ئەو دوو پیاوەی بە بۆردوومانی فڕۆکەی تورکیا لە سنووری بامەڕنێ کوژران پەکەکە نەبوون و گوندنشینی ناوچەکەن.
یەکێک لەو دوو کەسەی کوژراوە ناوی عەبدوڵڵا ئەحمەدە و 42 ساڵە، خەڵکی گوندی بەندایە و پۆلیسی بنکەی پۆلیسی مانگێشکێ بووە و پێنج منداڵی دوای خۆی جێهێشتووە.
محەممەد عەبدوڵڵا، کوڕی عەبدوڵڵا ئەحمەدە رایگەیاند، "بە تەما بووم باوکم بێتەوە و لەگەڵ خۆیدا بمانبات جلوبەرگی جەژنمان بۆ بکڕێت، بەڵام ئاوای لێ بەسەر هات. هیوادارم مافمان ون نەبێت".
مەسعوود عەبدوڵڵا، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "راستییەکەی ئەو شوێنەی عەبدوڵڵای لێ شەهید کراوە شوێنێکی وانەبوو کە بڵێی مەترسیدار بێت تاوەک بڵێین نابێت لەو شوێنە نزیک ببینەوە".
دلۆڤان شاهینی 29 ساڵ کە باوکی دوو منداڵ بوو و خەڵکی گوندی کەشانێی زاخۆ بوو، لە رێگەی سەردانی ماڵی خەسوویدا بوو کە لە شارۆچکەی سەرسنکە و لە هەمان سات و شوێندا لەگەڵ عەبدوڵڵا بەر بۆردوومانەکە کەوتووە.
شاهین عومەر، باوکی دلۆڤان رایگەیاند، "تەلەفۆنمان بۆ کرد، بۆی نەچوو. چووینە گوندی هەسن پیرک هەواڵێک بزانین، یەکێک لەوێ گوتی دوو ئۆتۆمبێل لەسەر رێگاکەن و خەڵکیان تێدا کوژراوە".
ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە و دوو هاونیشتمانییەکەی تێدا بەرکەوتوون دەکەوێتە بناری چیای مەتین و نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە شارۆچکەی بامەڕنێوە دوورە.
حەمید زوبێر، بەڕێوەبەری ناحیەی بامەڕنێ بە ڕووداوی راگەیاند، "ئێمە ئەو بۆردوومانانە شەرمەزار دەکەین. بامەڕنێ نزیکی سنوور نییە و چیای مەتینیش بارەگای پەکەکەی لێ نییە".
سوپای تورکیا لە 15ی مانگی رابردووەوە ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەڵۆ و لە 17ی هەمان مانگدا ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگی لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا شەش هاونیشتمانیی سنووری پارێزگای دهۆک شەهید بوون.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق