سەرۆك و جێگر; كەستان لێرە دەوەستێ؟

ليست هناك تعليقات


عوسمان گوڵپی 
-
گەرمە و پلەی گەرمی سەرو چلە، پیاو ژنانێك دەبینی لە بن دیواری بینایەك كە ناویان لێ ناوە بانك یان شوێنی دابەشكردنی مووچە، وەستاون و بەڕیز سەرەیان گرتوە، بۆ مووچەی كەی؟ مووچەی ساڵێك پێشتر، هی چی؟ مووچەی خانەنشینی، بۆ كێ؟ پیاوێك یان ژنێكی خانەنشین، واتە سەرو ٦٢ ساڵ….

ئەبێ چەند سعات لێرە بوەستن؟ ئایا ئەمڕۆ سەرەیان دێت و وەریبگرن یان نا؟ مووچەكەش هێندە نیە، دووسەد هەزارێك 
زیاتر یان كەمتر...

ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، دابەشكردنی مووچە و میكانیزم و بە سیستمكردنی، چ هونەرێكی تێدایە؟ كە نەتانكردوە، یانی بچوكترین نمونەی شكستخواردن، ئەوە نە دەوڵەتی سەربەخۆیە تا گەلەكۆمەكێی وڵاتانمان لەسەر بێت و نە نەوتی كەركوكە چاوی چەندین وڵاتی لەسەر بێت و نە پرۆژەی سەد مەتری سلێمانیە تا ملیارانی بوێ، تەنها عەقڵێكی ئیداری دەوێ، تەنها دڵسۆزی و سەلیقەی حكومڕانی پێویستە، چاودێری و لێپرسینەوەی گەرەكە، بەداخەوە و هەزار جار بەداخەوە كە تا ئێستا نەمان بووە...

من ئەوەی بینیم سلێمانیە، كە پایتەختی ڕۆشنبیریە، سلێمانی واتە ئیدارەدانی یەكیەتی، ئێستا نوێنەری ناوچەی سەوز جێگری سەرۆكی حكومەتە كە قوباد تاڵەبانیە، ڕووكردنە ئەو واتە ڕووكردنە تەواوی بەرپرسان ( وەنەبێ حاڵی ناوچەی زەرد زۆر باشبێ)
 كاك قوباد پێم خۆشە بزانم كێ لە كەسوكاری تۆ ڕوودەكاتە شوێنی وەرگرتنی مووچە و لەبەر تیشكی خۆر لە ڕیزدا دەوەستێت، كێ لە بنەماڵەكەت لە ناو ئەو ژن و پیاوانەدا وەستاوە بۆ موچە و تەمەنی سەروو شەست ساڵە؟ ئەسڵەن ئەوەش نا! كەستان هەیە موچەكەی ٢٠٠ هەزاربێ؟  تۆ ئەزانی دایكێكی ماندووی ئەم وڵاتە بەتەمەنی سەرو ٦٠ ساڵ و دەیان نەخۆشی و سەوەفانی ئەژنۆوە لە ژێر پلەی گەرمی چلدا و لەبەر خۆر و لەناو تەپوتۆزی سەرجادەكاندا بەچەند سە عات وەستان چ ئازارێكی هەیە؟ تۆ ئەزانی ئەوە بێ نرخكردنی مرۆڤە؟  تۆ ئەزانی ئەوە بەسوك سەیركردنی بەتەمەنەكانی ئەم وڵاتەیە؟ كە ئەبێ ڕێزیان بگرین، نەك بۆ وەرگرتنی موچەیەكی كەم بێڕێزیان پێ بكرێت...

ئێوە لە بێنرخكردنی خەڵك بەرپرسن، لە هەژاری و بێ موچەیی و بێ نانی و نەبوونی كرێی خەڵك بەرپرسن، ئەرێ بەراست تاكەی هەست بەبەرپرسیارێتی ناكەن؟ ئێوە وائەزانن كە حكومڕانی بریتینیە لە پێدانی زەوی تیجاری و سەكەنی بە كۆمپانیا نزیكەكانتان، حكومڕانی تەنها قسەكردن و مقەست هەڵگرتن نیە بۆ ئیفتیتاحی شتانێك كە دواجار بەرپرسەكان سودمەنددەبن، تەنها دانانی بەردی بناغە نیە بۆ ئەو پرۆژانەی بەتەنیشتیەوە سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ بەرپرسەكانە، حكومڕانیەك هاوڵاتیان لە پاڵیدا خۆشگوزەران نەبن و هەژارەكان سودمەند نەبن، هەمووشتێكە حكومرانی نەبێ،  نە بەرپرسیارێتی ئاوایە و نەحكومڕانی و نە سیاسەت...

باوەڕ بكەن ئەوەی ئێوە دەیكەن لە هەردوو ئیدارەكە، ناچێتە نێو هیچ جۆرە ئیدارەدانێكەوە، ئەم حكومڕانی و دەوڵەتداریە هیچ پێناسەیەك نایگرێتەوە، نە ئیشتراكیە و نە دیموكراسی و نە سۆسیالیستی و نەسەرمایەداری و نەهیچ شتێك، تەنها یەك پێناسە هەڵدەگرێ، ئەویش (حكومڕانیە هەر بە هەوەس)....

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif