سەرۆک کۆمار د.بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/٧/٣٠ بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، پیرۆزبایی ئاڕاستەی خەڵکی عێراق و کوردستان و تەواوی موسڵمانان کرد و جەختیکردەوە لەوەی ئەم بۆنە پیرۆزە داوامان لێدەكات برایەتی و پێكەوەیی و یەكڕیزی و یەکخستنی هەوڵەكان پتەوتر بكەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی كە وڵاتەكەمانی پێدا تێپەڕدەبێت لەبەر رۆشنایی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دەرهاویشتەكانی لەسەر دۆخی ئابووری و تەندروستی، ھاوکات دوپاتیکردەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و گێڕانەوەی متمانە بۆ تەواوی گەلی عێراق و زامنکردنی مافەکانیان لە ھەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆمار:
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایي ئاڕاستەی خەڵکی عێراق و کوردستان بەتایبەتی و تەواوی موسڵمانان بەگشتی دەكەم، لە پەروەردگار داواكارم ئەم جەژنە بە خێر و خۆشی و ئارامی و ئاشتی بۆ وڵاتەكەمان بگێڕێت.
ئەم بۆنە پیرۆزە داوامان لێدەكات برایەتی و پێكەوەیی و یەكڕیزی و یەکخستنی هەوڵەكان پتەوتر بكەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی كە وڵاتەكەمانی پێدا تێپەڕدەبێت لەبەر رۆشنایی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دەرهاویشتەكانی لەسەر دۆخی ئابووری و تەندروستی، بۆیە بەرپرسیارییەتی و ئەركی نیشتمانی داوا لە تەواوی هێزە سیاسی و پێكهاتەكان دەكات، كە یەكانگیربن و كار پێكەوە بكەین لە پێناو هێنانەدی داواكارییە رەواکانی گەلەكەمان، لە هێنانەدی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری و چەسپاندنی بنەمای چاکسازی بنەڕەتی و بەگژاچونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزارییە پێویستەكان بۆ تەواوی هاووڵاتیان و دۆزینەوەی دەرفەتی كار بۆ گەنجان و زامنكردنی بەشداری كارایان لە بونیادنانی عێراق و دروستكردنی داهاتووییەكی باشتر بۆ نەوەكانمان.
ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و گێڕانەوەی متمانە بۆ تەواوی گەلی عێراق و زامنکردنی مافەکانیان لە ھەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە داوایەکە گەڕانەوەی نییە، هیوادارین کە كەشێكی لەبار و پێویست بڕەخسێت تاوەکو ببێتە مایەی بونیادنانی دەوڵەتی هاووڵاتی و یەكسانی و دادپەروەری.
پەروەردگار هەموو رۆژێكتان بكات بە جەژن و خێر و خۆشی و ئاشتی
جەژنتان بەخۆشی و پیرۆز بێت ... هەمو ساڵێكتان بەخۆشی بێت.
بەرهەم ساڵح
سەرۆك كۆمار
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق