ڕەئوف محمد ئالانی
-
هەمو پلان و بەرنامەیەك كات و زەمەنی زێڕینی خۆی هەیە تا بەبەرهەم بێت و بكرێتە كردار، چەند ساڵێكە بە دیاریكراویش، دوای سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لەناو كایەی سیاسی و دامەزراوەی پەرلەمانی باشوری كوردستان، بەدیاریكراویش هاتنە مەیدانی بزوتنەوەی گۆڕان، چەند وشەو چەمكێك كرانە دروشمی سیاسی و گوتاری راگەیاندنەكان،یەكێك لەوانە دژایەتیكردنی گەندەڵی و ئەنجامدانى چاكسازی بو.
پێش ساڵی (2009) دەسەڵاتی دوحیزبی حوكمڕان هیچ كات دانیان نەناوە بەبونی دەردی كوشندەی گەندەڵی و نادادی لەشێوازی بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمە، هۆكارەكەشی دیار و رونە، چونكە ئەوان فاكتەری گەشەپێدانی گەندەڵی بون، لای دەسەڵاتە تاكڕەو و پاوانخوازەكانی مێژوی جیهان ئەوە سەلمێنراوە، هیچ كات ئەوحوكمڕانانە دانیان بەخراپە و شكستەكانیاندا نەناوە، تا گەیشتوەتە كارەسات و خۆیان لەناوچون و بۆ خەڵكیش بەشمەینەتی جێماوە .
خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و بەباڵابڕینی دەسكەوتە مادییەكان و جیاكاری بۆبەرژەوەندی بەرپرسان و بێبەشكردنی خەڵك لە داهات و سامانی نیشتمانی، ئەوەش بە گەندەڵی ناسراوە، لەبەرئەوەی نەخۆشیەك هەیە و دیاری كراوە كە گەندەڵیە، پێویستی بەچارەسەر هەیە كە تاكە دەرمانیش چاكسازیە، بەڵام وەك (هینری فۆرد) ئاماژە بە بەكردەیی كردنی ئەو كارە دەكات و پێویستی بە كارو پلانی باش هەیە بۆیە دەڵێت: ژیان كورتە، ئەوەی لەسەرتە ناشیرینیەكان جوانتر بكەی.
لە روانگەی بینینی ژیانی كۆمەڵگەكەمان و هەستكردن بە بونی دەلاقەیەكی گەورەی گەندەڵی لەبینای ئەم هەرێمەدا، ئەوەی پێویستە كاری لەسەر بكرێت، پەیڕەوكردنی پڕۆژەی چاكسازیە، تا ئەو ناشیرینیەى هەیە بگۆڕێن بەجوانتر و باشتركردنی ژیان .
هەنگاوەكانی چاكسازی پێویستە خێراتر بكرێن تا كۆمەڵگەكەمان ئاهێك بەجەستەی شەكەتكراویدا بێتەوە، دەستپێكی چاكسازی لەم خاڵانەوە دەست پێبكات :
1- كەمكردنەوەی موچەی پلەباڵاكان بۆئاستی ناوەند
2- نەمانی خانەنشینی پەرلەمانتاران، بە هاوتاكردنی لەگەڵ ناوەند بە یاسا نەك سەرپشككردن
3- حیزبەكان واز لە بازرگانی و پاوانخوازی بێنن
4- بێلایەن كردن و دەست وەرنەدان لە دەسەڵاتی دادوەری
5- داماڵینی حیزب لەچەكدار و بەنیشتمانی كردنی هێزی پێشمەرگە
6- رۆڵی وەزارەتەكان دیاری بكرێت و بەپلان كار لە دژایەتی كردنی گەندەڵی بكەن
7- لیژنەیەكی باڵا یان دەستەیەک بۆ بەدواداچونی چاكسازی دروست بكرێت
8- شەفافكردنی سەرجەم داهاتەكانی هەرێم
9- مانگانە بە رونی خەرجی و داهاتی هەرێم بۆ خەڵك رون بكرێتەوە
10- وەرگرتنەوەی ئەوقەرزانەی لای كۆمپاناكانە
11- لەهیچ كاتێكدا دەست نەبرێت بۆ بڕین یان پاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەران
12- هۆكارەكانی رێكنەكەوتنی هەرێم و بەغدا رون بكرێتەوە
13- بڕینی موچەی ئەوانەی حیزب دایمەزراندون، دەكرێ حیزب موچەیان بۆدابین بكات و نەبنە بارگرانی بەسەر بودجەی گشتی
ئەمانەی بەخاڵ دیاریمان كردون بەشێكن لەو هەنگاوانەی چاكسازی و جوانترو باشكردنی ژیانی خەڵك و دابینكردنی ئومێد لەدڵی تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردیدا.
ئەركی ئەم كابینەیە ئەوەیە كە پڕۆسەی چاكسازی ئەنجامبدات، چونكە لەسەر ئەو بەڵێنە كابینەكە پێكهاتوە، ڕاستە لەمپەر و رێگر زۆرن بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە، بەڵام خستنەڕێی چاكسازی ئەركێكی پیرۆزە و نەكردنی زیانی بۆ دەسەڵاتداران و كۆمەڵگەش هەیە، بەهیوام چاكسازی لە گوتارەوە بكرێتە كردار.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق