کازمی دەتوانێ تاکه‌ی به‌رده‌وام بێت؟

ليست هناك تعليقات

فاروق علی
-
ئه‌وه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێی عێراق ده‌ستی پێداوە، کارێکی ئاسان نییه‌و پێناچێت بتوانێ به‌رده‌وامبێت و ماوه‌ی به‌رپرسیاریه‌تییه‌که‌ی زۆر بخایه‌نێت ..

ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێ بیکات، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و واقیعە‌یه‌ كە له‌ ساڵی ٢٠٠٣ ه‌وه‌و پاش داگیرکردنی عێراق له‌لایه‌ن ئەمریکاوه‌ بونیاد نراوه‌، عێراق له‌و به‌رواره‌ به‌داوه‌ مه‌یدانی کێبڕکێی زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌یی و جیهانی بووه‌و هه‌رده‌وڵه‌ته‌ی ویستویه‌تی جێپێی خۆی قایمتر بکات له‌ عێراقی نوێ دا، هیچ لایه‌ک نه‌یتوانیوه‌ بۆخۆی یه‌کلایی بکاته‌وه‌، به‌ڵام گومانی تێدانیه‌ کۆماری ئیسلامی ئێران زیاد له‌هه‌ر لایه‌کیتر هه‌ژموونی به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته‌دا هه‌بووه‌و کاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕودوه‌کان.

له‌سه‌رووبه‌ندی دیاریکردنی کازمی بۆ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وەزیرانی عێراق، کۆماری ئیسلامی ئێران له‌نێوان قبوڵکردن و ره‌دکردنه‌وه‌ی بێده‌نگ بوونی هه‌ڵبژارد، به‌ڵام دیاره‌ رووداوو پێشهاته‌کانیش له‌وانه‌یه‌ له‌ رویه‌که‌وه‌ ده‌رفه‌تی ره‌خساند بێت بۆ کازمی شانسی خۆی زیاتر تاقی بکاته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌رکی کازمی که‌وتووه‌ته‌ دوای تیرۆرکردنی فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران حاجی قاسمی سلیمانی، که‌ نه‌بوونی ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ له‌گۆڕه‌پانه‌که‌دا کاریگه‌ری له‌سه‌ر رەوتی رووداوه‌کان هه‌یه‌ له‌شانسی ده‌وڵه‌تانی دیكەی جگه ‌له ‌ئێران، به‌ڵام پێناچێت ئه‌و بارودۆخه‌ی که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت کازمی بتوانێ رۆڵی ئێران له‌سه‌ر عێراق که‌م بکاته‌وه‌ درێژه ‌بکێشێت، به‌ڵکو زوویان دره‌نگ داره‌که‌ له‌ده‌ستی کازمی ده‌شکێت و ئه‌میش به‌ده‌ردی ئه‌وانه‌ی پێش خۆی ده‌چێت. 

ئه‌وئه‌رکه‌ی کازمیم وەكو ئەوە ‌دێته ‌پێشچاو له‌سه‌رده‌می بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ ساڵی ١٩٨٩ له ‌دوای کۆنگره‌ی براله‌ و ته‌شکیلاتی نوێیی ئۆرگانه‌کان، له‌لایه‌ن مه‌کته‌بی سیاسی ئه‌وکاتی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، مامۆستایه‌کی به‌ڕێز که ‌ئێستا له‌ژیاندا نه‌ماوه‌و خودالێی خۆشبێت، ئه‌رکی به‌رپرسیاریه‌تی مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندیه‌کانی پێسپردرا بوو، که ‌مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندییه‌کان لێرسراو بوو له‌و نووسینگه‌و ده‌فته‌رانه‌ی له‌ هه‌ندێك له‌شاره‌کانی ئێران کرابوونه‌وه‌و کاروباری په‌یوه‌ندیه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی ده‌برد به‌ڕێوه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌کاربوونی ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه،‌ یه‌کسه‌رکه‌وته‌ گۆڕینی زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی پێشتر له‌و نووسینگه‌و ده‌فته‌رانه‌ لێپرسراو بوون، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی قبووڵ نه‌بوو به‌تایبه‌ت که‌ ڕاوێژی نه‌کردبوو له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ی که‌ رۆڵیان هه‌بوو له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی دا، هه‌ربۆیه‌ پاش هه‌فته‌یه‌ک، به‌بڕیارێک ئه‌وبه‌ڕێزه‌ له‌ پۆسته‌که‌ی دورخرایه‌وه‌، دواتر له‌گه‌ڵ چه‌ند برایه‌کدا له‌و مامۆستا به‌ڕێزه‌مان پرسی ئه‌وه‌چی بوو لێپرسراویه‌تییه‌که‌ت زۆر درێژه‌ی نه‌کێشا؟

فه‌رموویان خۆڵی زۆرم له‌ده‌می شۆفڵه‌که‌م هه‌ڵگرت نه‌مزای ته‌حه‌موولی ناکا و ده‌پسێت!

جا ده‌بێ چاوه‌ڕوان بین بزانین ده‌می شۆفڵه‌که‌ی کازمی تاکه‌ی ته‌حه‌موول ده‌کات و له‌کوێ دا ده‌پسێت، له ‌ئایینده‌یه‌کی نزیک دا ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه‌.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif