حکومەتی عێراق هێزەکانی پاسەوانی سنووریی لە سێ شوێن لە سنووری هەردوو شارۆچکەی باتیفا و دەرکار نزیک ئەو ناوچانەی لەلایەن تورکیا بۆردووماندەکرێن، جێگیرکرد.
دڵشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەری شارۆچکەی باتیفا رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەکانی پاسەوانی سنووری سەر بە حکومەتی عێراق لە هەر یەکە لە بەرزاییەکانی کەلا شابانیێ و سیار بەنا لە سنووری باتیفا و کەلا دێرێ لە سنووری شارۆچکەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ جێگیرکران.
بە گوتەی دڵشێر عەبدولستار، جێگیرکردنی ئەو هێزانەی عێراق بۆ ئەوەیە "تورکیا زیاتر نەیێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی خەڵکی ئەو ناوچانە پارێزراوبێت".
لەبارەی جێگیربوونی پاسەوانی سنووریی عێراق لەو سێ شوێنە، بەڕێوەبەری شارۆچکەی باتیفا دەڵێت "دیاریکردنی ئەو سێ شوێنە کارێکی سەربازییە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە تورکیا زیاتر نەیەتە پێش و زیاتر کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک نەکات".
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی 22ـی مانگی رابردوو بۆ ئاگاداربوون لە رەوشى ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و باکوورى کوردستان، شاندێکى باڵای سەربازیى عێراق بە هاوئاهەنگى لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان سەردانى دهۆکی کرد. شاندە باڵا سەربازییەکەی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریق روکن حامید عەبدوڵڵا، فەرماندەى گشتیی هێزەکانى پاسەوانى سنوورىی عێراق بە هاوئاهەنگى لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان سەردانى پارێزگای دهۆکیان کرد.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو لە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەی تورکیا کە رۆژی 15ـی مانگی حوزەیران دەستی پێکرد تاوەکو ئێستا هێزەکانی سوپای تورکیا لە 12 شوێنی ستراتیژیی سنووری شارۆچکەی باتیفا جێگیربوونە و رۆژانەش بۆردوومان و تۆپبارانکردن لە سنووری قەزای زاخۆ و ئامێدی بەردەوامی هەیە.
تاوەکو ئێستا 12 گوند کەوتوونەتە ژێر دەستی سوپای تورکیا و رۆژانە هەوڵی هاتنەپێشەوەی زیاتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان دەدەن تاوەکو ناوچەی زیاتر بخەنەژێر دەستی خۆیان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق