یەكیەتی و پارتی، لەم شوێنە كۆدەبنەوە

ليست هناك تعليقات


دوای نزیکەی هەشت مانگ لە هەوڵدان بۆ کۆبوونەوە، پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان نەیانتوانیوە بە فەرمی هیچ کۆبوونەوەیەک بکەن. لەکاتێکدا دۆخی سیاسی، ئابووری، تەندروستی و خراپی دۆخی ئەمنیی سنوورەکان لەجاران ئاڵۆزترە و پێویستی زیاتری بە کۆدەنگیی لایەنەکان هەیە. 

بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە بەمزووانە هەردوولا لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ شکاندنی بەستەڵەکی سیاسی نێوانیان کۆببنەوە. پارتیی دیموکراتی کوردستان پێیوایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی ئێستا پێویستە سەرجەم لایەنەکان بە گوێرەی پێگە و قەبارەیان خۆیان بەرپرسیاریێتی هەڵبگرن.

بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ـی پارتی لە هەڵەبجە دەڵێت، لەوانەیە بەمنزیکانە و لە چەند رۆژی داهاتوو لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی ئەنجامبدرێت "دەبێت ئەوە بزانین کە پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشی حکومڕانیی هەرێمی کوردستانن". 

بەهۆی کێشە نێوخۆییەکانی نێوان هەردوو حیزب، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی چوونەتە باری متبوون و لە "خراپترین" ئاستی پەیوەندیدان لەوەتەی رێککەوتنی ستراتیژی لەنێوانیان دا هەیە. 

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیش پێیوایە، کۆبوونەوەیەک بەسە بۆ تواندنەوەی بەستەڵەکی سیاسیی نێوانیان لەگەڵ پارتی، بە پێویستیشی دەزانێت دەست بە رێککەوتنەکانی نێوانیانەوە بگرن، ئەگەر دۆخەکەش بخوازێت رێککەوتنی نوێ واژۆبکەن.

حاجی مەسیفی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی باس لەوە دەکات، هەموویان لە هەوڵی ئەوەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان سەقامگیر بێت، "دەبێت یەکێتی و پارتی ئەوە بە ئەرکی خۆیان بزانن، نەگەڕێنەوە بۆ هەندێک شتی شەخسی، بەڵکو بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی میلـلەت لە کوێیە. بۆیە بە پێویستی دەزانین هەردوولا پێکەوە دابنیشن". 

ئەمساڵ دووجار کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی دواخراوە، جگە لە ئاڵۆزییەکان شوێنی کۆبوونەوەکە بە هۆکارێکی دواخستنەکان دادەندرێت، بۆیە چاوەڕواندەکرێت وەک سەرەتایەکی نوێ، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنی کۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو حیزبە. 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif