رۆژی ١١ی حوزەیران گەڕی یەکەمی گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ پێداچوونەوە و رێکخستنی پەیوەندییە هەمە لایەنەکانی نێوانیان دەستیپێکرد، بڕیارە بەشێک لە گفتوگۆکان لە ئەمریکا بەڕێوەبچن و خودی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بەشداری تێدا بکات، عێراقییەکان چاویان لەوەیە شاندی وڵاتەکەیان گفتوگۆکان لە بەرژەوەندی عێراق کۆتایی پێبهێنێت.
گەڕی یەکەم
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، گەڕی یەکەمی گفتوگۆکان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجام درا، جێگرانی وەزیری دەرەوەی هەردوو وڵات سەرپەرشتیان کرد، بەشێک لە شارەزایانی هەردوولا بەشدارییان تێدا کردووە و باس لە بنەما سەرەکییەکانی گفتوگۆکان کراوە.
ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی بێت چاوەڕوان دەکرێت گەڕی دووەمی گفتوگۆکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت و مستافا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش خۆی سەرپەرشتی شاندی عێراقیی بکات.
تەوەرەکان
لە گەڕی یەکەمدا چەند بابەتێک گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، کە گرنگترینیان دۆخی ئابووریی و دارایی عێراق، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڕەشەی چەکدارانی داعش لەسەر هێزەکانی ئەمریکا.
عێراقییەکان بە ئەمریکییەکانیان وتووە، ئەوان دەیانەوێت زیاتر سەربەخۆ بن بەتایبەت لەبواری وزەدا و لە پەیوەستی بە ئێران دووربکەونەوە، ئەمریکییەکان بەم هەڵوێستەی عێراق خۆشحاڵ بوون و بەڵێنیان داوە هاوکاری عێراقییەکان بکەن.
رەوشی سیاسیی و مافەکانی مرۆڤ لە عێراق گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختیش کراوە کە یەکێکە لە بەڵێنە دیارەکانی کابینەکەی مستەفا کازمی، ئەمریکییەکانیش جەختیان لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کردووەتەوە و داوایان کردووە تۆمەتبارانی کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی عێراق سزا بدرێن.
بابەتی کەلتوری و خوێندن بەشێکی گرنگی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا بووە، عێراقییەکان داوایان لە ئەمریکا کردووە ئەو شوێنەوارانەی لە عێراقەوە براونەتە ئەمریکا بگەڕێنرێنەوە و ئەمریکا گرنگی زیاتر بە پێدانی هەلی خوێندن بە خوێندکارە عێراقییەکان بدات.
سەربازە ئەمریکییەکان
لەگەڵ ئەوەی زۆر لایەن پێیان وایە بابەت و ئامانجی گفتوگۆکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن تەنها باسکردنی مانەوە و نەمانەوەی سەربازە ئەمریککیەکانە، بەڵام ئەم بابەتە تەنها یەکێکە لە تەوەرەکانی ئەم گفتوگۆیانە نەک هەمووی.
حارس حەسەن ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاندبوو، هەڵە تێگەیشتن هەیە کە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و عێراق تەنها بۆ پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە، بەڵام وەها نییە، بەڵکو دانوستانەکان پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا لە هەموو بوارەکاندا تاوتوێ دەکات.
ئەو گروپە چەکدارانەی کە سەر بە ئێرانن یان دژی هێزە بیانییەکانن، بە ئومێدەوە لە گفتوگۆکان دەڕوانن، بە هیوان یەکێک لە ئەنجامەکانی ئەم گفتوگۆیانە کۆتاییهێنان بێت بە بوونی هێزە ئەمریکییەکان و هێزە بیانییەکانی دیکە لەسەر خاکی عێراق.
سەربازە ئەمریکییەکان دەمێننەوە؟
لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە حزب و لایەنە عێراقییەکان بەردەوام داوای دەرکردنی هێزە بیانییەکان دەکەن، بەڵام حکومەتی عێراقیی، حزبەکان، لایەنە بەرهەڵستکارەکان و سەرجەم گروپە چەکدارەکانیش دەزانن کە عێراق بەبێ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان ناتوانن بەرگری لە عێراق بکەن و لە هەرکاتیکدا دەکرێت رێکخراوی داعش ئەزموونی ٢٠١٤ دووبارە بکاتەوە.
لە سەرەتای ئەمساڵ کاتێک هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر چەکدارانی داعش راگرت، ئەو رێکخراوە بە تەواوی بەهێزبووەوە و زیانێکی زۆری لە خەڵکی مەدەنیی و هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش دا، بۆیە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان داواکاریی شاندی عێراقیش نەبێت، ئەوان بە خۆشحاڵییەوە پەسەندی دەکەن.
فشاری سەر شاندەکە
گەڕی یەکەمی گفتوگۆکان کۆتاییان پێهات، بەڵام شاندەکەی عێراق لە ئەرکێکی قورسدا بوون، چونکە لەلایەک گفتوگۆکان لەگەڵ وڵاتیکی گەورە و بەهێزی وەک ئەمریکادایە و لە لایەکی دیکەوە شاندەکە لەژێر فشارێکی زۆری لایەنە جیاوازەکانی عێراقدان.
شاندەکە لەژێر فشاردان لە دوو لایەنەوە، بەشێک لە شیعەکان، گروپە چەکدارەکان و لایەنەکان داوا فشار لە ئەندامانی شاندەکە دەکەن کە بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق قایل نەبن، لە بەرامبەردا کورد، بەشێک لە شیعە و سونەکان داوا لە شاندەکە دەکەن هەوڵ بدەن هێزەکانی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژتر لە عێراق بمێننەوە.
ئەمە جگە لەوەی فشارەکان زۆرن لەسەر ئەوەی بەشێک لە ئەندامانی شاندەکە بگۆڕدرێن و کەسانی نوێ بخرێنە لیستی شاندی گفتوگۆکانەوە، هەر لایەنێکیش هەوڵ دەدات کەسانی نزیک لە خۆی دابنێت.
قایلکردنی گروپە چەکدارەکان
ئەمریکا دەزانێت عێراق لەژێر فشاری ئێران و گروپە چەکدارەکانیشدایە، لەبەرئەوە نایەوێت گفتوگۆکان ببن بە گرفت بۆ حکومەتەکەی مستەفا کازمی، بۆیە لە بەیاننامەی کۆتایی گەڕی یەکەمی گفتوگۆکان ئاماژە بەوە دراوە کە "ئیدارەی ئەمریکا هەوڵ دەدات ژمارەی هێزەکانی خۆی لە عیراق کەمبکاتەوە."
ئەم بەیاننامەیە بۆ قایلکردنی گروپە چەکدارەکان و ئارامکردنەوەیان بووە، ئەگەر نا ئەمریکا و عێراقیش دەزانن کە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا چەند پێویستن بۆ دۆخی ئەمنیی عێراق و پاراستنی لە هێرشی گروپە چەکدارەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا ماندووبوونی ئێران لەژێر سزاکانی ئەمریکا، لاوازبوونی گروپە چەکدارەکان و مکوڕی حکومەتەکەی کازمی لەسەر لاوازکردنی ئەم گروپانە، هاوکاری شاندەکەی عێراق دەکەن زیاتر دەستکراوە و سەربەخۆ بن، بەتایبەت لە دوای هەڵمەتی دەستگیرکردنی چەکدارانی حزبوڵا لە بەغداد.
عێراقێکی بەهێز و ئێرانێکی لاواز
ئەمریکا لە ئێستادا هەستی بە لاوازبوونی ئێران لە ناوخۆ و عێراقیش کردووە، بەڵام واشنتۆن باش دەزانێت ئێران بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە نادات و مەیدانەکە چۆڵ ناکات، بەتایبەت کە هێشتا تاران لە بەغداد قسەکەری سەرەکیش نەبێت، دووەم قسەکەری عێراقە و هەموو بڕیارەکان بە تاراندا تێدەپەڕن.
ئەمریکا کە دەیەوێت ئێران لاوازتر بێت، لانی کەم لە عێراق، هەوڵ دەدات حکومەتی عیراق بەهێز بکات و هاوکاری کازمی بکات، چونکە بەبێ بوونی حکومەتێکی بەهێز و سەربەخۆ لە بەغداد زەحمەتە ئەمریکا دەستی ئێران لە عێراق ببڕێت.
گفتوگۆکان لە بەرژەوەندی کێ تەواو دەبن؟
لەبەرئەوەی کە گفتوگۆکان بەردەوام دەبن، دۆخی عێراق سەقامگیر نییە، گروپە چەکدارەکان و رێکخراوی داعش هەڕەشەی هەمیشەیین لەسەر عێراق، ئێران نایەوێت دەست لە عێراق هەڵبگرێت، بۆیە روون نییە کاتی گفتوگۆکان چەند دەخایەنن و چۆن بەڕێوەدەچن.
ئەوەی روونە مستەفا کازمی دەیەوێت دەرئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە بکات بە دەستکەوتێک بۆ کابینەکەی و بە سەرکەوتووی لێیان بێتە دەرەوە، ئەمریکاش بۆ دروستکردنی عێراقێکی بەهێز و دوور لە ئێران هاوکاری بەغداد دەکات، بۆیە ئەگەر هەیە گفتوگۆکان بە دڵی عێراق کۆتاییان بێت و ئەمریکاش ئامانجەکانی خۆی بەدیبهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران بەردەوام دەبێت لە فشارەکانی تاکو ئەنجامی گفتوگۆکان زیانی گەوەی لێنەدەن.
پەیسەر پرێس
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق