شاندێكی بەرگری عێراق سەردانی هەرێم دەكات

ليست هناك تعليقات

بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند ئەم هەفتەیە شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆدەبێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کاراکردنەوەی ناوەندە هاوبەشەکانی نێوانیان گفتوگۆ دەکەن.

لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی هەفتەی رابردوو لە بارەی هەماهەنگی و کاراکردنەوەی ناوەندە هاوبەشەکانی نێوانیان و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە".

هەرچەندە رۆژی سەردانەکەی شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، بەڵام فەریق جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاند: "لە دوایین کۆبوونەوەی رۆژی 2-7-2020ی شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەغدا، پێمانگووتبوون ئێمە ئامادەین بۆ کۆبوونەوە و چاوەڕوانی وەزارەتی بەرگریی عێراقین".

ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی پێشوودا رێککەوتن کراوە لەسەر کاراکردنی ناوەندەکانی کاری هاوبەش و لیژنەکانی هاوئاهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، هەروەها باس چۆنیەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە دژی داعش لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و پێکهێنانی هێزی هاوبەش یاخود هێزی بەرگریی هاوبەش کرا".

لەبارەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەی ئەمجارەش، جەبار یاوەر دەڵێت: "گفتوگۆ لەسەر سێ خاڵی سەرەکی دەکرێت یەکەم: دامەزراندنی ناوەندەکانی هاوئاهەنگی هاوبەش لە دیالە، کەرکووک، مەخموور و موسڵ، لەسەر ئەم خاڵە رێککەوتووین و تەنیا میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ماوە. دووەم: هێڵەکانی دابەشبوونی هێزەکان، بۆ ئەمەش 3 پێشنیار ئامادەکراون و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. سێیەم: کاراکردنی لیژنەکانی هەماهەنگی نێوان هەردوولا، لیژنە سەرەکییە باڵاکان کە دوو لیژنەن و یەکێکیان لە وەزارەتی پێشمەرگە و ئەوەی دیکەشیان لە وەزارەتی بەرگری عێراق پێکهاتووە، هەروەها لیژنە لاوەکییەکان کە ئەوانیش 5 لیژنەن لە سەڵاحەدین، مەخموور، دیالە، کەرکووک و موسڵ پێکهێندراون. بێجگە لەم سێ خاڵە داواش لە وەزارەتی بەرگری عێراق دەکەین کە مانگانە کۆبوونەوەی دیکە بەردەوام بێت".

ئەم کۆبوونەوەیە چوارەم کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبێت. پێشتر لە مانگی حوزەیرانی 2019 دوو کۆبوونەوە کران، دواتر کۆبوونەوەکان وەستان، رۆژی 2-7-2020یش شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی عێراق کۆبوونەوە.






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif