سالار مەحمود
-
مێژووی کورد پڕە لە چیرۆکە جیاجیاکانی زیندان،
مرۆڤی ی کورد لەسەر خاکی خۆی، لەناو شاری خۆی زیندانی کراوە. براوەتە مەنفا زیندانی کراوە. دوورخراوەتە بۆ جەزیرەو سەحراکان و قەڵا دورە دەستەکان لەوێ زیندانی کراوە.
ئەگەر ناودارترین زیندانەکانی مێژوو ناوبێنین وەک زیندانی تەدمور، لاسانتی، ئاوشڤێتز، کارەدیرۆ. ئەوا زیندانی دیاربەکرو نوگرەسەلمان و ئەبوغرێب و زیندانی موسڵ. لە ترسناکترین و هاوشێوەی زیندانە تاریکەکانی جیهانن. چیرۆکەکانی کوردو کوردستان بە هونەرو دەنگ و شیعرو نەخشاندن و ئازار و ئاوازی ئازادی تۆمارکراون.
کورد دونیایەک دەستنوس و تابلۆو یاداشت و سەربردەی تاڵی زیندانی هەیە.
زیندان لەو وڵاتانەی کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە شوێن و وێستگەی دابڕین و لێ سەندنەوەی ئازادی و دابڕان لە دونیای دەرەوەی مرۆڤی کورد بووە. بەئامانجی تێکشکاندن و فەوتاندن و داماڵین لەکەسایەتی و مرۆڤ بوون.
لەوەتەی مرۆڤ هەیە، تێکۆشان بەدوای ئازادیدا هەبوەو هاوتەریب زیندان هەبوە. مرۆڤی کورد هێشتا لەناو بێدەرەتانی ئەو چارەنووسەدایە. بەهەموو شێوەکانیەوە، زیندانی بەکۆمەڵ و زیندانی تاک. کورد جگە لەچەشتن و تاقیکردنەوەی هەموو جۆرەکانی زیندانیکردن. بێ جێی نابێ بڵێم لەوەتەی کورد هەیە زیندان هەیە و گەلەکۆمەی لێ سەندنەوەی ئازادی لەکورد هەیە!. هەر بۆیە لە ئەدەبیاتی کوردیدا زیندان پانتاییەکی بەرینی گرتوە. لەمێژووی رزگاری نیشتمانیدا زیندان سەنگەرێکی ترە، لە چیرۆکەکانی تاواندا زیندان تارکترین مۆڵگەی رووناکی کوژو ئازادی خنکێنە.
لە جیهاندا نوسین و رۆمان و چیرۆکەکانی زیندان زۆرن، هەڵبژاردەی نامەکانی زیندانی گرامشی، زیندانیەکی بێ ناوی ماندێلا. بیرەوەریەکانی ژنێکی زیندانی نەوال سەعداوی. لای شاعیران و نوسەرانی کوردیش دەق و باس و خواستی زیندان زۆرن.
گۆرانی شاعیر لەبارەی زیندانەوە دەڵێ(
ئەی دەنگی دوور
بەئاستەمێک ئەگەیتە ژوور
ئاخۆ سپیت یا رەش یا سور
وەرە پێشتر
وەک چۆن ئاو ئەڕژێتە ناو ئاگر
لە ڕێی گوێوە بڕژێرە، گیان
زیندانم پڕ کە لە کۆڵدان.
شەهید مەلا عەلی لە بەشی سێدارەی زیندانی موسڵەوە بەکوردیەکی رەوان چارەنووس و بەرگرینامەو حاڵی زیندان دەهۆنێتەوە"
مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بە سەد ژین
ژینێک سەرم بۆ دوژمن بێ بە پەرژین
سەربەرزییە کە پێڵاوم ئەبینن
بەسەر سەری دوژمنەوە لە بەرزین..
...........
برا دوورو خزم دوورو کەسم دوور ..
بەنابەڵەند تەمەن ئەمبا بەرەو ژوور
بەڵام ڕونە بەرەو سێدارە جونە ..
خەنەی خوێنم لە پێگرێ ئاڵای سوور.
دیلان و کاکەی فەلاح و شێرکۆ بێکەس دەق و وێنەی شیعری دانسقەیان لەبارەی زیندان و مەنفاوە هەیە.
ئەم بەرکوڵەی بەگشتی ئاماژەم پێکردن بۆ چوونە ناو باس و خواسی سەلاحەین دەمیرتاشە لە زیندان.
زیندانیکردنی ئەو لاوە هەڵکەتوەی کورد لە تورکیا، ئاماژەیە بۆ زیندانیکردنی نەتەوەیەک بەهەموو ژانەرەکانیەوە. ئەوی سیاسەتوان و چیرۆکنوس و دەنگبێژو موزیکژەن و تابلۆکێش.
مرۆڤی ئازادیخواز دەتوانێ زیندان بکاتە گۆشەی داهێنان وەک چۆن بەو پرۆسەیەدا دەمیرتاش دەڕواو کۆمەڵە چیرۆکێکی لە دوو توێی ( سەحەر) و ( دەوران) دا نوسیەوەو چەن تابلۆیەکی نەخشاندوەو وا رۆمانی (لەیلا)ش تەواو دەکات. دەمیرتاش کوردی زازا، لە زیندانەوە خۆی فێری نوسین بە کرمانجی کردوە.
ئەو لەسەر پەیامی ئاشتی و هاوبەشی گەلان لەژیان بەردەوامە. داکۆکی لە مافی گەلەکەی دەکات.
دەمیرتاش بەمانا (نوێنەری گەل) پەرلەمانتارو خاوەن ناسنامەی گەلێکی ئازادیخوازە. بەڵام دونیای سەرمایەداری چاوی کوێرەو گوێی کەڕە لە فوغانی کوردو جاڕنامەی مافی مرۆڤ درێژترین درۆی نوسراوی سەر ئەم زەمینەیە.
بۆ هیچ تاکێکی کوردێک لە هەر پێگەو جێ و سەر زەمینێکیشدا بێ دەتوانێ و بەهانەیەک نییە بۆ دواخستنی خەباتی نیشتمانی. ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیی کورد دواخستن هەڵناگرێت. ئەگەر نەتەوە پەروەریی بۆ نەتەوەکانی دونیا رەوابێ ئەوا بۆ کوردی مافزەوتکراو ستەملێکراو ئەرکە، وەک فەرزی ئاینی و وەک هەواو ئاوو نان بۆ مرۆڤ.
دەمیرتاش ئیلهام بەخشە، مرۆڤی کورد دەبێ سەرباری نادادی خۆیی و بێباکی زۆرێک بەناو سەرکردەی بنکردە.
لە تاریکترین ساتەوەختەکاندا لە دەست و پێی قوڵفدراوەوە حەتمیەتی مێژوو لە بیر نەکات کە راستی هەر سەرکەشانە جێی خۆی دەگرێ و ستەمیش لەئەستوربونی خۆیدا دەپچڕێ.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق