لە ڕۆژی ڕێككەوتن نامەی ستراتیژیدا، یەكیەتی و پارتی هێشتا هەر ناكۆكن

ليست هناك تعليقات

27ی تەممووز ساڵڕۆژی واژۆکردنی رێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و پارتییە. 13 ساڵ بەسەر ئەو رێککەوتننامەیەدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەو دوو حیزبە هێشتا لە زۆر پرسدا ناکۆکن. 

بە سەرکردایەتی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان، لە 27-07-2007 رێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان دوو هێزی سەرەکی لە باشووری کوردستان واژۆکرا. 

یەکێتی و پارتی ئەو رێککەوتننامەیان وەک بنەمایەک بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و ئاشتەوایی نیشتمانی ناساند و بڕیاریاندا نێوەڕۆکی رێککەوتننامەکە لە ناوەندی بڕیار و لووتکەی ھەرەمی دەسەڵاتی ھەردوولاوە شۆڕبێتەوە نێو رێکخستن و دامەزراوە حیزبییەکانیان، بەڵام شارەزایان پێیانوایە لەڕووی کردارییەوە نێوەڕۆکی رێککەوتننامەکە نەیتوانی شۆڕببێتەوە نێو بنكەی جەماوەریی هەردوولا، ئەمەش وەک هۆکارێکی پووکانەوەی رێککەوتننامەکە باسدەکەن.

هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سیاسی، رۆشنبیر، ئەکادیمیست، ئەندامانی هەردوو حیزب (پارتی و یەکێتی) و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش، لەبارەی رێککەوتننامەکەوە قسەیان کردووە، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری پەیکەربەندی رێکخستنەکانی هەردوو حیزبیش هیچ لەبارەی نێوەڕۆکی رێککەوتننامەکە نازانن، تەنیا ئەوەندە نەبێت کە وەک تێرمێکی وشک لە راگەیاندنەکاندا دەیبیستن.

لە دیباجەی رێککەوتننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "پارتیی دیموکراتی کوردستان ‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو راستییەیان لەلا یەکلایی بووەتەوە کە بە حوکمی متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە ھەردوولایان‌ و ھەستیاریی بارودۆخی نەتەوەیی ‌و نیشتمانی ‌و ھەبوونی کۆمەڵێک ئەرکی ھاوبەشی ئەم قۆناخە و لەپێناوی یەکڕیزی‌ و رێکخستنی نێوماڵی کوردی‌ و سەنگی کوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراق"‌ ئەم رێککەوتننامەیان واژۆکردووە.

بەڵام ئێستا، بەتایبەت دوای بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی و هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەکی نوێ، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی تێکچوون، هەشت مانگە هەوڵدەدرێت مەکتەبی سیاسی هەردوولا کۆببنەوە، بەڵام سەرناگرێت، ئەوە لەکاتێکدا دۆخی سیاسی، ئابووری، تەندروستی و خراپی دۆخی ئەمنیی سنوورەکان لە جاران ئاڵۆزترە و پێویستی زیاتری بە کۆدەنگیی لایەنەکان هەیە. 

مایکڵ نایتس، شرۆڤەکاری سیاسیی ئەمریکی، لە وتارێکیدا لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و کاریگەریی پەیوەندییە نێوخۆییەکان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی دەڵێت: "ئەوەی وایكردووە كە ئەم كاتەی ئێستا مەترسیدار بێت، نزیكیی هەڵوەشاندنەوەی هاوكاریی نێوان پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە. كوردی عێراق نیشانیان داوە لەو كاتانەی یەكگرتوو بوون، توانیویانە هەموو جۆرە زریانێك تێپەڕێنن. كاتێك ئەو دوو لایەنە بە چاكی كار لەگەڵ یەكدی دەكەن، هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان پشتگیرییەكانیان كاریگەرانەتر پێشكەش دەكەن، بە پێچەوانەشەوە كاتێك هاوبەشێكی تەبا نابینن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئەوا پاشەكشە دەكەن".

لەدوای رێککەوتننامەی ستراتیژیی ساڵی 2007، پارتی و یەکێتی رێککەوتنەکانیان تەنیا بۆ پێکهێنانی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و کابینەی حکومەت بووە، دوایین رێککەوتنیشیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

عارف قوربانی، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت: "پارتی و یه‌كێتی وه‌ك دوو حیزب به‌ باش و خراپی ئه‌م حوكمڕانییه‌وه‌ 28 ساڵه‌ به‌ هاوبه‌شی هێناویانه‌. ئێستاش سه‌رباری ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌ ئاستێكی خراپ و مه‌ترسیداردایه‌، به‌ڵام له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان هه‌ردوولایان پێكه‌وه‌ به‌شدارن. وه‌ك ئامانجی ستراتیژییش، هه‌ردوولا به‌پێی په‌یڕه‌و و پرۆگرامی حیزبه‌كانیان بانگەشەی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن خه‌بات بۆ مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لی كورد ده‌كه‌ن. هه‌ردوولا له‌ زۆر ئاست له ‌یه‌كدی ده‌چن. ئه‌ی كه‌واتە له‌سه‌ر چی ناكۆكن؟".

پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێککەوتننامەی ستراتیژیی دەگەڕێننەوە بۆ چوارچێوەیەکی سیاسی ‌و پێکەوە کارکردنی ھەردوولا بۆ یەکگرتوویی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ‌و تۆکمەیی گوتاری سیاسییان، بۆیە لە روونکردنەوەی رێککەوتننامەکەدا هاتووە: لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان ‌و بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەی تیرۆر و گەشەپێدانی بیری نەتەوەیی لەسەر بنەمای دیموکراسی ‌و مۆدێرن، ھەروەھا دابینکردنی ئازادییەکانی تاک ‌و کۆمەڵ ‌و زامنکردنی مافی نەتەوەو ئایین‌و مەزھەبە جیاوازەکانی کوردستان ئەم رێککەوتننامەیە واژۆکراوە.

تێپەڕینی 13 ساڵ بەسەر ئەم رێککەوتنەدا لەنێوان یەکێتی و پارتی لەکاتێکدایە کە ئێستا هێزی دیکە لە کوردستان دەرکەوتوون و سەنگیان لەنێو پەرلەمان و حکومەتدا هەیە، لە نێویاندا بزووتنەوەی گۆڕان، هاوکات یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرکردایەتییەکی نوێی هەیە و پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر پڕ كێشە و لاوازن. 

ئەمساڵ دووجار کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر شوێن و لێدوانی کادیرێک دواخراوە، بۆیە وەک ئەوەی چاوەڕواندەکرا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنی کۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو حیزبە هەر وا دەرچوو. 

شەوی یەکشەممە 26-7-2020، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر کۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هه‌ردوولا له‌ "كه‌شوهه‌وايه‌كى ئيجابى و دۆستانه‌دا"، به‌ڕاشكاوى كێشه‌ و گرفته‌كان و بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌ دووقووڵييه‌كانيان تاوتوێكردووە. هەردوولا بەردەوامیی گفتوگۆکانیان بە پێویستزانی کە "ئامانج لێى چاره‌سه‌ركردن و زاڵبوون به‌سه‌ر كێشه‌كاندا و سووككردنى ئه‌و باره‌ قورسه‌يه‌ له‌ ده‌ره‌نجامى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان كه‌وتووه‌ته‌ ئه‌ستۆى هاووڵاتيان". 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif