ترامپ و پۆتین، پەیوەندی تلفۆنیان ئەنجامدا

ليست هناك تعليقات

سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پووتین و هاوتا ئەمریکییەکەی، دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی ێنجشەممە 23ی تەمموز، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی پرسی سەقامگیری ستراتیجی و سنووردانان بۆ چەکی بالیستییان کرد، لەگەڵ ڕەچاوکردنی بەرپرسیارێتیی تایبەتی مۆسکۆ و واشنتن. 

بەپێی ئاژانسی سپوتنیک، نووسینگەی ڕاگەیاندنی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرملن)، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ڤلادیمێر پووتین و دۆناڵد ترەمپ بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "هەردوو سەرۆکەکە تاوتوێی سەقامگیریی ستراتیجی و سنووردانان بۆ چەکیان کرد، لەگەڵ ڕەچاوکردنی بەرپرسیارێتیی ڕووسیا و ئەمریکا لە بەرانبەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. لەو چوارچێوەیەشدا، ئاماژە بە گرنگیی گفتوگۆ دووقۆڵییەکان کرا لەو بارەیەوە، کە یەکێک لە پرسەکان بەڵێننامەی کەمکردنەوەی چەکی ستراتیجی (START) بووە".

کرملن لە ڕاگەیەنراوەکەیدا سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە لە پەیوەندییەکەدا ئاماژە بە دەستپێشخەریی ڕووسیا کراوە، بۆ بەستنی کۆبوونەوەی لووتکەی ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی هەندێک پرسی ئەمنیی جیهانی.

پووتین و ترەمپ، بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، گوزارشتیان لە هەڵویستی هەردوو وڵاتەکە کردووە بۆ پەرەپێدانی هاریکاریی بازرگانی و ئابووری، " بە شێوەیەکی ئەرێنیش هەڵسەنگاندن بۆ هاریکارییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە".

نووسینگەی ڕاگەیاندنی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ڕایگەیاند، لە کۆتایی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، "پیرۆزبایی ساڵیادی چلوپێنجەمینی گەشتیی بۆشایی ئاسمانی لە چوارچێوەی بەرنامەی "سویۆز-ئاپۆلۆ"ـی هاوبەشیان لە یەکدی کردووە".

ڕۆژی 7ی ئایار، جێگری سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی، جوود دیر، ئاشکرای کردبوو دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پووتین، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک و یادی 75 ساڵەی سەرکەوتن لە جەنگی جیهانیی دووەم و بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێیان تاوتوێ کردووە.

ئەوکات جوود دیر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیبووی، "سەرۆک ترەمپ جەختی لەوە کردووەتە ئەمریکا پابەندە بە ڕێککەوتنێکی کاریگەری کۆنتڕۆڵکردنی چەک، بەشێوەیەک نەک تەنها ڕووسیا بەڵکو چینیش بگرێتەوە".

لە ئێستادا پەیوەندییەکانی پەکین و واشنتن لە خراپترین بارودۆخیدایە، بە شێوەیەک وەزیری بەرگریی ئەمریکا، مارک ئێسپەر ئاشکرای کردووە هێزەکانیان لە سەرتاسەری ئاسیادا ئامادە کردووە بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای چینی.

دوێنی چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاریدا بە داخستنی کونسوڵی گشتیی چین لە شاری هیوستن، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و دزینی بەرهەمی هزری و زانیاریی تایبەتی ئەمریکییەکان. وەزارەتی دەرەوەی چینیش، بڕیارەکەی بە هەڵکشاندنی زیاتریی گرژییەکانی نێوانیانی وەسفکرد.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif