پەرلەمان لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی تورکیا و ئێران دەکات

ليست هناك تعليقات

 
ئەمڕۆ چوار لیژنەی پەرلەمان بەجیا سەردانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، راپۆرتێک لەبارەی ھێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا و ئێران بۆ سەر ئەو ناوچانە ئامادە دەکەن.

چیا حەمید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان،رایگەیاند، سەردانی ئەو لیژنانە لەسەر داوای پەرلەمانی کوردستان بووە ، چوار لیژنە بەجیا سەردانی ناوچە سنوورییەکانی زاخۆ، ئامێدی، هەولێر و سلێمانی دەکەن، لە دهۆکیش لیژنەیەکی 11 کەسی پێکهاتووە و کراوەتە دوو بەش، بەشێکی سەردانی باتیفا و دەرکار لە سنووری زاخۆ دەکەن، بەشەکەی دیکەشیان سەردانی قەزای ئامێدی دەکەن. 

لە رۆژی 15-06-2020، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی بە ناوی (چڕنووکی هەڵۆ) بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان دەستپێکرد، دوو رۆژ دواتریش ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی بەناوی (چڕنووکی پڵنگ) لە ناوچەی حەفتانین لە سنووری زاخۆ دەستپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

لیژنەکانی پەرلەمان لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تۆپباران و بۆردوومانەکانی ئەم دواییەی تورکیا و ئێران بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هۆکارەکانی ئەو هێرشانە و زیانە گیانی و ماددییەکانی دەکەن. لەکۆتاییدا هەر چوار لیژنەکە راپۆرتی ھاوبەش ئامادە دەکەن و دەیدەنە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان. بە گوتەی چیا حەمید، پەرلەمانی کوردستانیش لە کۆبوونەوەیەکدا راپۆرتەکە دەخاتەڕوو و چەند راسپاردەیەک دەردەکات.

پاسەوانیی سنووریی عێراق لە سێ ناوچەی زاخۆ جێگیر بوون، لەبارەی کاریگەریی جێگیرکردنی ئەو هێزانە لەسەر خەڵکی دەڤەرەکە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڕێوەبەری شارۆچکەی دەرکار گوتی، "جێگیرکردنی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور کاریگەریی باشی هەبووە، ئێستا خەڵکەکە هەست بە ئارامی دەکات، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش رێگەمان بە خەڵکی ناوچەکە داوە بۆ ئەوەی بچنەوە سەر رەزو باخەکانیان".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif