ئەمڕۆ سێشەممە، سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا بڕیاریاندا، دوو تریلیۆن دۆلار بۆ بەهێزکردنەوەی ئابووری ئەوروپا تەرخان بکەن کە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسی کەوتووەتە سەر.
ئەو بڕە پارەیە وەک بەخشین و قەرز دەدرێت بە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا، لەوبارەوە چارلس میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا دەڵێت، ئێمە کارەکەمان کرد، ئەوروپا بەهێز و یەکگرتووە، رێککەوتنێکی باشە و هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکێتی ئەوروپا.
لە دوای راگەیاندنی رێککەوتنەکە، سەرۆکی فەرەنسا و راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا و چەندین کاربەدەستانی دیکەی ئەوروپا، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و بە رۆژێکی مێژووییان ناوبرد. پیرۆزبایشیان لە ئەوروپییەکان کرد.
لە پرۆژەکە، ئەو وڵاتانەی زیانی زیاتریان بەرکەوتووە، پارەی زیاتریان بۆ تەرخانکراوە. بۆ نموونە، ئیسپانیا و ئیتاڵیا، بەهۆی کاریگەری زۆری کۆرۆنا لەسەریان، هاوکاری زیاتر دەکرێن.
بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، جیا لە داخستنی سنوور و فڕۆکەخانەکان و نەمانی گەشتیار و داخستنی دوکان و بازاڕەکان، کەرتی تەندروستی هەندێک وڵاتی ئەوروپا زیانی زۆری بەرکەوت، بەڵام ئەوروپییەکان دواجار بڕیاریاندا هەموو پێکەوە ئەو قەیرانە تێپەڕێنن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق