەم، ئەم دەرمانە لە هیچ وڵاتێکی دیکە بەکارناهێنرێ. ئایە بە چی بەڵگەیەکی زانستی رێگە دەدرێ ئەم دەرمانە لە کوردستان بەکاربهێنرێ.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی زۆر بەڕونی دژی بەکارهێنانی ئەم دەرمانەیە بۆ نەخۆشەکانی کۆرۆنا ئەگەر هاتو لە دەرەوەی توێژینەوەی زانستی بێ. ئایە بەچی بیانویەک ئەم دەرمانە بە نرخێکی زۆر بەرز دەفرۆشرێتە حکومەت و لەسەر خەڵکی کوردستان تاقیدەکرێتەوە.
تاوەکو ئێستا وەزارەتی تەندروستی و پارێزگای هەولێر و چەند دەزگایەکی فەرمی دیکە ستایش و دەستخۆشیان لە کۆمپانیای ئاوامیدیکا کردوە و ریکلامیان بۆ کردوە لە بەرامبەر بەرهەمهێنانی ئەم دەرمانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە تەواوەتی دیار نیە دەرمانەکە سودی هەبێ بۆ کۆرۆنا. ئایە ئەم ریکلامکردنەی دەزگا گشتیەکان بۆ کۆمپانیایەکی تایبەت ناچێتە چوارچێوەی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە بۆ مەبەستی تایبەت؟
گومان هەیە کە کۆمپانیای ئاوامیدیکا سەر بە بەرپرسێکی باڵای حکومیە و ئەو بەرێزە کە لە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکار دایە پشتگیری لە کۆمپانیاکە دەکا و سودی لێ دەبینێ. ئایە پێویست ناکا بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە بکرێ و لێکۆڵینەوەی لێ بکرێ؟
لە کۆتایدا داواتان لێ دەکەین بەدواداچون بۆ ئەم خاڵانە بکەن و مافی گشتی بپارێزن. هەروەها پێویستە بە گوێرەی یاسای مافی گەیشتن بە زانیاری هەمو وردەکاریەکانی گرێبەستی ئاوامیدیکا لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاشکرا بکرێ. ئەگەر دەریشکەوت کە ئاوامیدیکا مامەڵەیەکی نازانستی و نایاسایی کردوە ئەوا پێویستە ئەو قازانجە زەبەلاحەی لەم مامەڵە بازرگانیە دەیکا وەربگیرێتەوە و بدرێتە موچە و دەرماڵەی تەندروستکاران کە ماندونەناسانە شەڕی کۆرۆنا دەکەن.
هاوڵاتی
گۆران عبداللە سابیر
پزیشک و دکتۆرا لە سیاسەتی تەندروستی نێودەوڵەتی
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق