هەوڵی کردنەوەی دەروازەی سنووری تەلکۆچەر لە ئەنجوومەنی ئاسایش شکستیهێنا

ليست هناك تعليقات

رووسیا و چین ڤیتۆیان دژی بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد کە دوو خاڵی سنووری لەگەڵ تورکیا بە کراوەیی دەهێشتەوە بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ نێو سووریا، بەتایبەت ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە بۆ ماوەی ساڵێک.

بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستان خواردن و دەرمانی پێویستیان نییە. تاکە رێگا بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و رۆژئاوای کوردستانن. پێش شەش مانگ، لەبەر ناڕەزایی رووسیا و چین، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەروازە سنوورییەکانی سەر رۆژئاوای کوردستانی داخست و بەهۆیەوە دۆخی مرۆیی کوردستانیان زۆر خراپ بووە. 

رووسیا کە هاوپەیمانێکی نزیکی حکومەتی سووریایە بە خێرایی لە سەرەتاوە دژی ئەو پڕۆژە بڕیارە وەستایەوە. پڕۆژە بڕیارەکە بە 13 دەنگی بەڵێی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش و دوو دەنگی نەخێر و ڤیتۆ و یەکلاکەرەوەی رووسیا و چین پەسندنەکرا.

نوێنەری ئەمریکا لە دانیشتنەکەدا دەڵێت ئەوەی چین و رووسیا دەیکەن دانانی بەرژەوەندی و سیاسەتی خۆیانە لە سەرووی ژیانی سوورییەکان.

رودنی هەنتەر، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "هەست بە شەرمەزاری دەکەین لەبارەی ئەوەی ئەو ئەنجوومەنە دەبوو کارێکی دروست بکات ، ئەوەش بەهۆی هەوڵە بەرژەوەندیخوازەکانی رووسیای فیدراڵ و کۆماری چین، هەردوولا سیاسەتیان خستە سەرووی ژیانی خەڵکی سووریا، دڵتەنگین ئەوە روویدا، بەڵام بەردەوام دەبین لەکارکردن لەگەڵ هاوبەشان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک".

بەڵام ژانگ زون، نوێنەری هەمیشەیی چین ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "ئێمە ئەو تۆمەتانەی ئەمریکا رەتدەکەینەوە، جارێکی دیکە سیاسەتی دووفاقی خۆی بەکارهێنایەوە . لەکاتێکدا گەماڕۆی تاکلایەنەی سەپاندووە و سوورییەکان دەکوژێت، پرۆسە و کارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشیش بە سیاسی دەکات، بۆیە ئێمە ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە".

مانگی رابردوو ئەڵمانیا و بەلجیکا رەشنووسی پڕۆژە بڕیارێکی نوێیان پێشنیازکرد کە رێگا بە کردنەوەی دەروازەی تەلکۆچەر دەدات بۆ رۆژئاوای کوردستان. بەگوێرەی سێ سەرچاوەی دپلۆماسیی ئەنجوومەنەکە، ئەمریکا و بەریتانیاش پشتگیری ئەو رەشنووسەیان کرد و لە دانوستانەکان پێداگیریان لەسەر کردنەوەی خاڵی سنووری تەلکۆچەر کردبوو. بەڵام رووسیا هەڕەشەی ڤیتۆی کردبوو. باڵوێزی رووسیا ڤاسلی نابینزیا ئەو داوایەی رەتکردەوە و پاشان ئەڵمانیا و بەلجیکا لە رەشنووسەکە سڕیانەوە. نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت هێنانی خواردن و دەرمان راستەوخۆ لە تەلکۆچەرەوە زۆر پێویستە و کەمی کۆمەکی نێودەوڵەتی بۆ رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی لە سەردەمی کۆڕۆنا "مەترسییەکی گەورەیە". 

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دپلۆماسی، رووسیا لە دانوستانەکاندا رایگەیاندبوو کە ئەگەر ئەمریکا و بەریتانیا پێداگیری لە کردنەوەی تەلکۆچەر بکەن ئەوە مۆسکۆ دژایەتی کردنەوەی هەردوو خاڵی سنووری بابولهەوا و بابول سەلامیش دەکات. بەڵام سەرەڕای سازشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەسەر کردنەوەی تەلكۆچەر، رووسیا و چین هەر پڕۆژە بڕیارەکەیان ڤیتۆ کرد. 

ئەو دوو دەروازەیەی کە لە رەشنووسەکە ئەمریکا و ئەوروپییەکان ئێستا پێداگیری لەسەر دەکەن دەکەوێتە سەر ناوچە زۆرینە عەرەبیەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا کە هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی سەر بە تورکیا کۆنترۆڵی دەکەن. لە پێناو هێشتنەوەی ئەو دوو دەروازەیە بۆ سەر ناوچە زۆرینە عەرەبیەکانی سووریا، وڵاتە رۆژئاواییەکانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش سازشیان بۆ رووسیا کرد بەڵام پڕۆژە بڕیارەکە هەر شکستی هێنا. رووسیا پڕۆژە بڕیارێکی خۆی پێشنیاز کردووە کە کۆپیەکی بۆ رووداو نێردراوە کە داوادەکات خاڵە سنوورییەکانی ئەلرەمزە و بابولسەلام و تەلکۆچەر بە داخراوی بمێننەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif