جیهان لەبەردەم بایەخی دەمامكدایە

ليست هناك تعليقات

ل

ه‌م چه‌ند رۆژه‌ى دوایى، سه‌رۆكى ئه‌مریكا و سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا، كه‌ وڵاته‌كانیان قوربانى گه‌وره‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنان، بۆ یه‌كه‌م جار پابه‌ندبوون به‌ پۆشینى ده‌مامكه‌‌وه‌، ئه‌مه‌ گۆڕانكارییه‌كى بنه‌ڕه‌تى بوو. وڵاتان پێشتر دوودڵ بوون له‌وه‌ى به‌ستنى ده‌مامك سودێكى ئه‌وتۆى هه‌بێت، ئێستا جیهان به‌ جارێك سه‌رى تێكردووه‌.

پێشتر دۆناڵد تره‌مپ گاڵته‌ى به‌وانه‌ ده‌كرد كه‌ ده‌مامكیان ده‌به‌ست، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ ناوه‌ندى ئه‌مریكى بۆ كۆنتڕۆڵى نه‌خۆشییه‌كان به‌رده‌وام یه‌كێك له‌ ئامۆژگارییه‌كانى پۆشینى ده‌مامك بووه‌. له‌ هه‌مان كات حكومه‌تى به‌ریتانى دوودڵ بوو له‌ ئامۆژگارى پۆشینى ده‌مامك به‌ڵام زۆرێك له‌ وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كان پۆشینیان به‌ پێویست ده‌زانى.

حكومه‌تى به‌ریتانیا له‌مانگى رابردوو فه‌رمانى ده‌ركرد بۆ خه‌ڵك كه‌ ده‌مولوتیان دابپۆشن، له‌كاتى به‌كارهێنانى ئامرازه‌كانى گواستنه‌وه‌ى گشتى، ئێستا ده‌ڵێت، به‌ریتانییه‌كان ده‌بێت پابه‌ندبن به‌ پۆشینى ده‌مامك، له‌كاتى چوونه ‌ده‌ره‌وه‌ بۆ بازاڕ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سزاى ماددى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌دات كه‌ پابه‌ند نابن.

له‌سه‌ر ئاستى جیهانیش پێشتر رێكخراوى ته‌ندورستى جیهانیى، دوودڵى خۆى سه‌باره‌ت به‌ ده‌مامك نه‌ده‌شارده‌وه‌، رایگه‌یاند كه‌ پۆشینى سودى نییه‌ بۆ رێگرى به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا، به‌ڵام ئه‌م بۆچوونه‌ش گۆڕانكارى تێدا كرا، ئێستا ئامۆژگارییه‌كانى به‌ ئاڕاسته‌ى پۆشینى ده‌مامكه‌ له‌ شوێنه‌ داخراوه‌كاندا، وه‌ ژماره‌یه‌ك حكومه‌ت ئه‌مه‌یان كردووه‌ به‌ فه‌رمان.

چى گۆڕا، له‌به‌رچى؟

مانگى رابردوو ژماره‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ زیاد بوو كه‌ ئامۆژگارى هاوڵاتییه‌كانیان كرد به‌ پۆشینى ده‌مامك، له‌ ناوه‌ڕاستى مانگى ئازار نزیكه‌ى ١٠ وڵات به‌ستنى ده‌مامكیان له‌نێو رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان دانابوو به‌ڵام ئێستا ئه‌و ژماره‌یه‌ زیادیكردووه‌ بۆ ١٣٠ وڵات جگه‌ له‌ ٢٠ ویلایه‌تى ئه‌مریكا، ئه‌مه‌ به‌پێى ئاماره‌كانى رێكخراویى (Masks4All) ده‌مامك بۆ هه‌مووان، كه‌ ئامۆژگارى خه‌ڵكى جیهان ده‌كات بۆ داپۆشینى ده‌م و لوتیان ئه‌گه‌ر به‌ پارچه‌ قوماشێكى ماڵه‌وه‌ش بێت، له‌ماوه‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاكه‌دا.

هه‌روه‌ك هه‌ندێك توێژینه‌وه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌، كه‌ تێڕوانینى خه‌ڵك گۆڕانكارى به‌سه‌ردا هاتووه‌، به‌پێى كۆمه‌ڵه‌ى پاشایه‌تى به‌ریتانى كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌ناوبانگترین ده‌سته‌ زانستییه‌كان له‌ به‌ریتانیا، له‌و وڵاتانه‌ى كه‌ پێشتر ئه‌زموونیان نه‌بووه‌ له‌ پۆشینى ده‌مامك، به‌خێرایى به‌كارهێنانى ده‌مامك زیادیكردووه‌، وه‌ك ئیتالیا به‌ڕێژه‌ى سه‌دا ٨٣، ئه‌مریكا به‌ڕێژه‌ى سه‌دا ٦٦ ئیسپانیا به‌رێژه‌ى سه‌دا ٦٤.

راپۆرته‌كه‌ پێى وایه‌، هۆكارى زیادبوونى خواستى به‌كارهێنانى ده‌مامك، به‌شێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ زیادبوونى تێگه‌یشتن له‌ شێوازى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا.

ته‌ندروستى جیهانى به‌كارهێنانى گشتگیرى ده‌مامكى به‌ گرنگ نه‌ده‌زانى، ته‌نها بۆ‌ پزیشكان و ته‌ندروستكاران نه‌بێت، یاخود بۆ ئه‌وانه‌ى كه‌ نیشانه‌ى كۆكه‌و پژمه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌م دواییانه‌ به‌ڵگه‌ى زۆر ده‌ركه‌وتن ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و توشبووانه‌ى كه‌ هیچ نیشانه‌یه‌كیان تێدا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌، ده‌بنه‌ هۆى گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌كه‌ بۆ خه‌ڵكانى دیكه‌ و داپۆشینى روخسات رێگرى ده‌كات له‌ بڵاوبوونه‌وه‌. رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى له‌ مانگى شه‌شدا هه‌ڵوێستى خۆى گۆڕى.

كیم لافوى سه‌رۆكى به‌شى ره‌فتارى پزیشكیى له‌ زانكۆى كیبیك-ى كه‌نه‌دى، سه‌باره‌ت به‌ زیادبوونى هۆشیارى هاوڵاتیان بۆ پۆشینى ده‌مامك ده‌ڵێت، توێژینه‌وه‌كان په‌یوه‌ست به‌ داپۆشینى ده‌موچاو زیادبوون، داتاى توێژینه‌وه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رز ده‌مامكیان به‌كارهێنانه‌وه‌ رێژه‌ى توشبوون كه‌میكردووه‌.

هاوكات له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ پێشوازى له‌ بیرۆكه‌ى ده‌مامك ده‌كرێت، به‌وه‌ى كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر ده‌مێنێته‌وه‌، بۆیه‌ش پۆشینى ده‌مامك وه‌ك پێویستییه‌ك ده‌بینن، بۆ هاوكارى خه‌ڵك تا رابێن له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه‌ى كه‌ هه‌یه‌، له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كان تا ده‌رگاى شوێنه‌ گشتییه‌كان بكرێنه‌وه‌و ئیشوكارى خه‌ڵك ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

لافوى ده‌ڵێت:"كۆرۆنا به‌م زووانه‌ خۆى ناشارێته‌وه‌، گه‌یشتنمان به‌ ڤاكسین دوو ساڵى ده‌وێت نه‌ك چه‌ند مانگێك، له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌بێت ژیانى ئاساییمان له‌گه‌ڵ ڤایرۆسه‌كه‌ بگونجێنین، به‌ جێبه‌جێكردنى رێنماییه‌كان".

بۆچى وڵاتان هێشتا جیاوازه‌؟

نزیكه‌ى سه‌دا ٨٣له‌ ئیتالییه‌كان و سه‌دا ٥٩ له‌ ئه‌مریكییه‌كان ده‌ڵێن، ئه‌وان ده‌مولوتیان ده‌پۆشن به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى كاتێك ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌كانیان، به‌ڵام ته‌نها سه‌دا ١٩ى له‌ به‌ریتانییه‌كان هه‌مان بۆچوونیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێى راپرسییه‌كى ته‌ندروستى جیهانى.

سارا جۆنس توێژه‌ر له‌ ره‌فتارى ته‌ندروستیى له‌ زانكۆى ئیبریال كۆلێژ ده‌ڵێت، ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و كه‌نه‌دا هه‌نگاوه‌كانیان خاون، به‌راورد به‌ ئیسپانیا، فه‌ره‌نسا، ئیتالیا.

هه‌ر به‌پێى راپۆرته‌كان ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ ساڵى ٢٠٠٣ ڤایرۆسى سارسیان تێدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، ئاماده‌یى زیاتریان هه‌یه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ بیرۆكه‌ى به‌ستنى ده‌مامك.

جیرمى هوارد توێژه‌ر له‌ زانكۆى سان فرانسیسیكۆى ئه‌مریكى رایده‌گه‌یه‌نێت، دانیشتووانى رۆژهه‌ڵاتى ئاسیا، رۆشنبیرى و هۆشیارى زیاتریان هه‌یه‌ بۆ پۆشینى ده‌مامك". ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، له‌ مێژوویه‌كى نزیكدا رووداوى به‌م جۆره‌ وه‌ك بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تایه‌كى سیییه‌كان له‌ وڵاتانى رۆژئاوا نییه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ ده‌زگاكانى رۆژئاواو وڵاتان بێ ئاگان له‌وه‌ى زانا ئاسیاییه‌كان پێى گه‌یشتوون.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هێشتا هه‌ندێك وڵات دوودڵن سه‌باره‌ت به‌ ده‌مامك، راپۆرته‌كه‌ پێى وایه‌ به‌ستنى ده‌مامك له‌لایه‌ن بۆریس جۆنسن و دۆناڵد تره‌مپ، كاریگه‌رى ئه‌رێنى ده‌بێت، بۆسه‌ر راى گشتیى، ته‌نانه‌ت ئه‌و ئه‌مریكییانه‌ كه‌ به‌رهه‌ڵستكارى سیاسه‌تى ترامپ-ن، پێشوازییان له‌و هه‌نگاوه‌ كرد.

ڕاپۆرتی پەیسەرپرێس


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif